سەربەست نەریمان
مرۆڤبوون، جەوهەری دینداریی و كرۆكی پەیامی پێغەمبەرانە، لێرەوەیە پرسی عەفرین و قودس، چیای مەتینا و غەززە، ژن و منداڵی سەرێ كانی و خەڵكی سڤیلی بۆرما، كیمیابارانی هەڵەبجە و بۆمبارانی هێرۆشیما،ستەمكاری بەرانبەر دەستگیركراوەكانی بادینان و بە ناڕەوا لە كونجی زیندان توندكردنی ئیخوانەكانی میسر ، شەهیدكردنیی سۆرانی مامە حەمە و كاوە گەرمیانی و سەردەشت و ویداد ، بە مشار بڕینەوەی جەمال خاشقچی لە نێو كونسوڵخانەی سعودیە لە ئەستەنبوڵ ، دەبێتە خەمی هاوبەش و وەك یەك ویژدانی مرۆڤایەتی دێنێتە جۆش..
تۆ كە تەنها ئەو پرس و كێشانە زمانت دێنێتەگۆ كە بە پێوەری ئایدۆلۆژیی خۆت دەیانپێویت و هاوسۆز و هاو ئایدیایت جا ئایدۆلۆژیستێكی ئاینیت یا نەتەوەیی، بێشك تۆ بەشێكی گەورەی ئینسانیەت و مرۆڤبوونی خۆت پێشێلكردووە.
تۆ كە لەبەرانبەر ستەم و داگیركاریی سەر عەفرین، بێدەنگی هەڵدەبژێری و هەندێجاریش ئاو دەكەیت بە ئاشی داگیركەری عەفریندا و بۆ ئەمەش پاڵنەرەكەت ئایدۆلۆژییەو قەناعەتت بەخۆت هێناوە كە مادام حكومڕانی عەفرین هێزگەلی چەپ و عەلمانین،چاو لە ئاست ستەمكاری و داگیركاریی و تاڵانچێتی و ڕاگواستنی هاوڵاتیەكانی دەنوقێنی، گومانت نەبێ تۆ نیوە مرۆڤیت و هێشتا سەدان پلیكانەت ماوە بۆ گەیشتن بە مرۆڤێكی كامڵ، مرۆڤێكی كامڵی وەكو پەیامبەران كە دژی هەموو ستەمكاریەك بو
ون.
دیسانەوە گەر تۆ بێدەنگیت لە ئاست كوشت و بڕی ژن و منداڵی بێتاوانی غەززە و ئاگربارانكردنی شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانی مەدەنی و ڕاگواستنی زۆرەملێی هاوڵاتیانی فەڵەستینی و نیشتەجێكردنی خێزانە جولەكەكان لە شوێنیان و پاڵنەری بێدەنگی یا خود هاوسۆزیت لەگەڵ ئیسرائیل ئایدۆلۆژیایە، ئەوا تۆش نیوە مرۆڤیت و لە حەوت ئاوت هەڵكێشن ژەنگ و چڵكی ئایدۆلۆژیاكەت هێشتا پاك نابێتەوە..
بە پێوەری ئینساندۆستی، مادام ستەمكاریەك لە گۆڕێدایە، مادام بابەتەكە داگیركاریی و كوشتنی مرۆڤی سڤیلە، مادام پرسەكە هەوڵی سڕینەوەو دەستدرێژییە بۆسەر شوناس و ناسنامە، هەم عەفرین و هەم قودس،هەم كۆمەڵكوژیی كورتەك و كونەماسی و هەم بە بۆمب سوتاندنی مناڵی غەززە كێشەی تۆن، هەڵبەت ئەگەر خۆت پێ ئینسانە و نەبووی بە كۆیلەی ڕق و بوغزی ئایدۆلۆژیا..!
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق