قوباد تاڵەبانی لەگەڵ شاندێکی یەكێتیی ئەوروپا كۆبووەوە، گفتوگۆیان لەبارەی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد و داوای لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا کرد پاڵپشتییان بکەن.
رۆژی چوارشەممە 26-05-2021 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە مارتن هوس، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و ڤینسینت پۆپیۆ، بەرپرسی نووسینگەی نێردەی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا هەردوولا پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵییان تاوتوێ كرد و جێگری سەرۆكوەزیران پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێكردنی یاسای بودجەی فیدراڵی دووپاتكردەوە.
لە تەوەرێكی دیکەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ كرا لەبارەی چاكسازییەكانی حكومەتی ھەرێم كە تاوەکو ئێستا هەنگاوی باشیان بڕیوە، هەروەها جەخت لە بەردەوامیی چاكسازییەكان و شۆڕكردنەوەیان كرایەوە و بۆ ئەو مەبەستەش قوباد تاڵەبانی داوای پاڵپشتیی وڵاتانی ئەوروپای كرد كە ئەزموونی زۆریان هەیە لەو بوارەدا.
هەروەها قوباد تاڵەبانی داوای هاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی كرد بۆ هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو بتوانێت لە فراوانکردنی ئازادییەکان و پەرەپێدانی بەهاکانی دیموکراسی بەردەوام بێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق