فەیلەسوفی دیاری ئەڵمانی یورگ هابرماس رایگەیاند، بەهۆی ناڕونی پەیوەندی دامەزراوەی شێخ زاید بۆ نوسەران بە سیستمی حوکمڕانی ئیماڕاتەوە، رەتیدەکاتەوە خەڵاتی ئەو دامەزراوەیە لە بواری ئەدەبدا وەربگرێت. هاوکات، "بەرپرسانی دەزگاکە نیگەرانن لە بڕیارەکە".
یورگن هابرماس فەیلەسوفی دیاری ئەڵمانی و تەمەن ٩١ ساڵ بە ماڵپەڕی شپیگڵ ئۆنلاینی وڵاتەکەی راگەیاند، "پێشتر ئامادەیی خۆمم بۆ وەرگرتنی خەڵاتی شێخ زاید بۆ نوسەران لە ئەمساڵدا دەربڕی، بەڵام بڕیارێکی هەڵەبوو، ئێستا راستی دەکەمەوە".
خانەی زورکامب بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە لە راگەیەندراوێکیدا کە بۆ ماڵپەڕی شپیگڵ ئۆنلاینی ئەڵمانی ناردووە و بڵاوکراوەتەوە تیایدا هاتووە، هابرماس هۆکاری وەرنەگرتنی خەڵاتەکەی ئاشکرا کردووە و دەڵێت، "بە تەواوەتی لام روننەبوو پەیوەندی نێوان دەزگای شێخ زاید کە ئەم خەڵاتەدەدات چیە بە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەوە".
لەلایەن خۆیانەوە، بەرپرسان و چاودێرانی خەڵاتەکە لە دامەزراوەی شێخ زاید نیگەرانی خۆیان دەربڕی لە رەتکردنەوەی خەڵاتەکە لە لایەن ئەو فەیلەسوفە ئەڵمانییەوە، هاوکات، راشیان گەیاند، "رێز لە بڕیارکەی دەگرن".
یورگن هابرماس فەیلەسوف کۆمڵناسی گەورەی ئەڵمانی لە ١٨ی ٦ی ١٩٢٩ لە دوسڵدرۆڤ لە ئەڵمانیا لە دایکبووە. کۆتا تیۆریستی قوتابخانەی فیکری رەخنەگرانەی فرانکفۆرتی ئەڵمانیایە و یەکێکە لە زانا بەناوبانگەکانی کایەی کۆمەڵناسی و سیاسەت.
ساڵانە دامەزراوەی شێخ زاید بڕی ٧٧١ هەزار و ٧٨٠ دۆلار وەک خەڵات دەدات بە کەسایەتی ساڵ کە بە "کەسایەتی رۆشنبیری ساڵ" دەستنیشاندەکرێت، بەڵام کەسانی دیکە کە لە بوارە جیاجیاکاندا کاندید دەکرێن بڕی ٢٠٤ هەزار و ٢٠٠ دۆلار وەک خەڵات پێیاندەدرێت.
خەڵاتی شێخ زاید بۆ نوسەران بریتیە لە خەڵاتێکی ساڵانە لە پێناو بەهێزکردنی بەهای پێکەوە ژیان و گۆڕینەوەی مەعریفە و داهێنان و دروستکردنی پردی ئاڵوگۆڕی کەلتوری لە نێوان گەلانی دنیادا. ساڵی ٢٠٠٧ لە ئەبوزەبی دامەزراوە و دەستەی ئەبوزەبی بۆ کەلتور و توراس سەرپەرشتیدەکات.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق