ئایدن مەعروف ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراقو وەزیری حکومەتی هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان دەڵێت لە داڕشتنەوەی دەستوری هەرێمی کوردستان دەبێت ڕاوێژ بەنەتەوەی تورکمان و بە نوخبەی سیاسی و ئیداری و یاسایی ئەم نەتەوەیە بکرێت کە ڕۆڵیان هەبێت لە نوسینەوەی ئەم دەستورەداو وەک نەتەوەی دوەمی کوردستانو زمانی تورکمانیش وەکو زمانی فەرمی بناسرێت.
ئایدن مەعروف بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای راگەیاند "گرنگە لەناو دەستوری هەرێمی کوردستاندا زامنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکان بکرێت بەبێ جیاوازی لەناویشیاندا نەتەوەی تورکمان و نەتەوەی کلدان و سریانی و ئاشوری کە دوو نەتەوەی گرنگن لە هەرێمی کوردستان، دەستەبەری مافی ئایینەکانی تریش بکرێت، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین گرنگە وەکو نەتەوە مامەڵەمان لەگەڵدا بکرێت و لە هەمانکاتیشدا کە زمانی تورکمانی زمانێکی گرنگە لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان لەو دەستورەدا وەکو زمانی فەرمی بناسرێت ئەمە خۆی لەخۆیدا گرنگە و گرنگترینیشیان بەشداری پێکردنی واتە بەشدارکردنێکی کارا لە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمدا لەڕووی سیاسی و کلتوریی و پەروەردەییەوە لە ڕووی بەشداری پێکردنی لەپرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان هەموو ئەمانە دەبێت ڕەچاو بکرێت و گرنگی بدرێت بە مافەکان و داواکارییەکانی هەموو پێکهاتەکان لەناویشیاندا پێکهاتەی تورکمان ئەمە گرنگە وەکو چۆن لە دەستوری عێراقی تورکمان وەکو نەتەوەی سێیەمە لەدوای نەتەوەی عەرەب و کورد دواتریش لە هەرێمی کوردستان دووەم نەتەوەیە دەبێت بەوشێوازەش مامەڵەی لەگەڵ بکرێت."
راشیگەیاند "ئێمە وەکو نەتەوەی تورکمان لە داڕشتنەوەی دەستوری هەرێمی کوردستان دەبێت ڕاوێژ بە نەتەوەی تورکمان و بە نوخبەی سیاسی و ئیداری و یاسایی ئەم نەتەوەیە بکرێت کە ڕۆڵیان هەبێت لە نوسینەوەی ئەم دەستورەدا لەبەرئەوەی دەستور زامنە بۆ چاودێری و موراعاتکردن و پاراستنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکان لەناویشیاندا نەتەوەی تورکمان لە هەرێمی کوردستان."
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق