حزب و رێکخراو

ليست هناك تعليقات


هەڵشۆ فتاح

کاتێك هەردوو وشەکە دەبیستێت، راستەوخۆ گوێ و هەستەوەرەکانت، ئەوەندە پێی ئاشنان پێویستت بەکات نییە، بۆ وردبونەوەو خۆ پێوە سەرقاڵکردن، بەڵام ئەوەی رەنگە کاتی بوێت، کارو پیشەی ئەم دوو دامەزراوەیە، پاشان رۆڵ و کاریگەرییانە، هەم لەسەر ئاستی دۆخی کۆمەڵگە جا چ بەرەو ئاراستەی باشبوون یان بەپێچەوانەوە، واتە ئەم دامەزراوانە بەقەبارەی خۆیان دەستیان لەباشکردنی دۆخی دەوڵەتداری و کۆمەڵگە، یاخود خراپکردنیان هەیە، بەتایبەت کاریگەری یەکەمیان لە وڵاتە دواکەوتووەکان و، ئەوانەی تائێستاش نەیانتوانیوە دامەزراوەی فعلی دروستبکەن زیاترە، چونکە تا دەوڵەت و دامەزراوە لاوازو بێ ئەرزش بێت، سێبەرو کاریگەری حزبیش زیاترو زاڵتر دەبێت، لەپاڵئەمەشدا رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنیش کاریگەریی کەم نییەو ئەگەر زەمینەی بۆ برەخسێت، دەتوانێت رۆڵی خۆی هەبێت.

لەهەرێمی کوردستان کاری هەردوو دامەزراوەکە بەروونی جیاکراوەتەوەو هەریەکەیان بۆ خۆی خاوەنی یاساو مەرجەعی خۆیانن.

کاری رێکخراو بەیاسای ژمارە (1) ساڵی 2011 یاسای رێکخراوە ناحکومییەکانە، خۆشبەختانە بەهەوڵ و، جوهدی زۆرێك لەوانەی ئێستا لەگۆڕەپانی کاری رێکخراوەیی و کۆمەڵی مەدەنین، دەستیان لەپەسەندکردنی ئەم یاسایەدا هەبوە، تارادەیەكی باش توانراوە زەمینەی کارکردن بۆ هەموان زامن بکات، بۆیە نەك هیچ رێگرییەك نییە، بەڵکو ئاسانکاریش هەیە، هەم لەرووی ژمارەی ئەندامی رێکخراو بۆ دامەزراندن، هەمیش بۆ پاڵپشتی مادی، چونکە ئێستا بەتەنیا سێ کەس دەتوانێت رێکخراوێك دابمەزرێنن، سەبارەت بەپشتیوانی مادیش، رێکخراوی نێودەوڵەتی هەیەو کارێکی زۆر قورس نییە، بەڵکو تەنیا هەوڵێکی بچووکی دەوێت.

کاری حزبیش بەپێی یاسای ژمارە (17) ساڵی 1993 رێکخراوەو ئەمیش هەرچەندە هەندێك کاری رۆتینی بچوکی وەزارەتی ناوخۆ دەوێت، بەڵام حەتمی نییەو دەکرێت دابمەزرێنرێت و بەئاشکراو بێ پەردە، ئەسپی خۆت و توانای خۆتی تێیدا تاوو بدەی، بێگومان ئەگەر توانای تاودانت هەبێت!.

هەڵبژاردن و کارکردنی، هەرکام لەم بوارەش هیچ عەیب نییەو لەکە نییە، تەنیا خواست و حەزی دەوێت، پاشان نمایشکردنی ئەوەی پێتە لەقەناعەتکردن و لیهاتوویت بۆ کۆکردنەوەی خەڵك لەچوار دەوری بیرو ئایدۆڵۆژییەکەت ئەگەر هەتبێت.

سەرئەنجام کاتێك نە حزبایەتی عەیبە بێت نە کاری رێکخراوەیی، هیچ پێویست بەشاردنەوە ناکات، بەڵام ئەوەی عەیبەو نەنگییەکی گەورەیە تێکەڵکردنی ئەم دوو کارەیە، چونکە روونە حزب لەپێناو گەیشتن بەدەستەڵات کار دەکات و، ئامرازە بۆ گەیشتن بەئامانج، بەڵام رێکخراو لەپێناو پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان دەستەڵات و هاوڵاتی، پاشان دەوڵەتی مەدەنی، بۆیە گرنگە هەر کەسێك جا فیگەرو نوخبە بێت یان ئاسایی، بەئاشکراو بێ پەردە کار لەهەریەکە لەو بوارانە کاربکات، تێکەڵی دروست نەکات لەنێوان هەردوو دامەزراوەکەدا، بەڵکو راستگۆ راست بێژ بێت لەوەی لەکامیان کاردەکات، کامیان بەمەیدانی خۆی دەزانێت.

بەڵام نەنگییەکی گەورەو جێگەی رەخنەی هەموان، ئەوەیە، قاچێكت لەحزب و ئەویترت لەرێکخراو، خۆت بەخاوەنی هەردووکیان بزانێت. تێکەڵکردنی ئەم دوو کارکردنەو گرێدانیان هەر ئەو گوتارەیە، ئێوەی پێی گەیاندە ئێستا، بۆیە ناکرێت ئەوەی دوێنی دژی بوویت ئەمرۆ زۆر بەئاشکراو بێ پەردە بەرگری لێبکەیت. سەرباری ئەم تێکەڵکردنە، زۆر سەرسەختانە بەرگری لە ناهەقی بکەیت و پێتوابێت داخستن ئاساییە، لەهەمان کاتدا رەش بەسپی ببینی و، هێشتا پێتوابێت تۆ لەسەر هەقی و دەبێت گوێرایەڵ و جێبەجێکاری فەرمایشتەکانت بن، ئەگەرنا ئەوا کەناڵی کارکردنیان لێی دەبڕێت و دەیانخنکێنێت!..

سەیرە لانی کەم دەبێت ئەوەت بێتەوە یاد، کەسێك قوربانی دەستەڵاتی حزبی شمولی، بێت، نابێ خەڵکی تر بکاتەوە قوربانی! تەنیا لەبەرئەوەی گوێی لەمست و جێبەجێکاری فەرمایشتی تۆ نییە.

بۆیە جەنابی متەسەریف یان خورما یاخود مێوژ، خورمژ ناخوات، ئەمرۆش بڕوا، سبەی دەبچرێت.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif