وتەبێژی حکومەتی عێراق: گرێی سەرەکی لە بودجەدا پشکی هەرێمە

ليست هناك تعليقات

وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، گرێی سەرەکی لە پەسندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١دا پشکی هەرێمی کوردستانە و تاوەکو ئێستا لە پەرلەمان رێککەوتنی کۆتایی لەسەر نەکراوە.

حەسەن نازم، وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی هەفتانەی خۆیدا رایگەیاند، دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە بۆ رۆژی شەممەی داهاتوو دواخرا و ئەو دواخستنەش ئاماژەیە بەوەی گفتوگۆکان لەوبارەوە بەردەوامن.

وتیشی "لە چەندین کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا باسی ئەوەم کردووە کە گرێی سەرەکی لە پەسندکردنی بودجەدا پشکی هەرێمی کوردستانە و دواخستنی دەنگدان لەسەریشی ئاماژە و بەڵگەیە کە تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی لە بوارەوە."

حەسەن نازم هیوای خواست "ئەو قەیرانە کۆتایی بێت بۆ پەسندکردنی بودجە"، چونکە حکومەت دەیەوێت لە ژێر رۆشنایی یاسای بودجەدا کاربکات.

لەبارەی داواکارییەکانی تایبەت بە دەستکاریکردنی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار، وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، گۆڕانکاریکردن لە بەهای دۆلار بەرامبەر دینار گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، بەڵام "تاوەکو ئێستا ناتوانین باسی گۆڕانکارییەکی راستەقینە لەبارەی بەهای دۆلار بکەین؛ ئەمە تەنیا گفتوگۆیە".

حەسەن نازم ئەوەشی وتووە، دەستکاریکردنی زۆر لەو دەقی پرۆژە بودجەیەی حکومەت بۆ پەرلەمانی ناردووە رەنگدانەوەی لەسەر پلان و کارەکانی حکومەت دەبێت.

رۆژی هەینی ١٩-٣-٢٠٢١ شاندی هەرێمی کوردستان و لایەنە شیعەکان لەسەر دەقێکی هاوبەش رێککەوتن، بەڵام رۆژی دواتر لایەنە شیعەکان گۆڕانکارییان لە دەقی ماددەی ١١ـی پرۆژەیاسای بودجە کرد و چەند بڕگەیەکیان بۆ زیادکرد.

ئەو بڕگەیەی کە لایەنە شیعەکان لە پرۆژەیاسای بودجە جێگیریان کردبوو، تێیدا هاتووە، ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەند نەبێت بە رێککەوتنەکە ئەوا هیچ بودجەیەک لە عێراقەوە نانێردرێت. ئەو گۆڕانکارییانە وادەردەکەوت کە رێککەوتنەکە هەڵوەشابێتەوە بەڵام د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "هەڵوەشاندنەوە نییە، بەپێی یاسا رێککەوتن کراوە و واژۆکراوە و مۆری لیژنەی دارایی لێدراوە، ئەوەی کە ئەمڕۆ بەیانی گۆڕاوە ئێمە وەکو سەرۆکایەتیی پەرلەمان کاری پێناکەین"

ئەگەرچی بڕیاربوو رۆژی ٢٠-٣-٢٠٢١ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بکرێت، بەڵام دواتر کۆبوونەوەی پەرلەمان لەبارەی پەسندکردنی بودجەی ٢٠٢١ بۆ رۆژی شەممە ٢٧-٣-٢٠٢١دواخرا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif