میران محمد
چەند رۆژێكە زنجیرەیەك كۆبوونەوەی گرنگ لەنێوان لایەنە سیاسییەكان ئەنجام دەدرێت، هاونیشتمانیان لەكۆبوونەوەكان تەنها ئەو باوەش و زەردەخەنانە دەبینن، كە بەرپرسەكان وەك ئەتەكێتی سەرەتای كۆبوونەوەكان لەمیدیاكانی خۆیانەوە ئەیگوێزنەوە.
هەرچۆن بێت ئەنجامدانی كۆبوونەوەكان لەوە باشترە لایەنەكان لەدوورەوە مۆڕە لەیەكتر بكەن و سۆشیال میدیاكانیشیان بەناوی رادەربرینی ئازادەوە بەردەنە یەكتری.لەدوای سەردانەكەی دكتۆر بەرهەمەوە بۆ هەولێر كۆبوونەوەكان درێژەیان هەیە،
گرنگە لەوخاڵەوە سەیری دۆخەكە بكرێت، کە ھەرێم ئاگادار کراوەتەوە کە بەم ئەقلییەتەی ئێستاوە سیاسەت و تعامول لەگەڵ بەغداد و ھێزەکانی عێراق ناکرێت و پێویستە سیاسەتی خۆیان بگۆڕن و بەشێوەیەک بێت بەرژەوەندی ھاوڵاتیان بە بەر چاو بگیرێت و لە سودی ھەرێمی کوردستان بێت چونکە بەم شێوەیە بەردەوام بن زیان بە ھەرێمی کوردستان دەگەیەنێت،
كاك مەسعود لەچەندرۆژی رابردوو بەراشكاوی رایگەیاند مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە ئاخۆ ئەم سیستەمەی ئیستا بەم حاڵەیەوە توانای بەرگری و پارێزگاری هەرێمی هەیە، خۆ گەر هەیە بۆ بارزانی داوا لەهاوپەیمانان دە کات هەرێم بپارێزن، گەر ئەو توانایەش لە دوای 30 ساڵ حوكمرانی بەرهەم نەهاتوە، ئەوا دەرخەری ئەوەیە، كە سیستەمی حوكمرانی خەلەلی گەورەی هەیە، ئەمەش بەو مانایەدێت، هەرێم هیچ كات پارێزراو نییە، چونكە سێكتەری خۆپارێزی ئەوەندە لاوازە كە نەك لای خەڵك لای بەرپرسە بالاكانیش متمانەی پێناكرێت.
ئەوەی لەمیدیاكانەوە باس دەكرێت بەشێك لەئامانجی سەردانەكەی دكتۆر بەرهەم بۆ هەوڵیر ئەوە بووە، كە ئەگەری گۆرانكاری لەناوچەكە لەئارادایە، باس لەوەش دەكرێت پرۆژەیەكی رانەگەیەنراوی داوەتە دەست هەموو لایەنەكان، لەپێش هەمووشیانەوە پارتی و یەكێتی، بەڵام پرسیارەكە لێرەدایە، ئاخۆ ئەم حزبانە بەتایبەتی پارتی و یەكێتی ئەوەندە متمانەیان بەیەكتر ماوە تا پێكەوە پرۆژەیەك تەبەنی بكەن و ئەو بەرپرسیارێتیە بخەنە سەر شانی خۆیان، ئاخۆ هەوڵەكان بەو ئاراستەیە دەبرێت، كە گوتاری هاوبەش بەرهەمبهێنرێت و لەرێگەی دەست پێشخەری چاكسازی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانەوە متمانەی نێوان جەماوەرو لایەنە سیاسییەكان مەتین تر بكەنەوە، یان ئەم هەوڵەش بەدەردی ئەو پرۆژەو هەوڵانەی رابردوو دەچێت و دوای چەندین دانیشتن وچەندین سەعات لەكۆبوونەوەكان شتەكان هەروەك خۆی دەمێنێتەوەو ئەمە هەوڵەش دەكرێت بەقوربانی بانگەشەیەكی تر بۆ هەڵبژاردنەكان.
بۆیە خەڵك ناهەقیان نییە گومان لەهەر بەلێن و رێككەوتنێك بكەن، كە لەژوورە تاریكەكاندا ئەنجام دەدرێت، بەڵام باشتریشە خەڵك چاوەروان بن، تا پێش رووداوەكان نەكەون، هەرچەندە ئەوەی دەبینرێت، وەك كورد دەڵێك، خواستی خەڵك لەدۆڵیك و نیەتی دەسەڵاتیش لەدۆڵیكی ترە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق