ئۆپۆزسیۆنی توركیا بەبێ هەدەپە کاندیدیان بۆ هەڵبژاردن دەبێت
مەڕاڵ ئاكشەنەر سەرۆكی پارتی (باش) لە توركیا، لە لێدوانێكیدا لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆمار لە توركیا، ئاماژەی بەوە داوە ئەوان وەكوو هاوپەیمانیی (میللەت) یەك كاندیدیان دەبێت و پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)ش با كاندیدی خۆی هەبێت.
ئەم گوتەیەی ئاكشەنەر پەیامێكی روونە بۆ هەدەپە، كە لەناو هاوپەیمانیی (میللەت)دا شوێنیان نابێتەوە و دەبێت بەتەنیا بچنە ناو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانەوە.
راستە ئاكشەنەر سەرۆكی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا نییە، بەڵام كەمال كلیچدارئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە توركیا، بە ئاشكرا پشتگیری لە ئاكشەنەر دەكات و هەرگیز باسی لەوە نەكردووە هەدەپە بهێننە ناو هاوپەیمانیی خۆیانەوە.
زەفەر شاهین رۆژنامەنووسی سەر بە پارتی داد و گەشەپێدان (AKP)، پێیوایە ئەگەر بێت و ئۆپۆزسیۆنی توركیا بەبێ دەنگی هەدەپە بچێتە ناو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەوە، بە دڵنیاییەوە ناتوانن سەركەوتن بەدەست بهێنن.
شاهین لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنی (CNN)ی توركی ڕای گەیاندووە بەبێ هەدەپە مەحاڵە ئۆپۆزسیۆن بتوانێت دەسەڵاتی توركیا بگرێتە دەست. هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا لە ساڵی٢٠١٩ بە نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت: "ئەگەر هەدەپە لە شارە گەورەكان پشتگیری لە كاندیدی هاوپەیمانیی میللەت نەكردایە، نەیاندەتوانی سەركەوتن بەدەست بهێنن، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیش هەمان سیناریۆیە".
بەڵام سیناریۆ بەهێزەكەی هەدەپە و ئۆپۆزسیۆنی توركیا ئەوەیە، لە گەڕی یەكەمدا، ئەگەر كاندیدی هاوپەیمانیی میللەت نەیتوانی بەسەر رەجەب تەیب ئەردۆغاندا سەركەوتن بەدەست بهێنێت، ئەوكات لە گەڕی دووەمدا، هەدەپە بە مەرج پشتگیری لە كاندیدی هاوپەیمانیی میللەت دەكات.
بە گوێرەی زانیارییەكان، هەدەپە داوای سێ وەزارەت دەكات، هەروەها داواش دەكات جێگری سەركۆماری توركیا لەوان بێت.
هەروەک چاودێرانی سیاسیش باسی لێوە دەكەن، هاوپەیمانیی میللەت بە ناچاری دەچێتە ژێر باری داواكارییەكانی هەدەپە، چونكە بەبێ هەدەپە هەرگیز ناتوانن ئەردۆغان لەسەر تەختی سەرۆكایەتی بهێننە خوارەوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق