-
سه‌ركه‌وتنی "جۆبایدن" وه‌ك 46ـەمین سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا و كۆتایی هه‌ژموونی پڕ له كێشه‌و ئاریشه‌ی سه‌رۆك "ترەمپ" ده‌شێت ده‌ستكاریی زۆر هاوكێشه‌ی ورد و چه‌ندین په‌تای هه‌رێمی و ناوچه‌یی بكات به‌تایبەت وڵاته جه‌مسه‌رگیره توونده‌كانی وه‌ك توركیا و ئێران و عه‌ره‌بستانی سعودیی و سووریا و عێراق.
ده‌ستكاریكردنێك به‌تامی ریفۆرم و گۆڕانكاریی ریشه‌یی وه‌ك به‌هاری عه‌ره‌بی له بیركردنه‌وه و زیهنیه‌تی تۆتالیتاریی و ره‌فتاری هه‌ندێك ده‌وڵه‌ت كه بوونه‌ته سه‌رئێشه و له‌مپه‌ر، ئه‌م دهستكارییهش ره‌نگه به هێزێكی دیپلۆماسی نه‌رم و دوور له تووندوتیژیی و هێزی سه‌ربازیی و كه‌شتیگه‌لی جه‌نگی و ده‌نگی فرۆكه بێت، به‌واتایه‌كی دیکە، ره‌نگه تێزی نوێی دیموكراته‌كان و خودی جۆبایدن زیاتر كاركردن بێت به جووڵه‌ی نه‌رم و خێرا و رێگه‌خۆشكردن بۆ پێكدادانی گلادیاتۆره‌كان و به‌سه‌ریه‌كدا كێشانی خودی وڵاته بچوكه‌كان تا بزانرێت هێزی راسته‌قینه و رۆڵیان چییه و كامه‌یه.
به‌شێكی ئه‌و به‌ریه‌ككه‌وتنه میدیایی و جه‌نگه‌ی باڵوێزانی هه‌ردوو وڵاتی توركیا و ئێران لەناو خاكی هه‌رێمی كوردستان، ده‌شێت زاده‌ی ئه‌و سیاسه‌ت و گۆڕانه دراماتیكییانه بێت كه رووی له ناوچه‌كه كردووه و سهرلێدهركردنی مه‌حاڵه، به‌تایبه‌تی ئێران خۆی به خاوه‌نی عێراق ده‌زانێت و توركیا خۆی به خاوه‌نی سووریا و هه‌ردووكیشیان له بنەڕه‌تدا خاوه‌نی نین و گهمهكهری رووداوه‌كانن. خۆیان چه‌ندین كێشه‌ی ئابووریی و سیاسی و ناوخۆییان هه‌یه و ته‌نیا قه‌یرانه‌كانی خۆیان هه‌نارده ده‌كه‌ن بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنوور، ئێران له رێگه‌ی سوپای به‌در و سهرایاكان و فه‌یله‌ق و حه‌شدی شه‌عبی و توركیاش له رێگه‌ی چه‌كدارانی گرووپی توندئاژۆی ئیسلامی و ئۆپه‌راسیۆن و له‌شكركێشییه‌كانی بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی خۆی، به‌ڵام ئه‌م گه‌مه‌یه دەبێت كۆتاییه‌كی هه‌بێت.
به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسی و ئابوورییه‌كانی ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ی كه كوردیان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه له چاڵدێرانه‌وه تا په‌یماننامه‌كانی سایكس بیكۆ و میساقی سه‌عد ئاباد 1937- له كۆشكی سه‌عد ئاباد له تاران، هێشتا كۆتایی نه‌هاتبێت به‌تایبه‌تی له شه‌ڕ و ململانێی ئه‌تۆمی و په‌ره‌پێدانی ناوكی و كڕینی بنكه‌ی مووشه‌كی و مانۆڕە ئاوییه‌كان و دژایه‌تییه‌كانیان بۆ دۆزی كورد.
ده‌بێت ئه‌وه بزانین، توركیای سه‌رده‌می داد و گه‌شه‌پێدان و ئه‌ردۆغان و كۆماری ئیسلامی ئێرانی سه‌رده‌می ریفۆرمخوازان و پارێزگاران له ناوه‌ڕاستی ساڵی 2010 په‌یماننامه‌ی ناوەكی و پیتاندنی یۆرانیۆمی ئاست نزمیان واژۆكرد به به‌رچاوی ئه‌مریكا و وڵاتانی زلهێز و رێكخراوی ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمییه‌وه، په‌یماننامه‌كه له ساڵیادی واژۆی په‌یماننامه‌ی قه‌سری شیرین 1639 واژۆ كرا، واته گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رده‌م و خه‌یاڵدانی ئیمپراتۆرییه‌تی "عوسمانی و سه‌فه‌وی" بۆ دابه‌شكردنی كوردستان له‌و زه‌مه‌نه، هێشتا ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته به‌و زیهنییه‌ته‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كورد و دۆزه ره‌واكه‌ی ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌رگیز قۆناخ و سه‌رده‌مه‌كه رێگه‌نادات به دووباره‌كردنه‌وه‌ی سته‌مكارییه‌كان دژی كورد به‌تایبه‌تی ئه‌زموونه‌كانی حوكمڕانیی كوردی له باشوور و رۆژئاڤا.
له‌گه‌ڵ ئه‌م سهردەمە مێژووییه‌دا ئێران له زاری باڵیۆزهكهیهوه له هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك په‌یامێكی سیاسی و وه‌ڵامێك بۆ توركیا و لێدوانی باڵوێزهكهیان توركیای ئاگاداركرده‌وه به ناراسته‌وخۆ له هه‌ندێك دۆسیه، ئێران ناخوازێت توركیا وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی میحوه‌ریی و مه‌رجه‌عییه‌ت بۆ سوننه رادیكاڵ و میانڕه‌وه‌كان له ناوچه‌كه وه‌ك هاوشانی خۆی قبوڵ بكات، كه‌واته كێشه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به باڵاده‌ستیی گوتاری ئایدۆلۆژی ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌نده په‌یوه‌ندی به ئۆپه‌راسیۆنی گاره‌وه نییه كه ئێران به توركیا ده‌ڵێت، پێویسته ئه‌م له‌شكركێشییه رابگرن و بچنه ده‌ره‌وه له خاكی عێراق، واته رێزگرتن له سه‌روه‌ریی عێراق، له‌كاتێكدا هه‌ر خودی ئێران ده‌یان جار سه‌روه‌ریی عێراقی پێشێلكردووه و به‌رده‌وامیشه. راسته ئێران وه‌ك ئیمپراتۆرییه‌تێكی مه‌زهه‌بی گه‌وره خۆی به‌هاوشانی توركیا نازانێت، وه‌لێ ناشیه‌وێت حسابی بۆ نه‌كات به‌تایبه‌تی توركیا ده‌وڵه‌تی ستراتیژیی جه‌نگی و مێژووییه و سێیه‌م هێزی ناتۆشه له رووی ته‌كنه‌لۆژیای سه‌ربازییه‌وه، به‌ڵام ده‌یه‌وێت بزانێت توركیا چی ده‌كات، بۆ هاته گاره و زوو گەڕایه‌وه، ئامانج له‌و هاتنه چی بوو، یان هۆكاری پێدانی پێنج ملیار دۆلاری قه‌رز به حكومه‌ته‌كه‌ی مسته‌فا كازمی چی بوو له عیمران و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی موسڵ و ناوچه سوننییه‌كان، ئێران ده‌یه‌وێت ئه‌جێندای توركیا بزانێت و هیچ نه‌بێت بیهێنێته ده‌ره‌وه له بازنه‌ی سعودیه و كه‌نداوی عه‌ره‌بی و قه‌ته‌ر و رێكخراوه سوننییه مه‌زهه‌بگه‌راكان و به هاوپه‌یمانی خۆی بمێنێته‌وه.
كاتێك توركیا دوایین ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی خۆی به‌ناوی چڕنووكی هه‌ڵۆ له چیای گاره به‌پێی هه‌واڵده‌ری میدیاكان كۆتایی پێ هێنا، ناونانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ش به چڕنووكی هه‌ڵۆ له خۆوه نه‌بووه، به‌شێكی ئه‌و ناونانه بۆ زیره‌كی توركیا ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ره‌نگه بیه‌وێت هه‌م دڵی ئه‌مریكا بخاته‌وه جێگەی خۆی و بیرخه‌ره‌وه‌یه‌ك به ئه‌مریكییه‌كان بدات بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له سه‌رده‌می جۆ بایدن و هه‌م ئێرانیش له‌و دۆخه مێژووییه ئاگاداربكاته‌وه كه چڕنووكی هه‌ڵۆ چییه. چونكە ئۆپه‌راسیۆنی چڕنووكی هه‌ڵۆ بۆ یه‌كه‌مجار وه‌ك ئۆپه‌راسیۆنی هه‌واڵگریی، سوپای ئاسمانیی ئه‌مریكا به‌كاری هێنا له دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران له ساڵی 1980 له تاران بۆ ئازادكردنی دیپلۆماتكاره بارمتهكراوهكانی ناو باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی و دواتریش شكستی هێنا به كوژرانی هه‌شت سه‌ربازی ئه‌مریكی و تێكشكاندنی دوو فڕۆكه‌ی جه‌نگی.
پاشان ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییانه كه به پێشكه‌وتووترین چه‌ك و فرۆكه و ته‌كنه‌لۆژیای جه‌نگی بهڕێوەدهبرێت، دڕدۆنگی و به‌دگومانییه بۆ ئێرانییه‌كان، له‌كاتێكدا ئه‌وه زانراوه پێش ئۆپه‌راسیۆنه‌كه خولووسی ئاكار، وه‌زیری به‌رگریی توركیا هاته عێراق و هه‌رێمی كوردستان و وتی (عزم بلاده على "إنهاء الإرهاب" من خلال التعاون مع الحكومة المركزیة العراقیة وحكومة إقلیم كوردستان العراق) پاشان دوای ئه‌وه تیمێكی ئه‌مریكی به فڕۆكه‌ی تایبه‌ت سه‌ردانی قه‌ندیلیان كردووه و كۆبوونه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی كه‌جه‌كه (كۆما جڤاكێن كوردستان) به‌مه‌به‌ستی پێدانی ئۆفه‌رێك بۆ دانوستانی ئاشتی له‌نێوان ته‌ڤگه‌ریی كوردیی باكوور و ئه‌نقه‌ره و راگرتنی ده‌ستوه‌ردانه‌كانی په‌كه‌كه له شنگال و قوڵایی ستراتیژیی رۆژاڤا، بۆیه به‌و شێوه كورته‌ش كۆتایی به‌و ئۆپه‌راسیۆنه هات و ده‌كرێت خوێندنه‌وه‌ی دیكه‌ش هه‌ڵبگرێت و ئێران تێر ئاو نه‌بووبێت به‌م زانیارییانه و شتی تری بوێت له توركیا.
دوور نییه ئێرانیش هه‌مان ره‌فتار و له‌شكركێشی نمایش بكات ئه‌گه‌ر وه‌ك مانۆڕیش بێت، به‌ڵام له كۆتاییدا شه‌ڕه‌كه، شه‌ڕی هه‌ژموونگه‌ریی ئابووریی و ئایدۆلۆژیی ئایینییه و توركیا به‌نیازه سه‌ركردایه‌تیی بكات له ناوچه‌كه به قازانجی خۆی و هاوپه‌یمانه‌كانی و ئێرانیش هه‌موو شتێكی قبووڵ بێت به تۆپزیی ئه‌مه‌ی قبووڵ نییه.
هه‌روه‌ك بینیمان توركیا پێشتر هه‌نارده‌ی هێزه‌كانی خۆی كرد بۆ جه‌نگی (ئازه‌ربایجان و ئه‌رمینیا) و گرتنی هه‌رێمی ناگۆرنۆ قه‌ره‌باخ و چه‌ندین جاریش هاتووه بۆ قوڵایی خاكی سووریا و كه‌ناراوه‌كانی میسر و چه‌ند وڵاتێكی‌تر بۆ هه‌مان مه‌به‌ست. له‌كاتێكدا ناگۆرنۆ قه‌ره‌باخ له ساڵی 1994ـه‌وه نیمچه سه‌ربه‌خۆییه‌كی وه‌رگرتووه، به‌ڵام له چوارچێوه‌ی وڵاتی ئه‌رمینیادا مایه‌وه تاوەکو ساڵی 2020 و به پشتگیریی توركیا و ئازه‌ربایجان دیسان خرایه‌وه ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازیی ئازه‌ربایجانی هاوپه‌یمانی توركیا و ئه‌مه‌ش بۆ ئێران ره‌نگه جوڵه و قهڵهمڕهوییهكی مه‌ترسیدار بێت، دوای ئه‌وه لێدوان و به‌یته شیعرییه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان له نمایشێكی سه‌ربازیی له باكۆی پایته‌ختی ئازه‌ربایجان له مانگی 12-2020 له هه‌مبه‌ر بردنه‌وه‌ی ئه‌و جه‌نگه، كه باسی سنووره‌كانی توركیای گه‌وره و سه‌ربه‌خۆیی رووباری ئاراسی كرد له‌نێوان ئێران و ئازه‌ربایجان، دۆخه‌كه‌ی به‌ته‌واوی گه‌یانده لووتكه و ئێرانی باش توڕه‌كرد و به ده‌ستوه‌ردانی زانی له یه‌كپارچه‌یی خاكی فارسه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌و دوو وڵاته‌ی خسته حاڵه‌تی نائاساییه‌وه، تا گه‌یشته جه‌نگی بانگهێشتكاریی و لێپرسینه‌وه‌ی باڵیۆزانی هه‌ردوولا له ئه‌نقه‌ره‌و تاران و لێدوانی تووندی دژبه‌یه‌ك.
توركیا، كه جارناجارێك په‌نا ده‌باته به‌ر ئه‌و نازناوه رۆژئاواییانه بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی به مه‌به‌ستی سه‌رنج راكێشانی میدیای جیهانی و بانگێشتكردنیهتی بۆ دانوستان، چونكه ده‌یه‌وێت له‌و په‌راوێز و عوزله نێوده‌وڵه‌تییه ده‌رچێت و بێته‌ده‌ره‌وه، ئه‌گه‌رچی به‌م دواییانه به‌ته‌واویی خۆی خزاندووەته به‌ره‌ی كۆنسێررڤەتیڤی كه‌نداوی عه‌ره‌بی و گوتاره‌كانی ئیخوان موسلیمین و خه‌ریكی په‌ره‌پێدانی دیموكراسی و كرانه‌وه نییه وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی ده‌ستوور عه‌لمانی و میراتگری كۆماره‌كه‌ی مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك 1923-1938، كه كۆتایی به ته‌لیسمی خه‌لافه‌تی ئایینیی عوسمانییه‌كان هێنا و ده‌وڵه‌تی مۆدێرنی سێكولار و لائیكی په‌سندكرد و دامه‌زراند، به‌ڵكو خه‌ریكی گه‌مه‌ی دیكه‌یه.
ئه‌وه‌ی پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی ده‌سه‌ڵاتدار خهریكیهتی، ده‌ستكارییكردنی خه‌ریته‌ی سیاسی و قه‌ڵه‌مڕه‌ویی سه‌رده‌می ئهتاتوركیشه له‌سه‌ر حسابی ئابووریی توركیا كه خه‌ریكه به‌ته‌واوی دا ده‌ڕمێت و ههڵایسانێكی كوشنده‌ی هه‌یه، له سه‌روه‌ختی به‌ده‌سته‌وه‌بوونی شاره‌وانییه‌كانی ئیسته‌نبووڵ و ئه‌نقه‌ره و ئیزمیر و دواتر كۆنترۆڵی جومگه سه‌ره‌كییه‌كانی حوكمڕانی و سه‌ره‌تاكانی گه‌شانه‌وه‌ی ئه‌ردوگان له دوای بڵند ئه‌جه‌ویدو تانسۆچیلهرو ده‌نیز بایكال و پارتی نیشتیمانی دایك و پارتی گه‌ل، پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان، ته‌كنیك و تیۆره‌ی كرانه‌وه‌ی به‌كارهێنا وه‌ك دروشم و سیاسه‌تی چاره‌سه‌ریی كێشه‌ی كورد تا نه‌ورۆزی 2013 و سه‌رده‌می بیركردنه‌وه‌كانی ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ باش هێنای و به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر تیۆری ( سفركێشه) 2016 . ئیدی ئه‌مه وه‌ستاو جه‌نگ و ئۆپه‌راسیۆن و له‌شكركێشیه‌كان بۆ كۆبانێ و عه‌فرین و سه‌رێكانی و قوڵایی ناو سوریا درێژه‌ی كێشا نه‌با كورد ده‌ستی بگاته ده‌ریای ره‌ش.
ئه‌ردۆغان له سایه‌ی ئه‌و گوتاره ئایدۆلۆژییه ئایینییه و په‌ره‌پێدانی هه‌ستی سوننه‌گه‌رای دینی ته‌واو په‌یوه‌ندییه‌كانی له خۆی ئاڵۆزكرد، به پارته فه‌رمییه ناوخۆییه‌كانی توركیاشه‌وه وه‌ك هه‌ده‌په و جه‌هه‌په و گویلهنیهكان، په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ زۆر وڵاتی ئه‌وروپی و رۆژئاوایی و ته‌نانه‌ت ئه‌مریكا و وڵاتێكی وه‌كو عێراقیش له ئاڵۆزییدایه و به‌نیازی ئه‌وه‌یه خه‌لافه‌تێكی ئایینی چێ بكات وه‌ك شوێنگره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێكی وه‌كو عه‌ره‌بستانی سعودیی و مۆدێلێك له ئێرانێكی دیکە، ئه‌مه‌ش به پاڵپشتیی مۆدێلی سوننه‌گه‌رای رۆژهه‌ڵات و به سپۆنسه‌ریی ئیخوان موسلیمین و قه‌ته‌ر و رێكخراوی فه‌تح و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس و چه‌ندین رێكخراوی سوننی جیهانی، به‌ڵام ئه‌مریكا به‌و ئاسانییه ده‌ستبه‌رداری هه‌موو ئه‌و ستراتیژانه‌ی خۆی نابێت كه له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌تی و گرێدراوه به عه‌ره‌بستانی سعودی و عێراق و ته‌نانه‌ت كوردستانیشه‌وه (هه‌ولێر).
به كورتی توركیا خه‌ریكی پیشه‌سازیی جه‌نگیی و له‌شكركێشییه بۆ به‌ده‌ستهێنانی دوو پایه‌ی سه‌ره‌كی ده‌وڵه‌تی: یه‌كه‌میان گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئابووریی و به‌های لیره‌ی توركی و دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی و ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانییه‌تی له‌گه‌ڵ رۆژئاوا.
دووه‌م: فراوانخوازیی خه‌لافه‌تی ئایینی و مانه‌وه‌ی له‌ناو چوارچێوه‌ی ئه‌و پرۆژه مه‌زهه‌بییه‌دا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا سپۆنسه‌ری نه‌كات، ره‌نگه به‌ره‌و كۆتایی بڕوات و هاوكێشه‌كه له سه‌رده‌می جۆبایدن و دیموكراتخوازه نوێكانی ئه‌مریكا جیاوازبێت له سه‌رده‌می ترەمپ و زاواكان و جووڵه‌كانی ئاینده به‌دڵی ئه‌ردۆغان و قه‌ته‌ر و هه‌ندێك وڵاتی میحوه‌ریی دیکە نه‌بێت، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئێرانییه‌كان ئێستا ئۆفه‌ری باشتر پێشكه‌ش بكه‌ن و نه‌رمی بنوێنن له دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی و باشتر دانوستان بكه‌ن و ده‌ستبه‌رداری عێراق بن بۆ ئه‌مریكا وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا رۆژه‌ڤی گه‌رمه و ئێرانییهكانی مه‌رجه‌عیه‌تی قوم جیاوازن له‌و شیعانه‌ی ده‌وروبه‌ری نه‌جه‌ف و مه‌رجه‌عیه‌تی عێراق.
كه‌واته توركیا ده‌بێت ئاگاداری ئه‌و هه‌نگاوانه‌ش بێت و ریسك نه‌كات به ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی دیکەوە، بۆیه ته‌واوی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان هه‌ڵگری جۆرێك له گوتاری ئایینی و ئایدۆلۆژیی ناوچه‌یین و زیاتر له‌وه‌ی كه ستراتیژیی بن، دژی كورد، بۆ ئه‌وه‌یه مامه‌ڵه‌ی پێوه بكات و كڕیاری بۆ دروست بكات به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌وروپی له داهاتوودا.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق