ڕۆژی ١٧/٣/٢٠٢١ لە سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی، ژمارەیەك ڕێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی و كەسایەتی سیاسی و ڕۆژنامەنوس كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا و دەرئەنجامەكەی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا بۆ میدیاكان خرایە ڕوو كە تیایدا ناڕەزایی توند دەردەبڕن بەرامبەر بەو ململانێیەی كە بەتەواوی پێچەوانەی كەلتوری كۆمەڵگە و مافەكان و ئازادی تاكە
دەقی بەیاننامەكە
بەیاننامەی بەشێك لە ڕێكخراوەكان سەبارەت بە تیرۆری كەسایەتی لە هەرێمی كوردستان
بۆ/ حیزبە سیاسیەكانی هەرێمی کوردستان
ڕای گشتی
پڕۆسەی سیاسی و ئاڕاستە و ئەدای كاری حیزبی لە ئێستای هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی مەترسیدار و دژوار و پڕ ئاریشە تێدەپەڕێت، حیزبە دەسەڵاتدارەكان بە ئەندازەیەك كار دەكەن جگە لە لەباربردنی متمانەی هاوڵاتیان، ڕۆچوونەتە نێو ژیانی تاكەكەسی كەسایەتیەكانی ئەم هەرێمە و هەر ڕۆژە بەشێوازێك كەرامەت و شكۆی هاوڵاتیان لەكەدار دەكەن
دۆخی چەقبەستووی سیاسی و نەبوونی سەقامگیری ئابوری و بەردەوامی قەیرانەكان، هەموو پێوەر و بەها ئەخلاقیەكانی تێپەڕاندووە، حیزبی سیاسی بۆ مانەوەی بە هەموو جۆر و شێوازێك كار لەسەر تێكشكاندنی بنەما گشتی و تایبەتیەكانی مرۆڤ دەكات، بەرمەبنای ئەو هەوڵانە، ناسەقامگیری و شێواندن و تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگا و زیادكردنی كێشە و گرفتە كۆمەڵایتیەكان بەرهەم هێناوە
حیزبە سیاسیە حوكمڕانەكانی هەرێم سەرەڕای زەوتکردنی نان و ئازادی ھاوڵاتیانی بەشمەینەتی ئەم ھەرێمە، بە نامرۆڤانەترین شێوە دەستیان بردوە بۆ ژیانی تایبەتی تاکەکان و ھاوڵاتیان لە ماڵ و ژیانی خویان بە گومانن لە رەفتار و ژیانکردنیان.
تیرۆری كەسایەتی گەشتۆتە ئاستێك كە حیزبەكان بێ شەرمانە و لە پێكەی فەرمی و نافەرمیەوە بە ئاشكرا ژیانی تایبەتی تاكەكان بۆ خەڵك نمایش دەكەن و پیشانی منداڵ و گەنج و پیری ئەم هەرێمەی دەدەن
ئەگەر پێشتر تیرۆری فیزیكی و جەستەی بەكارهێنرابێت بۆ لەناوبردنی كەسێك، ئێستا لە كۆمەڵێك ڕێگەی نا تەندروست و نا شەرعی كار لەسەر تیرۆی كەسایەتی دەكرێت، نمونەش بۆ ئەم كارە، هەر لە دروستكردنی كەیس بۆ چالاكەوان و ڕۆژنامەنوس بگرە تا بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی كەسایەتیە سیاسیەكان بە میكانیزم و شێوازی نامرۆڤانە كاری لەسەر دەكرێت، كە ئەم ڕەفتارە، گەورەترین مەترسیە لەسەر ئێستا و ئایندەی تاك بەتاكی ئەم كۆمەڵگایە
بۆیە ئێمە وەك بەشێك لەو ڕێكخراوانەی ناومان لە خوارەوە هاتووە ئێدانە و سەركۆنەی هەر كار و ڕەفتارێكی پەیوەست بە دەستێوەردان و تێكەڵكردنی ململانێی سیاسی و حیزبی بە ژیانی تایبەتی هاوڵاتیان دەكەین، چونكە ئەوە جگە لە پێشێلكاری ماف و ئازادیە تایبەتیەكانی مرۆڤ، لە هەمان كاتیشدا دورە لە هەموو عورف و ئاكاری كۆمەڵگای كوردی، سەرباری ئەوەش نمایشكردنی ژیانی تایبەتی تاكەكان و لەكەداركردن و بێ ئەرزشكردنی مرۆڤ، زیاتر هاوڵاتیان ڕەشبین و بێ ئومێد و بێ متمانەتر دەكات لە ئایندەی پڕۆسەی سیاسی و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان
داوادەكەین حیزبی سیاسی پابەند بێت بە ئەخلاق و ئاكار و بەها باڵاكانی كاری سیاسی و ڕێز لە ئازادیە گشتی و تایبەتیەكانی مرۆڤ بگرێت و زیاتر هەوڵەكانی چڕبكاتەوە لە پێناو چارەسەری قەیرانەكان و دەستەبەركردنی خزمەتگوزاری شایستە لە ڕێگەی تیمی حكومەت، بەرقەراركردنی ئاشتی كۆمەڵایەتی ئەولەویەتی كارەكانی بێت.
بەشێك لە ڕێكخراوەكانی هەرێمی كوردستان
٢٠٢١/٣/١٧
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق