عەممار حەکیم: کەس مافی نییە تاکلایەنانە بڕیار بدات

ليست هناك تعليقات


سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە عێراق رایگەیاند، هەر رێکارێکی ئابووریی حکومەت قووتی خەڵکی و بژێویان لە بەرچاو نەگرێت، ئەوا بە تێکڕا رەتی دەکەنەوە و گوتیشی، کەس مافی ئەوەی نییە تاکلایەنانە بڕیارێک بدات سەروەری و دامەزراوەکانی عێراق لاواز بکات.

رۆژی هەینی 2021/02/12 عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە عێراق لە گوتارێکدا لە گۆڕەپانی خەلانی لە بەغدا بە بۆنەی رۆژی شەهید لە عێراق رایگەیاند: "بە قۆناخێکی پڕ لە مەترسی و ئاستەنگدا تێدەپەڕین. دۆخەکەش ئیدی سازش و یاری هەڵناگرێت، بۆیە دەبێت زۆر بە راشکاوی و روونی بدوێین."

سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە عێراق باسی لەوە کرد: "هەر رێکارێکی ئابووریی حکومەت قووتی خەڵکی و بژێویان لە بەرچاو نەگرێت، ئەوا بە تێکڕا رەتی دەکەینەوە؛ دەبێت حکومەت لە گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایش و سەروەریی عێراق هەمووان دڵنیا بکاتەوە. هاوکات بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری پەرلەمان تایبەت بە کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق بکات."

عەممار حەکیم گوتی: "داواکارین ئەو رێکارانەی کە پەیوەندیدارن بە سەروەریی عێراقەوە، تەنیا لە لایەن دامەزراوە فەرمییەکانەوە بگیرێنەبەر، چونکە کەس مافی ئەوەی نییە تاکلایەنانە بڕیارێک بدات سەروەری و دامەزراوەکانی عێراق لاواز بکات. هەروەها داوای نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری دەکەین. بۆ بەدیهێنانەوەی هاوسەنگی و هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ داوای بەشداربوونی فراوان و کارا و هۆشیارانە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەکەین."

عەممار حەکیم کە هاوکات رابەری فراکسیۆنی عێراقیونە لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە دا کە چاوەڕوانن ئیدارەی نوێی ئەمریکا لە دید و پرۆژەکانیدا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاواز بێت، "چونکە خێرا گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی و کوتوپڕ لابردنی سزاکان لەسەر گەلی ستەملێکراوی ئێران بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەکە پێویستن."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif