ئێمە کێین ؟
نێچیرڤان بارزانی پێناسەمان دەکاتەوە
زینۆ کاکەیی
گەرچی سەرەتای ژیانی مرۆڤایەتی و دروستبوونی یەکەم لانکەی شارستانیەت لەڕۆژهەڵاتەوە سەرچاوەی گرتووە ، بەڵام بەهۆی نەبونی حوکڕانی تەندروست و سەرکردەی هۆشمەند نەتوانراوە ئەم مێژووە بەشێوازە ئەرێنیەکەی بقۆزرێتەوە و لەبری هێز بۆ مرۆڤ و بڵاوکردنەوەی ئەم بیرۆکە کۆنەی شارستانیەت بۆ کۆی مرۆڤایەتی ، ئێستا ڕۆژهەڵات بەدەر لەڕۆژهەڵاتی دوور ( چین ، هند ، یابان ) ڕۆژهەڵاتی نزیک بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێک لە ناوچە هەرە مەترسیدارەکانە بۆ ژیانی مرۆڤ ، بەهۆی ناعەقڵانی سیستمی سیاسی و ئابوریەوە ئێستا ئەم ناوچە دێرینەی مرۆڤایەتی لەوپەڕی ناسەقامگریدا دەژی لەهەموو ڕویەکەوە ، هەر بۆیە دوای خۆکۆکردنەوەی ڕۆژئاوا و ڕزگاربوونیان لە سیستمی ناعەقڵانی ، ئێستا دەتوانین بڵێین ڕۆژئاوا نزیکەی کۆنترۆڵی هەموو سیستمی سیاسی و ناسیاسی ڕۆژهەڵاتی نزیکی کردووە ، ئەوان لەبری دژایەتی ئێمە هەوڵیانداوە لەڕووی هزرەوە ئەم دەسکەوت و شانازیانە لەڕۆژهەڵات بسەننەوە و بیکەنە مۆرکی ڕۆژئاوا ، ئەوان لەهەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمەوە فێری ئەوەبوون کە جەنگ و هێز ناتوانێ هیچ شتێک بگۆڕێ ، بەڵکو ئەوە هزرە ئەتوانی جیهان ئاراستە بکات ، بۆیە هەزوو وەخۆیان کەوتن و لەبری شەڕ ئاشتیان هەڵبژارد ، لەو ڕێگەیەوە توانیان کەرامەتی مرۆڤ و کۆی بەهاکانی بۆخۆیان بقۆزنەوە و شارستانیەتێکی سەقامگیر و عەقڵانی بۆخۆیان بەرهەم بێنن ، کە هەزاران ساڵی دیکە ڕۆژهەڵات پێی ناگات ( جاڕنامەی گەردونی مافەکانی مرۆڤ ، دەستوری نەتەوەیەکگرتووەکان ) بەرهەمی هزری ئەوانە .
یەکێک لەو پرسیارە هەرە فەلسەفیانەی کە دەتوانین بڵێین داهاتووی کۆی مرۆڤایەتی پێوە بەندە ( کێمە کێین ؟ ) زادەی بیری هەردوو فەیلەسوفی غەیرە ڕۆژهەڵاتین بەمانا هزریەکەی کە ئەوانیش ( ساموئێل هاندکتن ، یوڤاڵ نوح هەراری ) کە یەکەمیان مەسیحی و ئەوی تریان یەهودیە ، واتە جیهانی ئیسلامی خاڵیە لەم پرسیارە ، ئەوان توانیان بە ورووژاندنی ئەم پرسیارە و گەیاندنی بە ناوەندەکانی دەسەڵات دووبارە پێناسەی خۆیان بکەنەوە و خۆیان ڕێکخەنەوە ، لەبەرەنجامی گەڕان بەدوای وەڵامی گونجاو ئەم پرسیارەدا نەخشەڕێگای خۆیان دیاری بکەن و خۆیان لەمەترسیەکانی داهاتوو بپارێزن ، هەر بۆیە جگە لەڕووداوی پێشبینیکراوی ( ١١ ی سبتێمەر ) لەسەدەی ئێستاماندا توشی کارەساتی ورانکەری گەورە نەبوون ، بەپێچەوانەوی ڕۆژهەڵاتی نزیک کە لەسەرەتای سەدەی بیس و یەکدا ڕوداوی وێرانکەری وەک تیرۆر و بەهاری عەرەبی زۆربەی ووڵاتانی ئەم ناوچەیەی وێرانکرد .
ئێمەی کوردیش بەدەرنەبووین لەو کارەساتانە و بگرە پریشکی گەورەمان بەرکەوت هەردوو کارەساتی ( جینۆسایدی ئێزدیەکان ، کۆکوژی کۆبانێ و عفرین ) دوو کارەساتی زۆر گەورەی مرۆڤایەتی بوون لەناوچەکەدا ، بۆیە دووبارە دەسەڵاتی کوردی دوای ئەو کارەساتانە بەخۆیداهاتەوە و زوو دەرکی بەوە کرد کە ( ئێمە کێین ؟ چیمان دەوێ ؟) لەسەردەستی جەنابی سەرۆک بارزانی لەپێگەی سەرۆکی هەرێمدا بڕیارێکی قورس و چارەنووس سازیدا ( ڕیفراندۆم ) کە ئەو ڕاستیەی بەگوێی جیهاندا دا کە ئێمە کوردین و دەمانەوێ سەربەخۆبین ، گەرچی جیهان ئەنجامەکەی ڕەتکردەوە ، بەڵام کارەساتێکی وەها گەورەی لێنەکەوتەوە کە ئێمە بەدرێژایێ مێژوو توشی بووین بەبێ هیچ داواکاریەک ، بووینە خاوەنی قەواڵەیەکی یاسایی و مێژووی لانی کەم ئێستا هەمووان دەزانن چیمان دەوێ.
ئێستاش دووبارە ( نێچیرڤان بارزانی ) لەپێگەی هەمان سەرۆکی هەرێمدا ئەو پرسیارەی ووروژاندەوە و دەیەوێ دووبارە پێناسەمان بکاتەوە و بەدوای دەسکەوتێکی تری مێژوویدا دەگەڕێ بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی گەشتر ، ئەوەی لە پانێڵی چوارشەممەی پیرۆز گوێ بیستی بووین وەرچەرخانێکی تری مێژووییە لە دوبارە پێناسەکردنەوەی چارەنووسی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتدا ، کە بەرهەمی ڕەنج و ماندووبونی بەڕێزیان و پەرۆشیانە بۆ داهاتوویەکی گەشتر ، ئەو ئەمڕۆ ئەو نەخشەڕێگایەی بۆ ڕوونکردینەوە کە تەبایی و یەک دەنگی زامنی داهاتوویەکی گەشە بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی ، بەزمانێکی نەرم هەمووانی پەیوەستکرد بە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی کە ( ئێمە کێین ؟ چیمان دەوێ؟ ) بەڕوونی ئاماژەی بەوەکرد کە دەبێ هەمووان بەخودی پارتیشەوە پێویستە وەڵامکی ڕوونیان هەبێ بۆئەم پرسیارە ، چونکە هەروەک ڕۆژئاوا گەشی و ڕەشی چارەنووسمان پەیوەستە بەوەڵامدانەوەی هەمووان ، هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێ بەتەنها ئەم چارەنووسە دیاری بکات ، چونکە نەتەوە پێویستە ( مێژوو ، چارەنوسی ) هاوبەشی هەبێ مێژوو بەواتا فەلسەفیەکەی واتا ( هەمووان چیرۆکێکمان هەبێ ، نەک هەریەک بۆخۆمان چیرۆکێک ) بۆیە پێویستە بۆ نەخشەڕێگای داهاتووی هەووان بەجددی لەخەمی جددی وەڵامی ئەم پرسیارەدا بین ، بەجۆرێک وەڵام بدەینەوە کەلەئاست گەورەیی پرسیارەکەدابێت ، نابێ لەکوردستان هیچ کەس و لایەنێک خۆی بە زۆر و کەم حساب بکات و کەم و بچووک بەتەمای زۆر و گەورەبێت ، ئەمە پەیوەستە بە چاەنووسی نەتەوەیەکی چەوساوەوە نەک حیزبێک یان دەسەڵاتدارێک ، ئەوەی لە پانێڵەکەدا بینیمان هەوڵێکی تری جددی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو بۆ گەڕان بەدوای وەڵامێکی گرنگ بۆ پرسیارێکی گرنگ ، نێچیرڤان بارزانی بەدەر لەپرۆتۆکۆڵ و دەسەڵاتی تەشریفاتی ئەوەی سەلماند کە ئەم پرسە دوورە لە بیرۆکراسیەت و ئەتەکێتی دەسەڵاتداری ، وێڵە بەدوای چارەسەرێک بۆ پرسێکی چارەنووساز کەپەیوەستە بەداهاتوومانەوە ، هەربۆیە جەنابیان کە لەبەرزترین پێگەی دەسەڵاتدا لەهەرێمی کوردستاندایە خۆی دوای هەمووان قسەی کرد ، دەبا هەمووان وەڵامدەرەوەیەکی باشی ئەو پرسیارەبین و ئەم بەڵگەنامە یاساییە چارەنووس سازە ( دەستور ) بەتەبایی تێپەڕنین و لەپاڵ قەواڵەی ( ڕیفراندۆم ) دا بیکەینە هەوێنی یەکڕیزی و دەسکەوتێکی تری چارەنووس ساز .
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق