سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی قودسەوەپرۆژەیەکی چارەسەری ڕاگەیاندوە کە تیایدا هاتووە: ئەنجامدانی گشتپرسی نیشتیمانی لەنێوان خەڵکی ڕەسەنی فەڵەستین کە لە پێش بەیاننامەی بیلفۆر لە فەلەستین دا نیشتەجێ بوون؛ لەخۆگرتەی شوێنکەوتووانی هەموو دینەکان (موسوڵمان، یەهودی و مەسیحیەکان) بەمەبەستی دیاریکردنی مافی چارەی خۆنوسین و جۆری سیستەمی سیاسی؛
دەقی پرۆژەی مەهدی شوشتەری بە بۆنەی رۆژی جیهانی قودسەوە:
پرۆژەیەکی دیموکراسی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی فەلەستین
مزگەوتی ئەقسا، یەکەمین قیبلەی موسوڵمانانی جیهانە کە چەندین دەیەیە لە چنگی زایۆنیزم دا یەخسیر کراوە. لە سەرەتای داگیرکاری قودس و فەلەستینەوە، خەڵکی فەلەستین، موسوڵمانان و ئازادی خوازانی جیهان بەرهەڵستی ئەو کارەیان کردووە و لە ئاست کردەوە داگیرکاری و دوژمنکاریەکانی رژێمی زایۆنی بەرگریان کردووە. لە دەستپێکی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە تاکو ئێستا، دۆزی فەلەستین و پێویستی پشتگیری کردنی گەلی ستەملێکراوی فەلەستین و بەرگری یاسایی ئەم گەلە لە دژی داگیرکاری و دوژمنکاری لە بنەما حاشاهەڵنەگرەکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە؛ لەم چوارچێوەیەدا دامەزرێنەری گەورەی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، حەزرەتی ئیمام خومەینی (ر.ع) بۆ راکێشانی سەرنجی کۆمەڵگەی جیهان لەمەڕ چارەنوسی قودس و رزگارکردنی فەلەستین لە چنگی رژێمی تاوانکاری زایۆنیزم، تەنها چەند مانگ پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، کۆتا هەینی مانگی پیرۆزی رەمەزانی وەک "رۆژی جیهانی قودس" ناولێنا بۆ ئەوەی زەمینەی یەکێتی موسوڵمان و تەواوی ئازادی خوازانی جیهان لە ئاست مافە یاسایی و مرۆڤایەتیەکانی گەلی فەلەستین دەستەبەر بکات و رۆژی قودسی نە تەنها بە رۆژی فەلەستین بەڵکو بە رۆژی ئیسلام ناوزەد کرد.
قەیرانی 73 ساڵەی داگیرکاری و زەوت کردنی سەرزەمینی فەلەستین و ئاوارەکردنی ملیۆنان فەلەستینی لەسەر خاکی باوباپیری خۆیان و دیدگای دوژمنکارانە و تاوانکارانەی رژێمی داگیرکاری زایۆنی لە تەواوی ئەم ساڵانەدا، قەیرانی فەلەستینی کردووە بە بەردەوام ترین و درێژترین و خەمناکترین قەیرانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی. بە رەچاوکردنی ئەزمونە قورسە بەدەستهاتووەکان لە ماوەی حەوت دەیەی رابردوودا و روبەڕووبونەوەی ئەم راستیە تاڵەی کە رژێمی زایۆنی پابەندی هیچ ڕێگەچارەیەکی سیاسی لەسەر بنەمای مافە لەکیسچووەکانی گەلی فەلەستین و چارەسەری بنەڕەتی ئەم قەیرانە نییە، زۆرینەی خەڵک و گروپە فەلەستینیەکان بژاردەی بەرگریان هەڵبژاردووە کە لە بنەما بنەرەتیەکانی مافە نێودەوڵەتیەکانە. ئەوان بەرگری هەمەلایەنە تا هەڵگرتنی تەواوەتی داگیرکاری سەرزەمینەکانی فەلەسەتین و پێکهێنانی حکومەتی یەکپارچەی فەلەستین کە پایتەختەکەی قودسی شەریفە، بە تاکە رێگەی بەردەم خۆیان دەزانن.
تەواوی گفتوگۆکان و ئەو پڕۆژانەی کە بۆ ئاشتی و چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە لە ماوەی چەند دەیەی کۆتایی دا پێشکەش کراون، بەهۆی رەچاونەکردنی ریشە بنەرەتیەکانی قەیرانەکە، پابەندنەبوونی رژێمی زایۆنی بە هەرجۆرە هەوڵێکی ئاشتی خوازانە بەهۆی ماهیەتی پشت ئەستور بە دوژمنکاری، داگیرکاری و فراوانخوازیەکانی ئەم رژێمە و هەروەها پشتگیری ئاشکرای دەسەڵاتە گەورەکان و ناوبژیوانە رۆژئاواییەکان لە رژێمی زایۆنی، لەبارچووە و شکستی خواردووە. پڕۆژە و پێشنیارەکان دەبوو بەشێوەی شێلگیرانە ڕەچاوی ریشەکانی قەیرانەکە بدات. داگیرکردنی سەرزەمینی فەلەستین و ئاوارەبوونی ملیۆنان فەلەستینی و بەردەوامی کردەوە توندئاژۆ و رۆژانەکانی رژێمی زایۆنی لە دژی گەلی فەلەستین کۆمەڵێکن لە ریشە و هۆکارەکانی بەردەوامبوونی قەیرانی فەلەستین. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە تەنیشت رەچاوکردنی ریشەکانی قەیرانەکە، دەبوو بە شێوەی شێلگیرانە میکانیزمێکی گونجاو بۆ رێگەگرتن لە بەردەوامی کردەوە تاوانکاریەکان و تیرۆریزمی رێکخراو و حکومی رژێمی زایۆنی لە دژی فەلەستینیەکان ئامادە بکات. تا کاتێک ئیسرائیل ئەو هەستەی هەیە کە هەر جۆرە کردەوەیەک لە دژی فەلەستینیەکان و گەلانی ناوچەکە بەبێ سزا دەمێنێتەوە، هیچ گەرەنتیەک بۆ وەستانی ئەم کردەوانە بوونی نابێت. هەروەها بۆ گەرەنتیکردنی رێگەچارەیەکی شایەنی جێبەجێ کردن بۆ قەیرانی فەلەستین، رۆژئاوا و لە سەرویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبوو کۆتایی بهێنێت بە پشتگیری کردنی تاکلایەنە لە رژێمی زایۆنی کە لە ماوەی حەوت دەیەی رابردوودا ئەنجامی داوە.
لە تەواوی پرۆژە پێشکەش کراوەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی داگیرکاری فەلەستین بچوکترین ئاماژە بە جێبەجێ کردنی مافی بنەڕەتی چارەی خۆنوسین بۆ خەڵکی فەلەستین نەکراوە. لەسەر ئەم بنەمایە، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵانی رابردوودا پڕۆژەیەکی چوار مادەیی لەمەڕ چارەسەری قەیرانی فەلەستین لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسی نیشتیمانی لە نێوان فەلەستینیەکان ئامادەکردووە و خستووەتەڕوو کە بەپێی بنەمای دیموکراسی و مافە نێودەوڵەتیەکان لە لایەن تەواوی وڵاتان و گەلانەوە بە تایبەت مافی دانپێدانراوی چارەی خۆنوسین پەسەندکراوە و لە سکرتاریەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دا بە فەرمی تۆمارکراوە. ئێمە بڕوامان وایە ئەم پڕۆژەیە ئەڵتەرناتیڤێکی گونجاوە لە بەرامبەر پڕۆژە شکستخواردوەکانی پێشوودا. ئەم پڕۆژەیە لە خۆگرتەی ئەم خاڵانەی خوارەوەیە:
1- جێبەجێ کردنی مافی گەڕانەوەی ئاوارە فەڵەستینیەکان بۆ سەرزەمینی میژوویی خۆیان؛
2- ئەنجامدانی گشتپرسی نیشتیمانی لەنێوان خەڵکی ڕەسەنی فەڵەستین کە لە پێش بەیاننامەی بیلفۆر لە فەلەستین دا نیشتەجێ بوون؛ لەخۆگرتەی شوێنکەوتووانی هەموو دینەکان (موسوڵمان، یەهودی و مەسیحیەکان) بەمەبەستی دیاریکردنی مافی چارەی خۆنوسین و جۆری سیستەمی سیاسی؛
3- پێکهێنانی سیستەمی سیاسی جێگەی خواستی زۆرینەی خەڵکی فەڵەستین؛
4- بڕیاردان لەسەر بارودۆخی دانیشتوانی غەیرە فەڵەستینی لەلایەن سیستەمی سیاسی هەڵبژێردراوی زۆرینەوە.
مەهدی شوشتەری
سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق