جیهانی دەرەوەی سەردەمی ئەمریکا

ليست هناك تعليقات


 ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

تائێستا جیهان لەسەردەمی ئەمریکادایەو تاکو جیهانیش لەسەردەمی ئەمریکادا بێت، ئەگەری ئاشتی زیاترە لەئەگەری جەنگ‌و پێکدادانی زلهێزو وڵاتانی خاوەن چەکی قورس، هەرکاتێک جیهان بکەوێتە دەرەوەی سەردەمی ئەمریکا ئەوا ژیان لەسەر ئەم زەویە قورس دەبێت!

کاتێک جۆ بایدن وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەستبەکاربوو، وتی: ئەمریکا گەڕایەوە بۆ بەڕێوەبردنی جیهان، ئەمریکا نەک دوورناکەوێتەوە لەپاراستنی جیهان و هاوپەیمانەکانی بەڵکو گەڕایەوە بۆ بەرگری لەهەموو هاوپەیمان و بەها باڵاکانی.

ئێستا قسە لەسەر کشانەوەی بەشێکی هێزەکانی ئەمریکا دەکرێت لەئەفغانستان و زۆر وڵاتی دیکەش، تەنانەت ئیدارەی کۆشکی سپی پێیانوایە کۆتایی بەدرێژترین جەنگی خۆیان دێنن، بەڵام جەنگی ئەفغانستان دووجار بۆ ئەمریکا گرنگەو جەنگێک نییە لەساڵی 2001و دوای ڕووداوی 11ی سێپتەمبەرەوە دەستی پێکردبێت، لەڕاستیدا ئەم جەنگە پێش تاڵیبان‌و ئوسامە بن لادن جەنگێکی کۆنترە کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1979 بۆ 1989و پێکدادانی سۆڤیەت‌و ئەمریکا لەو وڵاتە، بۆیە لەلایەک ئەمریکا بەئاسانی کۆتایی بەم جەنگە ناهێنێت لەلایەکی دیکەشەوە هەر کشانەوەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لەجیهاندا مانای دەرچوونی جیهانە لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا.

لەهەر ئەگەرێکدا، ئەگەر ئەمریکا بەشێکی هێزەکانی بکشێنێتەوە لەئەفغانستان، ئەوا بەجۆرێک لەجۆرەکان مانای ئەوەیە کە ئەمریکا بەشێکی ئەو جەنگەی دۆڕاندووە کە زۆرێکی مێژوونووسان بەجەنگی هەڵوەشاندنەوەی سۆڤێتی ناودەبەن لەبەرامبەر ئەمریکادا، لێرەوە ئەمریکا دەچێتەوە ناوخۆی خۆیی‌و ئیتر جیهانی سەردەمی ئەمریکا دەکەوێتەژێر پرسیارەوە، لەم کاتەشدا ئەگەری تەقینەوەو پێکدادانی وڵاتان زیاترو زۆرتر دەبێت، چونکە هەر گەڕانەوەیەکی ئەمریکا بۆ ناوخۆی خۆی مانای ڕادەستکردنی ناڕاستەوخۆی جیهانە بەزلهێزی دیکەو دابەشکردنی جیهانە بۆ چەند شێوەیەکی سەردەمی ڕوسی‌و چینی‌و ئەمریکی‌و....هتد.

قسەکردن لەسەر پێویستبوونی هێزەکانی ئەمریکا لەوڵاتانی جیهاندا فرە لێکدانەوەو ئاراستەیە، یەکێک لەو لێکدانەوانە ئەوەیە: تاکو ئەمریکا هێزی زیاتر بنێرێتە وڵاتانی جیهان مانای وایە ئەمریکا زیاتر وەک خاوەن‌و سەرداری جیهان دەردەکەوێت. بەمانایەکی دیکە، تاکو هەژموونی ئەمریکا زیاتر پەلبهاوێژێت بەجیهاندا ئەوا جیهان لەسەردەمی ئەمریکادایەو تەنها ئەمریکا دەتوانێت ئاشتی؛ یان جەنگ بەرهەمبهێنێت بۆ وڵاتان‌و جیهانیش.

ئەمریکا تاکە وڵاتە زۆرترین ڕێژەی سەربازو مارێنزی بەوڵاتانی جیهاندا بڵاوکردووەتەوەو چەند وڵاتێکی کەمی جیهان هەیە مارێنزی ئەمریکی تێدانەبێت، هەر پاشەکشێیەک لەهێزەکانی ئەمریکادا وادەکات جیهان بکەوێتە دەرەوەی هەژموونی ئەمریکا، بەڵام بەکشانەوە یان کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لەئەفغانستان‌و ئەڵمانیاو سوریاو....هتد، جیهان ناکەوێتە دەرەوەی ئەمریکاو هەمیشە ئەمریکا هەڵبەزو دابەزو کەم‌و زۆری لەژمارەی سەربازەکانیدا کردووە لەوڵاتانی جیهاندا.

ئەگەرچی لەزۆر حاڵەتدا ئەمریکا بەهۆکاری نائارامییەکانی تەواوی جیهان هەژمارکراوە، چونکە هەمیشە ئەمریکا وەک گەورەی زلهێزو سیاسەت‌و دیبلۆماسی‌و بەرژەوەندخوازی بینراوە، بەڵام لەڕاستیدا هێشتا جیهانی سەردەمی ئەمریکا باشترە لەجیهانی دەرەوەی سەردەمی ئەمریکا، جیهانی دەرەوەی سەردەمی ئەمریکا هەمیشە جیهانی پێکدادانەکان‌و شەڕە گەورەکان دەبێت، ڕەنگە لەو کاتەدا ئەمریکا خۆی دنەی وڵاتان‌و جەمسەرەکان بدات بەردەوام لەجەنگ‌و کوشتاردابن‌و پشوویەک نەدەن.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif