ئەمڕۆ پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و بەرنامەی کاری کۆبونەوەکەش بریتی دەبێت لەدەنگدان لەسەر یاسای دادگای فیدڕاڵی، فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش داوایانکردوە هاوشێوەی ئەوەی لەدەستوردا هاتوە یاساکە بەدەنگی دو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان پەسەندبکرێت کە دەکاتە (220 دەنگ لەکۆی 329 دەنگی ئەندامانی پەرلەمان).
بەشێک لەلایەنەکان داوایانکردوە هەموارەکە بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان پەسەندبکرێت
عەبدولباری مەجید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، رۆژی سێشەممە کۆبونەوەیەک لەنێوان سەرۆکی فراکسیۆنەکان و لایەنەکان سیاسییەکاندا بەڕێوەچو لەبارەی بابەتی یاسای دادگای فیدڕاڵی، بەشێک لەلایەنەکان داوایانکردوە یاساکە بەتەواوی هەمواربکرێتەوە و هەموارەکەش بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان پەسەندبکرێت.
کورد داوایکردوە یاساکە یان هەموارەکە بە دەنگی دو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان پەسەندبکرێت
ئاماژەی بەوەشکرد، وەک نوێنەرانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەشداری کۆبونەوەکە بون و داوایانکرد تێپەڕاندنی یاساکە یان هەموارەکە بە دەنگی دو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان بێت، چونکە ئەگەر ئەو دەرگایە بکرێتەوە و بە دەنگی دو لەسەر سێ نەبێت، ئەوا دەبێتە پێشینەیەک و لایەنەکان هەمو بەباتەکانی دیکەش بە دەنگی زۆرینە تێپدەپەڕێنن لەوانەش هەموارکردنەوەی دەستوری عێراق.
پێویستە پێداگری بکرێت لەسەر پابەندبون بەمادەی 92ی دەستور کە شێوازی هەموارکردنەوەکەی دیاریکردوە
ئەو پەرلەمانتارەی کورد باوەڕی وایە پێویستە پێداگری بکرێت لەسەر پابەندبون بەمادەی 92ی دەستور کە دیاریکردوە هەموارکردنەوەی یاسای دادگای فیدڕاڵی دەبێت بە دەنگی دو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان پەسەندبکرێت کە دەکاتە (220 دەنگ لەکۆی 329 دەنگی ئەندامانی پەرلەمان).
بەرنامەی کاری کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بریتییە لە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵی، دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای هەمواری سێیەمی یاسای سەندیکای ژمێریاران و وردبینان، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاسای دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای چونە پاڵ رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ سەلامەتیی ئاوییەکان، دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای چونە پاڵ رێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی داننان بە بڕیارەکانی لێژنەی داوەریی بیانی و چەند برگە و پڕۆژەیەکی دیکەش گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق