كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی
لەنێوان پەیوەستبوون بە یاساو پێشێلكاریدا
"راپۆرتی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان"
پێناس:
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بەپێی یاسای ژمارە (4) ی ساڵی 2014 پێکهاتووەو كارەکانی دەكات، هەروەك لە مادەكانی دووەم و سێیەمی یاساكەدا هاتووە: "بەگوێرەی ئەم یاسایە دەستەیەك دادەمەزرێ لەژێر ناوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بۆ ئەوەی ببێتە تاكە دەسەڵات (السلطة الحصریة) كە رێكاری هەموو هەڵبژاردن و راپرسییە گشتییەكان ئەنجام دەدا لەسەر ئاستی سەرتاسەری كوردستان-عێراق. بارەگای سەرەكی كۆمسیۆن لەپاریزگای هەولێری پایتەخت دەبێ و، بەگوێرەی پێویست نووسینگەكانی خۆی لەناوەندی پارێزگاكان و یەكە ئیدارییەكاندا دەكاتەوە. كۆمسیۆن دەستەیەكی پیشەیی سەربەخۆ و بێلایەنە و خاوەن كەسایەتی مەعنەویی خۆیەتی و ملكەچە بۆ چاودێری پەرلەمان و بەرپرسیاریشە لە بەرامبەریدا".
سەرنج:
لەئەنجامی وردبوونەوە لە ئیش و كارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی و بەراوردكردنیان بە یاساكەیان چەند تێبینییەك دێتە ئاراوە كە لەم خالانەدا كورتیان دەكەینەوە:
یەكەم: هەرچەندە ئەم كۆمسیۆنە وەك لە ناوی یاساكەیدا هاتووە (سەربەخۆ)یە، هەروەك لە بڕگەی (یەكەم)ی مادەی (پانزەهەم)دا هاتووە: " كۆمسیۆن بودجەیەكی ساڵانەی سەربەخۆی دەبێ بەگوێرەی رێنمایی و رێسا پەیرەوكراوەكان دەبێ و لەلایەن ئەنجومەنەوە پێشنیاز دەكرێ بە راویژ لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری و، پەرلەمان پەسەندی دەكات و دەخرێتە ناو بودجەی گشتی هەرێم".
بەڵام بودجەی كۆمسیۆن لەژێر دەستی حكومەتەو دەبێت بۆ دابین كردنی چاوی لە وەزارەتی دارایی بێت، ئەمەش كاریگەریی لەسەر سەربەخۆییەكەی دەبێت.
دووەم: لە مادەی (سێیەم)ی یاساكەدا هاتووە كە ئەم دەستەیە (بێلایەن)ە، لەمەشیاندا لەگەڵ یاساكەدا یەك ناگرێتەوە چونكە كۆمسیۆن بەسەر پێنج حزبە سەرەكیەكەدا دابەشكراوە، (9) ئەندامی ئەنجومەنی هەیە كە لە (3) پارتی دیموكراتی كوردستان، (2) یەكێتی نیشتمانی كوردستان، (2) بزوتنەوەی گۆڕان، (1) یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و (1) كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان پێكهاتوون. نەك هەر لە ئەنجومەندا بەڵكو لە بواری كارگێڕیشدا رەنگی داوەتەوە، بۆ نمونە لە (12) بەڕێوەبەری گشتیی كۆمسیۆندا (4) پارتی، (3)یەكێتی (3) گۆڕان، (1)یەكگرتوو و (1) كۆمەڵ دابەشكراون. دیارە ئەمە سەبارەت بە جێگری بەڕێوەبەرە گشتیەكان و بەڕێوەبەر و جێگرەكانیان و تا دوافەرمانبەر رەنگی داوەتەوە، ئەمەش لەگەڵ یاساكە و پێوەری بێلایەنیدا ناگونجێت.
ئەم رەوشەی لە كۆمسیۆندا دەگوزەرێت لەگەڵ ئە بڕگەیەشدا ناگونجێت كە بە زنجیرەی (ز) لە مادەی پێنجەمی یاساكەدا هاتووە سەبارەت بەو كەسانەی لە كۆمسیۆندا كار دەكەن: " ئینتیمای بۆ هیچ پارتێكی سیاسی نەبێ لەكاتی ئەندامیەتیدا لە ئەنجومەن". بەڵام هەموو ئەو كەسانەی لە كۆمسیۆن دانراون حزبەكان بۆ كاری خۆیان دایانناون. واتە كۆمسیۆنەكە تەنها بە ناو (كۆمسیۆنی سەربەخۆ)یە، بەڵام لە دەستنیشانكردی ئەنجومەنی كۆمسیۆن و دامەزراندنی سەرجەم فەرمانبەرەكانیدا (پێنج حزبەكە) كەسانی (سەربەخۆیان) داناوە نەك (سەربەخۆ).
سێیەم: لە بڕگەی (پێنجەم)ی مادەی (چوارەم)دا هاتووە: " بەرێوەبردنی پرۆسەی تۆماركردنی دەنگدەران و رێكخستن و نوێ كردنەوەی تۆمارەكانیان بۆ مسۆگەر كردنی مافی هەڵبژاردنیان". هەروەها لە بڕگەی (یەكەم)ی مادەی (شەشەم)یشدا هاتووە: " دامەزراندن و نوێكردنەوە و بژارد كردنی تۆماری دەنگدەران لەرێی هەموو جۆرە شێوازێكی تازەی بەردەست، لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكانیش پێویستە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەندا بكەن بۆ گەیشتن بەو مەبەستە".
بەڵام تاكو ئێستاشی لەگەڵدابێت كۆمسیۆن هیچ هەنگاوێكی نەناوە بۆ دروستكردنی تۆمارێكی دەنگدەرانی پاك و بێ خەوش، ئەگەر هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بكرێت دەبێت بەهەمان تۆماری دەنگدەرانی کۆنی عیراقی بكرێت كە پێشتر پێی كراوە، لەكاتێكدا ئەم تۆمارە پڕە لە خەوش و بە سەدان هەزار دەنگی مردوو و دووبارەو چەند بارە و ساختەی تیادایە.
چوارەم: لە بڕگەی (دەیەم)ی مادەی (چوارەم)دا هاتووە " كاركردن بۆ درووستكردنی متمانە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا لای گشت تویژەكانی كوردستان و چەسپاندنی رۆشنبیریی هەڵبژاردن لەرێی درێژەدان بە پەیوەندی لەگەڵ گشت هاوبەشەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە".
تا ئێستا هیچ هەنگاوێك نەنراوە و هیچ كارێك نەكراوە بۆ ئەوەی متمانە لای خەلكی كوردستان دروست بكرێتەوە بە پرۆسەی هەڵبژاردنەكان. بەلكو بەپێچەوانەی زۆربەی هەرە زۆری خەلك و بەشێک لە لایەنە سیاسییەكانیش پێیان وایە هەڵبژاردن وەكو سیناریۆیەك وایەو شەرعیەت بە مانەوەی چەند كەسێك دەدات و پێشتر ئەنجامەكەی روون و ئاشكرایە.
پێنجەم: بەپێی بڕگەی (یەكەم) لە ماددەی (پێنجەم)ی یاساكەدا هاتووە: "ئەنجومەنی كۆمسیاران لە (9) ئەندام پێك دێ كە لەلایەن پەرلەمانەوە بە زۆرینەی رەهای ئەندامانی هەڵدەبژێردرێن دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتەوە كە پەرلەمان پێكی دەهێنێ پێشنیاز دەكرێن، بەمەرجێك دوو ئەندامی ئەنجومەن بەلایەنی كەمەوە یاساناس بن هەروەها دەبێ نوێنەرایەتی ئافرەتان و پێكهاتەكان مسۆگەر بكرێ و ماوەی كاركردنی ئەنجومەنەكەش (5) پێنج ساڵی رۆژژمێرییە".
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەپێی بڕیاری ژمارە (31)ی ساڵی 2014، لە رۆژی 3/12/2014 ەوە دەستبەكار بوونە، بەپێی ئەمەش ماوەی زیاتر لە ساڵێكە لەرووی یاساییەوە ئەنجومەنەكە ماوەی بەسەر چووە، كەچی تا ئێستاش پەرلەمانی كوردستان بەدواداچوونی بۆ ئەم گرفتە یاساییە نەكردووە!
شەشەم: بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی حەوتەم لە یاساكەدا یەكێك لە هۆكارەكانی كۆتایی هاتنی ئەندامێتی لە ئەنجومەن ئەوەیە كە وادەی ئەنجومەن تەواو بووبێت. بەپێی مێژووی دەستبەكار بوونی ئەنجومەنیش لە ئێستادا ماوەی ساڵێكە ئەنجومەن وادەی یاسایی بەسەرچووە، هەر بۆیە هیچ شەرعیەتێكی یاساییان نەماوە.
حەوتەم: هەر بەپێی بڕگەی (یەكەم) لە ماددەی (پێنجەم)ی یاساكەدا هاتووە لە ئەنجومەندا "دەبێ نوێنەرایەتی پێكهاتەكان مسۆگەر بكرێ". كەچی نوێنەرایەتی پێكهاتەكانیش لەلایەن هەردوو حزبی سەرەكی لە كوردستان پێشنیار كراون و دانراون، پارتی نوێنەری (توركمان) و یەكێتیش نوێنەری (ئاسوری)ەكان!
هەشتەم: لەگەڵ دەستبەكار بوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا (لە تەموزی 2019) ئەندامێكی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە بەشی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ئەندامێتی ئەنجومەن دەستی كێشایەوە كە ماوەی زیاتر لە سال و نیوێكە، كەچی تا ئێستا شوێنەكەی پڕ نەكراوەتەوە. ئەمە جگە لەوەی ئەندامێكی تری كۆمسیۆن لە بەشی پارتی دیموكراتی كوردستان لە رۆژی 3/11/2020 بەهۆی نەخۆشی كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد و شوێنەكەی ئەویش چۆلەو پڕ نەكراوەتەوە. جگە لەمانە سەرۆكی كۆمسیۆنیش كە هەر لەسەر بەشی پارتی دیموكراتی كوردستانە نزیکەی ساڵێکە مۆڵەتی وەرگرتووەو لە كۆمسیۆن دەوام ناكات!
ئەنجام:
1-لاوازی پەرلەمانی كوردستان لە پرۆسەی چاودێری و بەدواداچووندا كاریگەریی نەرێنی و خراپی لەسەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كردووە و زۆربەی ئیش و كارەكانی وەستاوەو وەك پێویست بەڕێوە ناچێت.
2-خودی پەرلەمان كە لایەنی یاسادانەر و چاودێریشە بەسەر جێبەجێكردنی یاساوە، كەچی خۆی پێشێلی یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كردووە.
3-ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پێیان وایە یاساكەیان نەگونجاوەو پێویستی بە گۆڕین و هەمواركردنەوە هەیە، هەرچەندە پرۆژەی هەمواریش هەیە بەلام پەرلەمان هەنگاوی بۆ نەناوە.
4-لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن چەند پۆستێك هەیە بەپێی یاسا بۆیان دەستنیشانكراوە بەلام پڕنەكراونەتەوە.
5- كۆمسیۆنی هەڵبژاردن گرفتی كەمیی میلاكی فەرمانبەریان هەیەو پێویستە بۆیان دابمەزرێت.
6-ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و سەرۆكەكەی ماوەی یاساییان بەسەر چووە، شەرعیەتی یاساییان نەماوەو بەنایاسایی كارەكانیان رایی دەكەن.
7- كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كە بەپێی یاسا لەرووی داراییەوە سەربەخۆیە، بەڵام لە پراكتیكدا هیچ سەربەخۆییەكی دارایی نیە، چاوی لە دەستی وەزارەتی داراییە ئەگەر موچەیان پێبدات، یاخود بڕێكی كەم بودجەیان بۆ دیاری بكات.
8- كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەحیساب لەرووی كارگێڕییەوە سەربەخۆیە، كەچی سەربەخۆییان لێ زەوت كراوەو لەلایەن هێزە سیاسیەكانەوە دەستێخستنی بەردەوام لەكاروباریاندا هەیەو هەموو فەرمانبەرێكیش ئەگەر پشكپشكێنەو رەزامەندی ئەوانی لەسەرنەبێت بۆیان دانامەزرێت.
9-زۆرترین پێشێلكاری لە یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردندا كراوە، لەكاتێكدا خۆیان دامەزراوەیەكن بۆ چاودێری و رێگری لە پێشێلكاری دامەزراون، ئەمەش خەوشێكی گەورەیە بۆ خودی کۆمسیۆن و پەرلەمان و سیستەمی حوكمرانیی هەرێمی كوردستان.
10-هەرچەندە، بوونی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەتوانێ هەنگاوێكی باش و ئەرێنی بێت بۆ پێشخستنی بنەماكانی دیموكراسی و حوكمڕانیی شەفاف، بەڵام لە ڕاستیدا ئەزموونەكە لە هەرێمی كوردستان لە ڕووی پراكتیكییەوە نەیتوانیوە سەركەوتن بەدەست بهێنێ و لەژێر گوشار و كاریگەریی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و لایەنە سیاسییەكاندا بووە، ئەوەتا كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان نەیتوانیوە سەركەوتنی پێویست لە ئەرك و كارەكانیدا بەدەست بهێنێ و سەرۆك و ئەندامانی باڵای ئەم كۆمیسیۆنە بە سیستەمێكی پشكپشكێنە لە لایەن حزبە سیاسییەكانەوە دیاری دەكرێن.
11-وێڕای حەوت ساڵ تەمەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، تا ئێستاش نەیتوانیوە تۆمارێكی دەنگدەرانی پاك و بێگەرد بۆ هەرێمی كوردستان ئامادە بكات، ئەو تۆمارەی هەیە سەدان هەزار ناوی مردوو و دووبارەو ساختەو كوردانی پارچەكانی تری كوردستانی تیادایە كە بەپێی یاسا مافی دەنگدانیان نیە.
12-لەژێر سایەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردندا زۆرترین گزی و ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا كراوە، هەڵبژاردنی ساڵی 2018 ی پەرلەمانی كوردستان بە نمونە.
13-لەهەرێمی كوردستاندا دوو كۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەیەو ئەمەش بارگرانییەكی دارایی دروستكردووە.
راسپاردەكان:
یەكەم: ناكرێت لە هەرێمێكدا دوو كۆمسیۆن و دوو نوسینگە لەهەر پارێزگایەك و دوو نوێنەر و دوو تۆماری دەنگدەران و دوو یاسا و دوو جۆر تیم بۆ هەڵبژاردنەكانی هەبێت. هەر بۆیە پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرس دەكەین و لەمەودووا هەڵبژاردنەكان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراقەوە ئەنجام بدرێت و ئەو بارقورسیە داراییەش لەسەر هەرێم لادەچێت.
دووەم: لەئەگەری مانەوەو هەلنەوەشاندنەوەی كۆمسیۆندا، باشتر وایە:
1-پەرلەمانی كوردستان لە زوترین كاتدا هەمواری یاساكەیان بكات و ئەو كەموكوڕیانەی لەیاساكەدا هەیە چاكیان بكات.
2-پەرلەمانی كوردستان لە زووترین كاتدا كاربكات بۆ دانانی ئەنجومەنی نوێی كۆمسیاران.
3-ئەگەر وەك پشكی لایەنە سیاسیەكانیش ئەندامانی ئەنجومەن دادەنرێن ناوی (سەربەخۆ) لە كۆمسیۆن بكرێتەوە.
4-ژمارەی ئەندامانی كۆمسیۆن بۆ (5) ئەندام كەم بكرێتەوە.
5-پێویستە سەرۆكی كۆمسیۆن و بەرێوەبەری كارگێڕی بە دەوری لەنێوان ئەندامەكانەوە دابەش بكرێت تا یەك لایەنی سیاسی پاوانی نەكات.
6-بودجەی كۆمسیۆن بە جیا و بەپێی پێویست دەستنیشان بكرێت تا بۆ رایی كردنی ئیش و كارەكانیان پەكیان نەكەوێت یا پەكیان نەخرێت.
7-لە زوترین كاتدا كار بۆ دروستكردنی تۆمارێكی دەنگدەرانی پاك و بێگەردی دەنگدەران بكرێت.
8-پڕكردنەوەی تەواوی ئەو پۆستانەی بەتاڵن و بەپێی یاسا دیاریكراون.
9-ئەنجامدانی كۆبوونەوەی وەرزی لە نێوان لیژنەی پەرلەمان و كۆمسیۆن بۆ ئەوەی بەچڕی و لە نزیكەوە ئاگاداری یەكتر بن.
تێبینی: ئەم راپۆرتە بەشێكە لە پرۆژەی چاودێریی و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پـەرلەمانـی كــوردستان، كە (ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان) بە پاڵپشتی رێكخراوی (NED)ی ئەمەریكی ئەنجامی دەدات. لە بنچینەدا راپۆرتێكی درێژترە بە ناونیشانی (دەستە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان لەنێوان پەیوەستبوون بە یاساو پێشێلكاریدا) كە سەبارەت بە هەرچوار دەستە سەربەخۆكانی (مافی مرۆڤ، دەسپاكی، دیوانی چاودێری دارایی، كۆمسیۆنی بالای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی) ئامادەكراوە.
ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان
نیسانی 2021
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق