نزیكبوونەوەی سعودیە و سوریا

ليست هناك تعليقات

بورهان شێخ ڕەئوف‌



دوای ساڵانێكی زۆر لە دابڕان و لێكترازان و دڕدۆنگی لەنێوان بەشێك لە وڵاتانی ناوچەكە بەتایبەتی دوای بەهاری عەرەبی، وا جارێكی تر جموجوڵێكی دیپلۆماسیی خێرا هاتۆتە ئاراوە، هەموو ئەو لێداوان و بانگەشانەیان بیرچۆتەوە كە بە یەكتریان وتبوو، بە جۆرێك كورد وتەنی «با بە دەواری شڕی نەکردبێت».

من هەر لەم گۆشەنیگای خۆمەوە كەم و زۆر باسی ئەو پەیوەندیی و لێك نزیکبوونەوانەم كردووە لە سەرەتاكانیدا، هەر لە نزیكبوونەوەی میسر و توركیا، سعودیە و ئێران، قەتەر و سعودیە، ئیسرائیل و ئیماراتی عەرەبی، ئیسرائیل و وڵاتانی تری كەنداو.

ئەوەی ئەمجارە دەخوازم باسی بكەم، لێك نزیكبوونەوەی سعودیە و سوریایە كە پەیوەندییەكانیان لە ساڵی 2011 ـەوە بە هۆی شۆڕشی سوریا و شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتەوە بچڕاوە. دەستێوەردانەكانی سعودیە لە سوریا و لێدوانەكانی عادل جەبیری وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی سعودیە كە دەیوت: «ناكرێت پەیوەندیی و دانیشتن لەگەڵ خوێنڕێژ و جەلادی گەلی سوریادا بکرێت». بەهەرحاڵ لە سیاسەتدا هیچ شتێک مەحاڵ نییە و بەرژەوەندیی و پێشهاتەكان دواجار بڕیاردەدەن.

رۆژنامەی بەناوبانگی (گاردیان)ی بەریتانی لە 4/5/2021 ئاشكرایكردووە کە سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی سعودیە خالید حمێدان سەردانی دیمەشقی كردووە و چاوی بە عەلی مەملوك-ی هاوتا سورییەكەی كەوتووە.

پەیامنێری ئەو رۆژنامەیە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نووسیوێتی: «رۆژی 3/5/2021 یەكەم كۆبوونەوە لە نێوانیاندا بەڕێوەچووە، كە ئەمە هەنگاوی یەكەمی كرانەوەی چاواڕوانكراوە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا لە دوای ململانێیەكی درێژ».

ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان

بەرپرسەكانی سعودیە ئەوەیان بە رۆژنامە بەریتانیەكە راگەیاندووە كە هەفتەی داهاتوو لە دوای جەژنی رەمەزان ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان سعودیە و سوریا دەستپێدەكاتەوە، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە بۆ سوریا و سەرۆكەكەی بەشار ئەسەد لەم کاتەدا بە تایبەتی كە بەشار ئەسەد-ی سەرۆکی ئێستای سوریا، خۆی كاندید كردۆتەوە بۆ خولی چوارەمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری وڵاتەکەی کە بڕیارە هەڵبژاردنەکە لە 25/5/2021 بەڕێوەبچێت.

هەموو ئەم پێشڤەچوون و پەیوەندییانە لە كاتێكدا روودەدەن کە سعودیە وڵاتێكی سەرەكی بوو لەو پیلانەی لە ئارادابوو بۆ كۆتاییهێنان بە رژێمی ئەسەد لە سوریا، ئەویش لە رێگەی چەكداركردن و كۆمەكی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە، دواتر دوای دەستێوەردانەكانی روسیا لە سوریا، تەرازوی هێز گۆڕرا و پێگە و رۆڵی سعودیە رووی لە پاشەكشە كرد.


گرنگیی نزیكبوونەوەی ئەم دوو وڵاتە

هەنگاوی پاشتری ئەم كرانەوەیە، كردنەوەی باڵیۆزخانەی سعودیەیە لە دیمەشق كە ئەمەش گرنگی زۆری بۆ سوریا هەیە لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە كە پێگە و هەژموونی وڵاتانی ئیقلیمی لە سوریا لاواز دەكات و بە پێچەوانەوە پێگە عەرەبییەکەی بەهێز دەكات.


لە رووی ئابووریشەوە بەهۆی جەنگی درێژخایەنی سوریاوە ئابووریی ئەو وڵاتە داڕووخاوە و گەلی سوریا ئێستا بە یەكێك لە هەژارترین گەلانی ناوچەكە هەژمار دەکرێت، نزیكبوونەوەی سوریا لە وڵاتانی زەنگینی كەنداو بە تایبەتی سعودیە، دەستكەوتی گەورەی بۆ خەڵكی سوریا دەبێت و بەتایبەتی تریش بۆ بەشار ئەسەد كە بە جۆرێك لە جۆرەكان رەوایەتی بەدەست دەهێنێتەوە.


لەلایەكی ترەوە بۆ سعودیە گرنگە کە بەشداریی لە ئاوەدانكردنەوەی سوریادا بكات، روسیاش پێی باشە سەرمایەی كەنداو بگەڕێتەوە بۆ سوریا، روسیا و سوریاش هەوڵدەدەن لە رێگەی نزیكبوونەوە لە سعودیە، كاریگەرییان لەسەر ئەمریكا هەبێت، دەربارەی دۆسێی سوریا، بەتایبەتی كە هێزەكانی ئەمریكا لە باكووری سوریادان و هاوپەیمانی هەسەدە-ن.

دوای ئەوەی هەردوو هاوپەیمانیی ناوچەیی سعودیە و میسر و ئیمارات پەیوەندییەكانی خۆیان ئاسایی كردەوە لەگەڵ سەرۆكی سوریا بەشار ئەسەد، ئیتر سعودییەكانیش خێرا وەخۆ كەوتن و هەنگاوی هاوشێوەیان نا.


كورد و ئەم لێكنزبوونەوانە

یەكێك لەو بابەتانەی كە لەم كۆبوونەوانەدا باس دەكرێت بێگومان مەسەلەی كورد و ئایندەی كوردە لەم ناوچەیەدا، چونكە كورد یەكێكە لە چوار نەتەوەی ئەم ناوچە (تورك، عەرەب، فارس و كورد) ئەگەر تائێستا بێبەش و بێبەری كرابێت لە مافە سیاسی و سەرەتاییەكانی خۆی، ئەوا ئەگەر هەروا بەردەوام بێت، ئەم ناوچەیە نە ئارامی و نە سەقامگیریی بەخۆیەوە نابینێت، بۆیە بۆ لەمەودواش ئەگەر بخوازن بەهەمان ریتمی رابردوو ئەم ناوچەیە بەڕێوەبەرن، دەبێت لەوە دڵنیابن ئارامی و سەقامگیریی بەدی نایەت و ئەو هاوكێشەیە هاوسەنگ نابێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif