بڵێسە جبار فرمان
ئەم ھەموو خۆکوشتنو یەکتر کوشتە ھۆکاری چین؟ ڕێکخراوەکانی گەشەپێدانی مرۆیی، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەگشتیو مافی منداڵو ژنو کرێکار بەتایبەتی، بەپێی ئەم واقیعەی هەیە روونبوەوە خەلەلی بنچینەیی لەکارو سیمینارو چالاکیان هەیە.
رەخنەی زۆر روبەڕوی رێکخراوەکان دەبێتەوە کە سودێکیان بۆ کۆمەڵگا نەبووە، نەیانتوانیوە ئامانجی خۆیان بپێکن، ئەوەتا رۆژ بەرۆژ توندوتیژی زیاتر ئەبێ رێژەی کوشتن لەزیادبووندایە، ڕێژەی خۆکوشتن لەبەرزبوونەوەدایە، ھیچ کات بەئەندازەی ئێستا ژن بەدەستی ھاوسەرەکەیەوە نەکوژراوەو یان پیاو بەدەستی ژنەکەیەوە، مرۆڤکوژی خەریکە دەبێتە دیاردە لەکوردستاندا، تەنانەت کوشتنی دایکو باوک لەلایەن مناڵەکانیانەوە، ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە.
کۆمەڵگای کوردستان بەھۆی ئەو ھەموو قەیرانە کەڵەکەبوانە دەرونیی زۆر شەکەتە، ئێمە کۆمەڵگایەکین لەچاوەڕوانی:
سەرەی ئاو
سەرەی کارەبا
سەرەی شەربەتی مێوژ
بانگی ئێوارە
مهعاش بەلێبڕینەوە
لەزستان لەبەرنەبوونی نەوت چاوەڕێی ھاوینین، لەھاوین لەبەر گەرماو نەبوومی کارەبا چاوەڕوانی زستانین، چاوەڕوانی لەسەر چاوەڕوانیەکان، بۆیه ھاوڵاتیانی ھەرێم ماندوونو ماندووی دەستی ئەم گوزەرانە، کۆمەڵگای ئێمە ژیانی لەیادکردوەو ھەر چاوەڕێیە.....
بچوکترین شت دەبێتە ھۆی هەڵچونو تەقینەوەیانو دروستبوونی کارەساتی دڵتەزێن، خەفەتی گەورەتر ئەوەتانێ کەسیش خۆی بەبەرپرس نازانێت، ھیچ لایەنێکی پەیوەندیدار پلانی چارەسەری نییە، حکومەت دەبێ پلانی بۆ ئەم دیاردە نامرۆڤایەتیانە ھەبێتو ڕێکخراوەکان بەگهڕخاتەوە بەپرۆژەی نوێوە ھەوڵی دۆزینەوەی ھۆکارەکانو چارەسەریان بدرێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق