سەرۆک بەرھەم: پێویستە ھەوڵە نێودەوڵەتییە ھاوبەشەکان یەکخرێت بە ئاڕاستەی بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاری و کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.
د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/٣/١ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا کارنامەی هەریەک لە باڵیۆزانی کۆماری میسر وەلید محەمەد ئیسماعیل و ئوسترالیا پاولا ئیلزابێس کانلی و ئیندۆنیزیا ئیلمار ئەیوان لوبس و بەرازیل لویس ئیفالدو وەرگرت.
لەمیانی پێشوازیکردنی لە باڵیۆزان بەجیا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە عێراق بەگرنگییەوە دەڕوانێتە پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و بازرگانی و هەماهەنگی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە جیهانییە جیاوازەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکە و ریشەکێشکردنی رێکخراوە تیرۆریستییەکان.
لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بە گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ھاوکات رایگەیاند عێراق ھەنگاو دەنێت بەرەو بونیادنانەوە لە رێگەی بەهێزکردنی دەرفەتی وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاکان و ئاڵوگۆڕی شارەزایی زانستی و رۆشنبیری.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزانی نوێ خواست لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان، بەو ئومێدەی کە ببێتە مایەیی بەهێزکردنی پەیوەندی دۆستانە و هاریکاری نێوان عێراق و وڵاتەکانیان.
لەلای خۆیانەوە باڵیۆزان سوپاس و ستایشی سەرۆک کۆماریان کرد، هەروەها خواستی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق لە تەواوی بوارەکاندا، بەجۆرێک ببێتە مایەی پتەوکردنی پەیوەندی هاوبەش.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق