د. ئەرسەلان بایز
بەپێى تیورو ڕێبازى سیاسى مارکسیەکان هەتا قۆناغى ڕزگاریخوازى گەل بە ئامانج دەگات، ناکۆکى نێوان ڕیزەکانى گەل (پانویه) سانەوییە. ئەبێ لەو قۆناغەدا هەموو تواناکانى گەل بۆ ڕوو بەڕوو بوونەوەى داگیرکەر یەکبخرێت چونکە ناکۆکى سەرەکى ئەو قۆناغە لەگەڵ داگیرکەرە. هەر گروپ و حیزب و لایەنێک لەو ڕێبازە یان بەرنامەیە بچێتە دەرەوەو تاک ڕەوانە کار بکات، دووچارى تاوانێکى گەورە دەبێت دەرهەق بە مێژوو و ئایندەى گەل. بەپێى ئەزموونى خەبات و شۆڕشەکانى دنیاش، ئەو گەلانە ڕزگارو سەرفراز بوون کە یەکێتى و تەبایی خۆیان پاراست و گورزى سەرەکیان ئاڕاستەى دوژمن کردووە.
بەپێى ساڵەهاى ئەزموونى خۆشمان لە کوردستانیی عێراقدا، بەپێى دان پیانانى سەرجەم پسپۆرو شارەزایانى بوارى سیاسەت، ئەو ساتانەى گەلى کورد یەکگرتوو بووە سەرکەوتنى بە دەست هێناوە. ئەو ساتانەش ناتەبابووە وەکو ئەمڕۆ دووچارى گرفتى گەورە بووە. تەنانەت لەکاتى یەک دەنگى و یەکگرتوویشدا چارەسەرکردنى گرفت و پێوەندى نێوان کوردو دەوڵەتان ئاسان نەبووە. بەڵام هەر هیچ نەبێ ناحەزانى گەلەکەمان نەیانتوانیوە زەفەر بە میللەتەکەمان ببەن و نابووتى بکەن. باشترین نموونەشمان ئەزموونى دواى ڕووخانى ڕژێمى بەعسە لە ساڵى (2003)، ئەوسا گەلى کورد بەیەک تیم و یەک دەنگ لەبەغدا بوون. توانیان چەندین برگەو ماددەى گرنگ لە دەستورى عێراق جێگیر بکەن. بەڵام نابێ ئەوەشمان لەبەرچاو نەبێت یان خۆمانى لێ بشارینەوە کە حوکمڕانانى بەغدا هەمیشە ویستویانە ناکۆکى بخەنە نێوانمان و لەیەکترمان داببڕن.
لەماوەى ئەو هەژدە ساڵەى دواى ڕووخاندنى ڕژێمى بەعس، هەموو کورد بەیەکەوە نەمانتوانى بەشێکى زۆرى برگەو ماددەکانى دەستورى عێراق لەسەر ناوچە دابڕێنراوەکانى کوردستان جێبەجێ بکەین. عەرەبەکانى عێراق بە سوننەو شیعەو تورکمانەکانەوە یەکدەنگ بوون لە دژى ئەو جێبەجێ کردنەدا. تەنانەت هەندێ لەو حکومەتانەش هێزى سوپاى عێراقیان لە دژى داگیرکردنەوەى هەندێ لەو ناوچانە بەکارهێنا. ئەو کاتەى گەلى کوردیش ڕیفراندۆمى کرد نەک عەرەبەکانى عێراق بەڵکو دەوڵەتانى دراوسێش لە دژمان وەستانەوەو پشتیوانیان لە عێراق کرد.
سەربارى ئەو هەموو ئەزموونە تاڵانە. سەربارى زانینى نیازى خراپیى دەسەڵاتدارانى بەغدا لەبەرامبەر ئەزموونى کوردستان. بەداخەوە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕیزەکانى گەلى کورد لەیەکتر دەترازێ، هەر حیزبەو تاک لایەنە پێوەندى بە حیزبە شیعەو سوننەکانى عێراقەوە دەکەن. بەم کارەشیان خەنجەر لە ئایندەى میللەتى کوردو ئەزموونەکەى دەدەن. ئێمەى کورد ئامادەین چاو لە دوژمنایەتى داگیرکەران بپۆشین و سازشیان لەگەڵدا بکەین، بەڵام هەرگیز ئامادەنین چاو لە کەم و کوڕیەکانى حیزبەکانى کوردى خۆمان بپۆشین.
لەو چەند ڕۆژانەى دوایدا سەرکردەکانى پارتى و یەکێتى یەکتر بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هەریەکەیان بەتەنیاو دوور لە تەبایی کورد لە هەوڵى دروست کردنى هاوپەیمانین لەگەڵ لایەنە شیعەو سوننەکانى عێراق...بەڵام ئەبێ هەموو لایەکمان ئەو ڕاستیە بزانین کە بێ تەبایی کورد. بێ یەک دەنگى کورد هەر هاوپەیمانیەک لەگەڵ عەرەب نابێتە سەرفرازى و سەروەرى بەڵکو دەرزێکى گەورەتر دەخاتە نێو گەلى کوردەوە گوناهێکى گەورەى مێژوویش لەسەر خۆیان تۆمار دەکەن. تەنیا ڕێگا بۆ پاراستن و وەرگرتنى تەواوى مافى گەلەکەمان یەکێتى و تەبایی و یەک دەنگى کوردە لە بەغدا. هەر هەوڵێکى ترى دوور لەو بەرنامەیە شکست و هەڵگرتنى ئۆباڵێکى گەورەیە دەرهەق بە ئایندەى گەلەکەمان.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق