عامری پێشنیازێک بۆ سەدر دەکات: کازمی دووبخەرەوە

ليست هناك تعليقات

ڕۆژنامەی "العربي" لە راپۆرتێکی شیکاریدا دەڵێت، کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان قووڵ بووەتەوە و ئاشکرای دەکات کە هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح داوای لە موقتەدا سەدر، سەرۆکی هاوپەیمانێتی سائیرون کردووە کازمی لە پۆستەکەی دووربخاتەوە.

ڕۆژنامەی "العربي" (30ی ئایاری 2021) لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانیدا بڵاویکردەوە، "بەشداریکردنی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆنگرەی چوارەمی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە بەغدا بەبێ مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیران، گومانی لای هەندێک لەچاودێرانیی دۆخی سیاسی عێراق دروست کردووە و بەشێکان ئەو پرسە دەگەڕێننەوە بۆ پەرەسەندنی کێشەکانیی نێوان ناوبراو و لایەنە سیاسییەکانی سەر بە حەشدی شەعبی".


بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ڕۆژنامەیە، "هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح داوای لە موقتەدا سەدر، سەرۆکی هاوپەیمانێتی سائیرون کردووە کازمی لە پۆستەکەی دووربخاتەوە وحکومەتێکی فریاگوزەری پێکبهێنرێت تا ئەنجامدانیی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو".


ئاماژە بەوەشکراوە، "هەردوو هاوپەیمانێتییە گەورەکە لە کۆبوونەوەکانیاندا چەند ناوێکی نزیکیان لە هاوپەیمانێتی سائروون تاوتوێی کردووە وەک جێگرەوە بۆ کازمی".


ئەوەشخراوەتە ڕوو، "چاودێرانیی دۆخی سیاسی عێراق پێیانوایە جارێ سەردەمی کازمی کۆتایی نەهاتووە، چونکە ئەوماوە کەمەی کە ئێستا ماوە پێش هەڵبژاردنەکانی تشرینی داهاتوو، ڕێگە نادات بە ئەنجامدانی هیچ گۆڕانکارییەکی لەوجۆرە، هاوکات کۆدەنگییەکی نیشتیمانی هەیە کە بانگەوازی ئەو دەکات کە دەبێت هەڵبژاردنەکان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت و ببێت بەمایەی گۆڕانکارییەکی سیاسیی ڕاستەقینە لەعێراق، چونکە ئامانج تەنها لە و پرۆسەیە تەنها گۆڕینی سەرۆکی حکومەت نییە".





ئاڵۆزییەکانی ئەمدواییە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو (26 ئایاری 2021) دەستیپێکرد کاتێک قاسم موسڵح، فەرماندەی میحوەری ئەنباری حەشدی شەعبی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەستگیرکرا و ئەوەش گروپە میلیشیاکانى سەربە حەشدى شەعبى توڕە کرد و هەڵیانكوتایە سەر ناوچەى سەوزی بەغدا، پاش ئەوەش هێزێکى زۆرى ئەمنى لە دەروازەکانى ناوچەى سەوز بڵاوەیان پێکرا و لەشەقامەكانی بەغداش گرژی دروست بوو.

دواتر ڕۆژنامەی ئەلعەرەبی چاپی لەندەن بڵاویكردەوە، مستەفا كازمی هەڕەشەی ئەوەیكردووە لە هادی عامری ئەگەر چەكدارەكانی حەشد نەچنە دەرەوە، ئەوە لەگوتارێكی تەلەفزیۆنیدا دەستلەكاركێشانەوە ڕادەگەیەنێت و ئۆباڵی هەرەسی دەوڵەتیش دەخاتە ئەستۆی هێزە شیعەكان.

ڕۆژنامەكە لە ڕاپۆرتیدا (28 ئایاری 2021) ستایشی ئازایەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دەكات لە دەستبردن بۆ فەرماندەیەكی حەشد و ئازایەتی دەستگیركردنی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنبار و ئەمەش بە "گۆڕانی پەیوەندی حكومەت لەگەڵ حەشد" دەداتە قەڵەم.

ئەلعەرەب لەزاری سەرچاوەكانییەوە ئەوەشی ئاشكراكردووە لە شەوی گەمارۆدانی ناوچەی سەوز، مستەفا كازمی بەهادی عامری سەرۆكی بەدری وتووە كە یەكێك لە بەهێزترین میلیشیاكانی ناو حەشدە، ئەگەر هێزە چەكدارەكان لەناو ناوچەی سەوز نەچنە دەرەوە، ئەوا دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش دەكات و ئۆباڵی هەرەسی دەوڵەتیش دەخاتە ئەستۆی هێزە شیعەكان.

بەگوێرەی سەرچاوەكانی ئەلعەرەب عامری توشی شۆك بووە لە پێداگریی زۆری كازمی و پێیوا نەبووە دەست بۆ فەرماندەیەكی باڵای حەشد ببات لەچەشنی قاسم موسڵیح، هەروەها بڕوای نەكردووە لەسەر هێشتنەوەی لەزیندان ئەوەندەش بەرگری گوشارەكان بكات.

هادی عامری كە سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحی حەشدی شەعبی دەكات لە پاش هەڵكوتانە سەر ناوچەی سەوز و بڵاوەكردنی چەكدارەكان، لە لێدوانێكدا كە "ناس كورد" بینیویەتی (28 ئایاری 2021) جەختیكردەوە، "ئەوەی دەیەوێت بەهەر پاساوێک شکۆی حەشدی شەعبی بشکێنیت، ئەوەیە کە دەیەوێت شکۆی دەوڵەت بشکێنێت" هەروەها وتیشی "حەشدی شەعبی بە خوێنی خۆی شکۆی دەوڵەتی بونیات ناوە". و باسی لەوەشكرد كە "هەندێك گرتن و ئەشكەنجەدان هەیە ناكرێت هیچ كات ڕازین بین پێی".

هەرچەند تۆمەتەكانی قاسم موسڵیح، تیرۆرە، بەڵام بەپێی زانیارییە دزەپێكراوەكان ناوبراو تۆمەتبارە بە هێرشكردنە سەر بنكەی (عین الأسد) ئەمەریكییەكان و تیرۆركردنی چالاكوانانی خۆپیشاندانی تشرین لەوانەش ئیهاب وەزنی كە لە (9 ئایار) لە سەنتەری كەربەلا كوژرا. بەهۆی ئەوەشەوە ڕۆژی (25 ئایار) خۆپیشاندەرانی باشوری عێراق لە هەموولایەكەوە ڕژانە گۆڕەپانی تەحریر و گۆڕەپانی نسوری بەغدای پایتەخت لەژێر دروشمی "كێ كوشتمی؟" و جموجوڵەكەی خۆشیان ناونا "شۆڕشی ئیهاب وەزنی".

قاسم موسڵیح، كە پێشتر و لەسەردەمی شەڕی داعش فەرماندەی لیوایەكی سەر بەعەتەبەكانی مەرجەعیەتی نەجەف بووە "الطفوف" كە بە "حەشدی مەرجەعیەت" دەناسرێت، دواتر پەیوەندی كردووە حەشدی وەلائی سەر بەئێران، لەگەڵ براكەیدا (عەلی موسڵیح) تۆمەتبارن بە سەركوتكردنی ناڕازییەكان و گەندەڵی دارایی و سەرانە وەرگرتن، لەم میانەیەشدا دایكی ئیهاب وەزنی، لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا دەڵێت، قاسم موسڵیح هەڕەشەی توندی لە كوڕەكەی كردووە "ئەگەر یەك رۆژیشم مابێت لە ژیاندا هەر دەتكوژم".



ئەحمەد ئەلیاسری كە چاودێرێكی سیاسییە لە شیكارێكدا باس لەوە دەكات، موسڵیح لەم ساڵانەی دوایی و لەسەر دەستی قاسم سلێمانی، بووەتە جێگە متمانەی سوپای پاسداران و سەرپەرشتیكردنی دۆسیەی ئەمنی میحوەری ئەنباری پێ سپێردراوە كە عێراق و ئێران دەبەستێتەوە بە سوریا و مۆڵگەی پێشووی ڕێكخراوەكانی ئەلقاعیدە و داعش بووە، هەر ئەمەش قاسم موسڵیح كردووەتە یەكێك لە بڕواپێكراوترین لێپرسراوەكانی ناو حەشدی شەعبی و كەسایەتییەكی كاریگەر لە دەستەی حەشدی شەعبی.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif