پاش تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان وەزیری ناوخۆی تورکو مافیا سەداد پەکەر پەردە لەسەر زۆر کاری دەوڵەتی تورکو مافیاکانو ماددەی هۆشبەر هەڵدەداتەوە.
بهگوێرهى میدیاكان، دواجار پەیوەندیەکانی تورکیا لەگەڵ تیرۆریستەکان بۆڕای گشتی ئاشکرابوو، پەکەر لەدواین ڤیدیۆی خۆیدا باس لەپەیوەندی دەوڵەتی تورک لەگەڵ چەتەکانی داعشو ئەلنوسرە دەکات.
زۆربەی دانپێدانانەکانی سەرۆکی باندی مافیا سەداد پەکەر لەسەر پەیوەندییەکانی وەزیری ناوخۆی تورک سولەیمان سۆیلوو بارزگانی ناوبراو بەماددەی هۆشبەرەکانەوە بوو.
لەدواین ڤیدیۆیدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە، پەکەر بازرگانی چەکی دەوڵەتی تورک لەگەڵ تیرۆریستانی داعشو قاعیدەو ئەلنوسرە ئاشکرادەکاتو ئاماژە بەوەشدهكات، "ئەو بازرگانییە لەلایەن کۆمپانیای ساداتو دامەزرێنەرەکەی عەدنان تانری ڤەردییەوە دەکرێت کە لەساڵی 2016وە کراوەتە ڕاوێژکارو کەسێکی نزیک لەخودى ئەردۆغان".
ههروهك باسى لهوهشكرد، کۆمپانیای ڕاوێژکاری ئاسایشی نێونەتەوەیی ناسراو بەسادات لە 28ى شوباتی 2012 لەلایەن جەنەراڵی خانەنشیتی تورک عەدنان تانری ڤەردیەوە دامەزراوە کە هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی گەلی کورد لەڕۆژئاوای کوردستانو دەوڵەتی تورک لەڕێی ئەو کۆمپانیایەوە پیلانەکانی لەڕۆژئاواو سوریا جێبەجێدەکرد.
ساڵی 2015و پاش تێکچوونی پڕۆسەی ئاشتی لەباکوری کوردستانو تورکیا، دەوڵەتی تورک دەستی بەقۆناغێکی نوێ لەپاکتاوکردنی گەلی کوردو بزوتنەوەی ئازادی کوردان کردو ڕۆڵی کۆمپانیای ساداتیش لەو پڕۆسەیەدا فراوانتر کرا.
لەکاتی هێرشو داگیرکاری سەر عەفرین ڕۆڵی کۆمپانیای سادات زیاتر بوو، پاشئەوەش کاری مەشقو ڕاهێنانی تیرۆریستانی لەسوریاو عێراقو لیبیاو قەرەباغ خرایە ئەستۆ.
مافیا سەدات پەکەر لەدوا دانپێدانانیدا باس لەپشتپەردەی پەیوەندییەکانی دەوڵەتی تورکو گروپە تیرۆریستییەکان دەکاتو دەڵێت، "پاشئەوەی ناردنی چەکو جبەخانە لەلایەن میتی تورکەوە بۆ چەکدارانی سوریا ئاشکرابوو، ئەوکارە بەکۆمپانیای سادات سپێردرا، میتی تورکو عەدنان تانری ڤەردی کۆمپانیاکانی ئێمەیان بۆ ئەو کارانەیان بەکارهێنا، بارهەڵگری چەک لەسەر ناوی من دەنێردرا بۆ چەکدارەکان بێ هیچ ڕێگرییو ڕاگرتنێک دەگەیەندرایە دەست بەرەی ئەلنوسرە".
پەکەر دەڵێت:"لەنێوان سوریاو تورکیا، لیبیاو تورکیا بازرگانی نەوتو مسو ئەلەمنیۆنیان دەکردو ملیۆنان دۆلاریان لەوکارە پەیدا دەکرد".
لەناوخۆی تورکیادا لەلایەن بەرپرسی بەڕێوبردنی پەیوەندییەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا مەتین کرتاڵی سەرپەرشتیدەکراو لەدەرەوەش لەلایەن موراد سانجاک پیاوی زاواکەی ئەردۆغان بەرات ئالیبایراکەوە بەڕێوەدەبرا، لەلایەنی بەرەی نوسرەشەوە کەسێک بەناوی ئەبو عەبدولڕەحمان بەرپرسی ئەو بازرگانییە بوو.
پەکەر دەڵێت:"بەشێک لەو بازرگانییە ساڵی 2015و 2016 لەلایەن ڕوسیاوە ئاشکراکرابوو، هەرئەوکاتیش وەزارەتی بەرگری ڕوسیاش بەڵگەی بازرگانی نەوتی بنەماڵەی ئەردۆغانی لەگەڵ داعش بڵاوکردبوەوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق