فارس نەورۆڵی
ئەگەر سەیری سامانی سیاسی کورد بکەین، سیمای هەڵەبجە لەنێو هەموو کایەکان و توخمەکانی پێکهاتەی ئەو سامانەدا دەبینین هەر لە ئەدەب و شۆڕش و پێکەوە ژیان و قوربانیدان، لەبەرگری کردن لەحکومەتی هەرێم لەکاتی پەلاماری داعشدا پۆلێک لەگەنجی ئەم شارە شەهیدبوون ،بە درێژایی مێژوو داگیرکەران هەموو ڕێگاکانیان گرتۆتەبەر بۆ ئەوەی ڕەسەنایەتی لەو شارەدا بسڕنەوە، بەڵام نەیانتوانیووە.
شارێک ئەدەبی کلاسیک و ئەدەبی بەرگری و سەرمەشقی نوێخوازی بێت لە شیعری کوردیدا، بە هیچ هێزێک دەستەمۆ ناکرێت و ڕەسەنایەتی و کوردبوونی ڕاستەقینە بە سیمایەوە هەر دەمێنێتەوە. ئەمڕۆ ٤٧ ساڵ بەسەر بۆردمانکردنی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێ، کە بە چەکی قەدەغەکراوی ئەو سەردەمە لەلایەن بەعسییەکانەوە لە ٢٦ ی ٤ ی ١٩٧٤ بۆردومانکرا،
هەڵەبجە قوربانی گەورەی پێشکەشکردووە لەپێناوی جەنگی بووندا بۆ مانەوەی کورد ئەم دەسکەوتانەی ئەمڕۆش، کە حکومەتی هەرێمی کوردستانە و پرۆسەی سیاسی کوردستان هەیە بەشێکی لەسەر ماندوبوون و قوربانی ئەو شارە بنیادنراوە.
بۆیە پێویستە بەردەوامبن لە خزمەتکردنی، کاتێک هەڵەبجە دەکرێتە پارێزگا هەڵەبجەییەکان خۆشحاڵبوون و پێزانینی تەواویان هەیە بۆ ئەو کەسانەی بەجدی هەوڵیاندا هەڵەبجە ببێتە پارێزگا، وێنەی ئەو پێنوسەی واژۆی بە پارێزگابوونی کرد نەوەکانی داهاتووی ئەم شارە کاتێک توێژینەوەیەک لەسەر هەڵەبجە بکەن ئەو پێنوسە جێگایەکی تایبەتی دەبێت.
ئەوەی دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە ڕاستە هەڵەبجە بۆتە پارێزگا، بەڵام سیمای پارێزگابوونی کەم پێوە دیارە. بۆ ئەوەی کاری بە پارێزگا بوونەکەی تەواو ببێت پێویستە لە دەرەوەی ململانێی حزبی و مزایەدەی سیاسی ، هەموو لایەنەکان چی لە بەغداو چی لە هەرێمی کوردستان کاربکەن بۆ بە دەسهێنانی شایستەکانی بە پارێزگابوون، پێویستە کاربکرێ بۆ گرێدانی هەڵەبجە بە شارەکانی دیکەو لە ڕێگای دوستکردنی پردی ستراتیجی و هەروەها دروستکردنی ناوچەیەکی بازرگانی لە ڕێگای کردنەوەی مەرزێک لەتەک ئێران بە مەرجێ هێڵەکەی بەناو هەڵەبجەدابێت بۆ ئەوەی هەلی کار بۆ گەنجان دروستببێت.
لەلایەکی دیکەوە گرنگیدان بە کەرتی گەشتیاری و کردنەوەی هۆڵی شانۆ و سینەما کتێبخانەبۆئەوەی ئاوەدانی فیکری وخزمەتگوزاری پێکەوە ڕێبکەن ئەمەش هەوڵی هەمەلایەنەی حکومەت و هێزە سیاسیەکان و دەوڵەمەندەکانی کوردستانی پێویستە. لێرەدا دەمەوێ سوپاسی ( ئاسۆ بامۆکی بکەم ڕۆڵی ئەرێنی هەیە لە هاوکاریکردنی هەڵەبجەدا ) دواجار هەڵەبجە ئەو شارەیە هەمیشە بۆنی کوردایەتی لێدێت بۆیە پێویستە هەموان چاوی چاکەیان لێیبێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق