فیلمى (نانی پیرۆز) دوو خەڵاتی گەورەی بەدەست هێنا
فیلمی دیكۆمێنتاریی (نانی پیرۆز) لە دەرهێنانی خوالێخۆشبوو (رەحیم زەبیحی) و لە بەرهەمهێنانی (توورەج ئەسڵانی)، خەڵاتی زێڕین و خەڵاتی ئاشتی و مافی مرۆڤی لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكی، شەست و نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی (ترێنتۆ) لە وڵاتی ئیتاڵیا بەدەست هێنا.
بەڵگەفیلمی (نانی پیرۆز) دوایین بەرهەمی سینەماكاری كۆچكردووی كورد (رەحیم زەبیحی)، لە بەرهەمهێنانی سینەماكاری ناوداری كورد (توورەج ئەسڵانی) و بەرهەمی كۆمپانیای سینەمایی (ماد موڤی)، لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكی، شەست و نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ترێنتۆ لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایش كرا و توانی دوو خەڵاتی گەورە و گرنگی ئەم ڕووداوە پڕبایەخە سینەماییە و كۆنترین فێستیڤاڵی ئەورووپا بە ناوەرۆكی فەرهەنگی شاخ، سروشت و ڕووداوی سەرنجڕاكێش، لەوانە: خەڵاتی زێڕینی 3 هەزار یۆرۆیی باشترین فیلم لە پەیوەندیی لەگەڵ كوێستاندا Golden Gentian واتە (ژیان لە كوێستان و خەڵكی لە كوێستان)، هەروەها خەڵاتی 500 یۆرۆیی لە لایەن ئەنجوومەنی ئاشتی و مافی مرۆڤی پارێزگای ترێنتۆی پێ بەخشرا.
نانی پیرۆز، بۆ وەدەستخستنی ئەم خەڵاتە گرنگانە، لەگەڵ 13 فیلم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، لەوانە: فەڕەنسا، مەغریب، سویسڕا، ئیتاڵیا، ئۆڕۆگۆئە، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، ئۆكڕاین، نەمسا، ئەمەریكا، پۆڵەندا، هەنگاریا، گرینلەند، چین و بەلژیكا لە ڕكابەریدا بوو.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی (ترێنتۆ)، كە كۆنترین فێستیڤاڵی ڕووداوی سینەمایی ئەورووپا، بە ناوەرۆكی فەرهەنگی شاخ، سروشت، ڕووداوی سەرنجڕاكێش و دۆزینەوە دێتەئەژمار، شەست و نۆیەمین خولی بە نمایشی 100 بەرهەم لە دەرهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، لە هەشت بەشی جیاواز و لە ڕۆژانی 9 تا 16ی ئایاری 2021 بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڕۆنا، بە شێوەی ئۆنلاین لە شاری تڕێنتۆ لە باكووری ئیتاڵیا بەڕێوە چوو.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق