چیمان لە ئەوانی دیکە جیاوازە؟

ليست هناك تعليقات


 عومەر نورەدینی

هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی دەستووری و سیاسی لەناو دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ، خاوەن پێگەیەکی نێودەوڵەتیی تایبەتە، لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا بەشێوازی جۆراوجۆر و لە وێستگەی گرنگ و چارەنووسسازدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاری و پشتیوانیی کردووە و لە بوون و مانەوەیدا هەڵوێستیان هەبووە، لەدوای راپەڕین و کۆڕەوی خەڵکی کوردستان لە ئازار و نیسانی 1991دا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە دیاریکراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بڕیاری 688یان دەرکرد و پاشان ناوچەی ئارام و دژەفڕینیان دروستکرد، هەم خەڵکی کوردستانیان پاراست، هەم زەمینەی پێویستیان بۆ دەستپێکی قۆناغێکی سیاسیی نوێ رەخساند، ئەوکاتەی سەرکردایەتیی بەرەی کوردستانی بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان دا، رژێمی بەعس لە عێراق هەوڵی زۆری دا تاوەکو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانیی هەڵبژاردنەکانی کوردستان نەکات و پەیامیان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نارد کە ئامادەی سازش و قبووڵکردنی هەندێک داواکاری و مەرجەکانی واشنتنن ئەگەر بێتو دەستهەڵگرن لە پشتیوانیکردن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئایاری 1992ی کوردستان، ئیدارەی ئەمریکا وا وەڵامی سەرانی بەعسیان دایەوە کە نەک هەر لە هەولێر، بەڵکو دەیانەوێت لە ئاییندەدا لە بەغداش هەڵبژاردنی دیموکراسیانە بکرێت، بۆیە بەبێ دوودڵی پشتیوانی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی کوردستان دەکەن.

کاتێک تووشی شەڕی نەخوازراوی ناوخۆ بووین، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرپەرشتیی گفتوگۆ و دانوستاندنی نێوان پارتی و یەکێتیی کرد و سەرەنجام رێککەوتنی واشنتن (1998) هاتەکایەوە و کۆتایی بەو شەڕە ماڵوێرانکەرە هێنا، ئەمە یەکەمجار بوو لە مێژووی دیپلۆماسیەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەوڵەتێکی زلهێزی وەکو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناوبژی لەنێوان دوو پارتی سیاسی پێک ناکۆکی گەل و نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت بکات و خۆشیان وەکو چاودێر و شاهید رێککەوتنەکە واژۆ بکەن.

لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە عێراق کە دیسان بەهۆی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بوو، لەکاتی ئامادەکردن و پەسندکردنی دەستووری عێراق (2005) ئەگەر پشتیوانی و رەزامەندیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی ئەمریکا و ئەوروپا نەبوایە، زۆر زەحمەت بوو عێراق بووبا بە دەوڵەتێکی فیدراڵیی پەرلەمانی و دیموکراسی و دان بە هەرێمی کوردستان نرابا و شەرعیەتی دەستووریی پێدرابا.

ئەوکاتەش داعش گەیشتبووە دەوروپشتی هەولێر، رۆژنامەنووسی بەنێوبانگی ئەمریکی (تۆماس فریدمان) لە دیدارێکی رۆژنامەنووسی لەگەڵ باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باسی ئەوەی بۆ کرد کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دوو ئەزموونی دیموکراسی هەن، کە شایانی ئەوەن ئێوە پشتیوانییان لێبکەن، ئەوانیش تونس و هەرێمی کوردستانن کە ئێستا لەژێر هەڕەشەی داعشدایە. ئەوکاتەش کە ئیدارەی سەرۆک ئۆباما بڕیاریدا هێزی سەربازیی ئاسمانی بۆ پاراستنی هەولێر و هەرێمی کوردستان لە دژی داعش بەکاربهێنێت. ئۆبامای سەرۆک گوتبووی، بۆیە گرنگە هەرێمی کوردستان بپارێزین چونکە مەڵبەندی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ژمارەیەک گەل و نەتەوە و ئایینە.

لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، کاتێک هەرێمی کوردستان کەوتبووە بەر شاڵاوی سەربازی و سزای ئابووری و گەمارۆدانی دیپلۆماسی، فەرەنسا لەمیانی پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی کە ئەوکات سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەرێمی کوردستان بمێنێت و یەکگرتوو و بەهێز بێت، چونکە نموونەیەکی جیاوازە لە یەکە و قەوارە سیاسییەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەوەی وای لە بەڕێز پاپای ڤاتیکان و رابەری روحیی کاسۆلیکەکانی دنیا کرد بێتە کوردستان و بایەخی تایبەتی پێبدات و لە بەغدا جیایکاتەوە، ئەو پێکەوەژیان و فرەیی و کەشوهەوا کۆمەڵایەتی و مەدەنیە و سیاسەتی حەواندنەوەی ئاوارەکان بوو، هەر ئەوکاتەی پاپا لە کوردستان بوو، شاهیدیی ئەوەی دابوو کە ئێرە لە بەغدا جیاوازە، دوای گەڕانەوەشی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا، باسی ئەوەی کردبوو کە هەرێمی کوردستان خاوەن خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆیەتی و شایەنی رێزگرتن و پشتیوانییە، لەو نامەشدا کە بۆ سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانیی نارد، پاپای ڤاتیکان زۆر بە روونی باسی ئەوە دەکات کە پێکەوەژیانی ئاشتییانە، ئازادیی ئایینی و سیاسی، فرەیی و تەبایی، سیاسەتی پەیڕەوکراو بۆ مامەڵە لەگەڵ فرە پێکهاتەیی و ئایینی رووی گەشی هەرێمی کوردستانن، بۆیە جێگەی رێز و سوپاس و پشتیوانییە.

لێرەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە مانەوە و بەردەوامیی هەرێمی کوردستان تاڕاددەیەکی زۆر پەیوەندیی هەبووە بەو مۆدێلە لە سیاسەت و حوکمڕانیە کە وێڕای بوونی کەموکوڕی، بەڵام بەراورد بە دەوڵەت و نەتەوەکانی ناوچەکە و لە سەروویانەوە بەغدا، هەرێمی کوردستان بایەخی تایبەتی داوە بە فرەئایینی و نەتەوەیی و پێکهاتەیی، پێکەوەژیانی ئاشتییانە، بیروڕای ئازاد و فرەیی سیاسی، پابەندبوون بە بنەماکانی دیموکراسی، رێزگرتن لە کۆمەڵگەی مەدەنی، کارکردن بۆ باشکردنی رەوشی مافی مرۆڤ و مافەکانی ئافرەتان، ئەوەی ئێمەش لە بەغدا جیادەکاتەوە زیاتر ئەم سیاسەتە مەدەنییە و پشتبەستن بووە بە هێزی نەرم.

ئەگینا لەڕووی دەوڵەتەوە عێراق خاوەن سەروەرییە، هێزی سەربازی و ئابووری لە هەرێم زیاترە، بەرژەوەندیی وڵاتان زیاتر لە بەغدا فەراهەم دەبێت نەک لە هەولێر، ئەوەی وایکردووە دەوڵەتان پشتیوانی لە بوون و مانەوەی هەرێمی کوردستان بکەن، بونیادنانی کیانی سیاسی بووە لەسەر پایەکانی مەدەنی و نوێخوازی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادیی بیروڕا و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادیی ئایینی و مەزهەبی، بۆیە دەبێت بایەخی تایبەتیان پێبدەین و بیانپارێزین، بە کوردی و پووختی، ئەوەی وادەکات ئێمە بە بەهێزی بمێنینەوە، سیاسەتی هێزی نەرم و تەبایی سیاسیی نێوخۆیە، بۆیە دەبێت تووند دەستیان پێوەبگرین و بیانکەینە توخمێکی سەرەکی لە سیاسەت و ستراتیژی نیشتمانی، هیچ شکی تێدانییە کە ئەمە بۆ هەرێمی کوردستان باشە، شتێکیش بۆ کوردستان باشبێت، ئەوا بۆ هەموومان باشە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif