سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پەسندكردنی پرۆژەیاسای ئافرەتانی رزگاربووی ئێزدی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، "ئەوە هەنگاو و دەستپێكێكی گرنگە بۆ قەرەبووكردنەوەی خوشك و برایانی ئێزدیمان و دڵنیاییدان لە بایەخدان بە پاراستن و ژیانیان".
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسای ئافرەتانی رزگاربووی ئێزدی پەسندکرد. سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی هەموو فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق دەکات و داواش دەکات، "بە شێوەیەكی خێرا دهست بە جێبەجێكردنی هەموو خاڵەكانی ناو یاساكە بكرێت، چونكە بارودۆخی هەموو ئافرەتە رزگاربووە ئێزدییەكانمان و منداڵ و خێزانەكانیان پێویستی بە هاوكاريی خێرا و هەمەلایەنەیه".
لە پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی "خوشك و برایانی ئێزدی دووچاری كۆمەڵكوژییەكی زۆر گەورە و وەحشیگەرییەكی زۆر بوون بە رفاندنی ئافرەتان و منداڵانیان و كۆمەڵكوژكردنی پیاوەكانیان، سەرەڕای وێرانبوونی زۆربەی دەڤەری شنگال و دەربەدەربوونی زۆربەی خەڵكی ئێزدی كە بێگومان ئەوەش پێویستی بە ئاوڕدانەوە و بڕیاری زیاترە بۆ ئەوەی هەموو ئێزدی دڵنیابن كە دەتوانن بە دڵنیاییەوە بگەڕێنەوە ناوچەكانیان و دەستی ئاوەدانكردنەوە و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان دەگاتە ناوچەكەیان، هەنگاوی گرنگیش بۆ ئەو مەبەستە جێبەجێكردنی هەموو خاڵەكانی رێككەوتننامەی شنگالە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەوان لە رێگەی نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانى ئێزدييهوه توانیویانە تاوەکو ئێستا (3,545) ئافرەت و پیاو و منداڵی ئێزدی رزگار بكەن، "خوشك و برايانى ئێزدى دڵنيا دهكهينهوه كه وەك ئەركی خۆمان بە هەموو شێوەیەك بەردەوام دەبین بۆ رزگاركردن و ئاشكرابوونى چارهنووسى ئەو (2,768) ئێزدیەی تاوەکو ئێستاش ونن".
یاسای ئافرەتە ئێزدییە رزگاربووەکانی دەستی داعش
ماددەی 2
یەکەم: رزگاربووانی ئێزدی ئەو ژن و کچانە دەگرێتەوە کە لە دوای 10/6/2014 فرێندراون و لە دوای ئەو کاتە ئازادکراون.
دووەم: ژن و کچانی پێکهاتەکانی (تورکمانی، مەسیحی، شەبەک) کە رووبەڕووی هەمان تاوان بوونەتەوە.
سێیەم: رزگاربوونی منداڵانی ئێزدی و ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 18 ساڵە و رفێندراون.
چوارەم: رزگاربووانی ئێزدی، تورکمان و مەسیحی و شەبەک ئەوانەی لە پەلامارەکانی کوشتن و لەنێوبردنی بەکۆمەڵکوژی داعش بۆ سەر ناوچەکانیان.
ماددەی 3
بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی بۆ چاودێریکردنی رزگاربووان دادەمەزرێت، سەر بە ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت و بارەگاکەی لە پارێزگای نەینەوا دەبێت.
ماددەی چوارەم
ئامانجی ئەم یاسایە بریتییە لە:
یەکەم: قەرەبووکردنەوەی رزگاربووان لە رووی مادی و مەعنەوی
دووەم: سەرپێخستنەوە و چاودێریی رزگابووان
سێیەم: دابینکردنی ژیانێکی باش بۆ رزگاربووان
چوارەم: ئاوەدانکردنەوە و بوژاندنەوەی ژێرخانی ناوچەی رزگاربووان
پێنجەم: ئامادەکردنی میکانیزمی پێویست بۆ تێکەڵکردنەوەی رزگاربووان بە کۆمەڵگا
ماددەی 5
بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوە ئەم ئامانجانەی هەیە:
یەکەم: ئامار و ئامادەکردنی داتا لەبارەی ئەو ژن و کچانەی ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە.
دووەم: پێشکێشکردنی چاودێریی پێویست بۆ رزگابووان و ئەوانەی ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە.
سێیەم: هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ سەرجەم دام و دەزگا حکومییەکان و رێکخراو ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە پێناو پاڵپشتیکردن لە رزگاربووان.
چوارەم: دابینکردنی دەرفەتی خوێندنی تایبەت بە رزگاربووان.
پێنجەم: دابینکردنی دەرفەتی کار و خستنەسەرکاریان بۆئەوەی رزگاربووان لە ژیانێکی باشی ئابووری و کۆمەڵایەتی بژین.
شەشەم: کردنەوەی ناوەندی تەندروستی و ئامادەکردن و خستنەوە سەرپێی دەروونی و کارکردن بۆ کردنەوەی نۆرینگەی تەندروستی لە دەرەوە و ناوەوەی عێراق.
ماددەی 8
خەرجکردنی مووچەیەکی مانگانە لایەنی کەم کەمترنەبێت لە دوو بەرامبەری مووچەی خانەنشینی، کە لە یاسای یەکگرتووی خانەنشینی دا هاتووە.
پێدانی زەوی نیشتەجێبوون یان یەکەی نیشتەجێبوونی بێبەرامبەر
لە دامەزراندن پێشینە بدرێتە رزگاربووان و ئەوانەی ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە
ماددەی 10
رێککەوتی 3/8ی هەموو ساڵێک دەکرێتە رۆژێکی نیشتمانی بۆ ناساندنی ئەو رووداوەی بەسەر ئێزدییەکان هاتووە لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە
ماددەی 11
ئەنجامدەرانی رفاندن و بە کۆیلەکردنی ئێزدییەکان هیچ لێبوردنێکی گشتی یان تایبەتی نایانگرێتەوە.
ماددەی 12
وەزارەتی دەرەوە و کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ، ناساندنی تاوانی کۆمەڵکوژی بەرامبەر ئێزدییەکان و تاوانەکانی دژی رزگاربووان دەگرنە ئەستۆ لە کۆڕ و نێودە جیهانییەکان بۆ هاوکاریکردن لە رادەستکردنی تاوانباران بەمەبەستی دادگاییکردنیان لە عێراق دا.
زیادکردنی ماددەیەکی نوێ بە پێی ریزبەندی لەبارەی پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ سەیرکردنی داواکاری ئێزدییەکان و ئەوانەی ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەو لیژنەیەدا بەشدارە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق