نوسینی: ڕەشید خەیون
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
هەندێك كەس دەلالەت و ئاماژە گرنگەكانی سەردانەكەی پاپای ڤاتیكان و مەراسیمی پێشوازی لێكردنیان فەرامۆشكرد كە مۆركێكی ڕەسەنی شەعبی پێوە دیار بوو، ڕێوشوێنە ئەمنییەكانیش بەهێز و تۆكمە و ڕێكوپێك بوون، هەموو ئەمانەیان فەرامۆشكردن و تەواوی گرنگیپێدانێكی خۆیان لەسەر دیمەنی شمشێرەكان چڕكردەوە، لە كاتێكدا ئەو تابلۆی پێشوازیكردنە بەشێكە لەو نمایشە هونەرییەی تیپی هونەری نیشتمانی پێشكەشی دەكات.
هەندێك لە ڕەخنەگرانی ئەو دیمەنە ئیخوانە توندڕەوەكان بوون كە سیستەمی وەلی فەقیهی ئێرانی بە پیرۆز دەزانن، ئەوان ئەو دیمەنەیان بە نمایشێكی دەشتەكی و دابونەریتی وشترەوانەكانی بیابان لە قەڵەمدا، بەڵام ئەوەیان بیرچوو كە ئەوان (ئیخوانەكان) لە باوەڕی سیاسی خۆیاندا- كە لە وەلی فەقیهی ئێرانی وەریانگرتووە- سوێند بە شمشێر و قورئان دەخۆن، ئەوەشیان بیرنەبوو كە هەرگیز لە كەلتوری وەلی فەقیهدا، وێنەیەكی عەلی كوڕی ئەبی تاڵب نابینی شمشێری زولفیقاڕی پێ نەبێت، ئەوشیان بیرچوو كە هەرچەندە ئەوان وشترەوان بوون، كەچی توانیان قۆناغی نەزانی و دواكەوتوویی خۆیان تێپەڕێنن، لە هەموو بوارەكانی ژیاندا بەرەو پێشەوەچوون و گەل و نەتەوەكانیان لە سێبەر و سایەی ئاسایش و خۆشگوزەرانیدا دەژیان، ئەوان پۆل پۆل لەبەر دەرگای وێستگەكانی پەنابەری سیاسیدا ڕێزییان نەبستبوو، بۆیە ئەوانەی ئەو ڕەخنانە دەگرن، لێوانلێون لە ڕقوقینەی ژەهراوی كە دڵ و مێشكیانی داپۆشیووە.
هەندێكی دیكەشیان چاوپێكەوتنەكەی نێوان هەردوو مەڕجەعیەتی ئاینی نەجەف و كاسۆلیكەكانیان فەرامۆش كرد، لە بەرامبەر گرنگی و بایەخداری ئەو دیدارەدا خۆیان لە گێلیدا، ئەوەیان فەرامۆش كرد كە سەردانەكەی پایای ڤاتیكان چەندە گرنگە بۆ جیهان لە ڕەتكردنەوەی توندڕەوویی و توندوتیژی و چەسپاندنی برایەتی و لێبووردیی ئاینی، بۆیە هەمیسان گڕگر بەوەیانەوە گرت ئاخۆ دیدارەكە ڕاستەوخۆ پەخشكراوە یان نا.
بۆیە بەو كوێرە ڕەخنەگرانە دەڵێم:
هەوڵدەن كاكڵە و ناوەرۆكی شتەكان ببینن، من لە ساڵی 1968 وە پشتیوانیم لە حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق نەكردووە، بەڵام ئەوەی سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح كردی لە ئامادەسازی و ڕێخۆشكردن بۆ سەردانە گرنگەكەی پاپای ڤاتیكان، هەموو ئەو وشە و پەیڤانەش كە لە ناوئاخنی وتارەكەیدا ئاراستەی كردن و پڕ بە پێستی كەسایەتی مەزنی پاپا بوون، هەموو ئەو ڕێوشوێنانەش كە حكومەتی عێراق بە سەركەوتوویی گرتنیەبەر، كارێكی ناوازە و دانسقەی بێوێنە بوون.
وەرگێڕانی لە عەرەبیەوە
لوقمان حاجی قادر
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق