ڕۆژنامەی "نیزافیسیمایا گازێتا"ی ڕوسی بابەتێکی شیکاریی لەسەر زیادبونی ڕۆڵو کاریگەریی چین لەناوچەی کەنداوو پاشەکشەکردنی ڕۆڵی ئەمریکاو ئەگەری پاشگەزبوونەوە لەڕێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بڵاوکردۆتەوە.
ئیگۆر سپۆتین کە نوسەری بابەتەکەیە دەڵێت:"واشنتۆن لەبەهێزبوونی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان ئەبوزەبیو پەککین نیگەرانە، بەتایبەت کە لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا دەزگای هەواڵگری ئەمریکا ئاگاداری ئەوەبووە کە چەند فڕۆکەیەکی سەر بەسوپای چین کە باری نادیاریان هەڵگرتووە، لەئیمارات نیشتوونەتەوە".
لەوبارەیەوە چەند سەرچاوەیەک بەڕۆژنامەی "واۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکیان وتووە، "بوونی ئەو جۆرە چالاکیانەی چین، گومانی ئەوەیان درووستکردووە کە ئیماراتییەکان ئەو مەرجانەیان بەلاوە پەسەندنییە کە لەپرۆسەی فڕۆشتنی فڕۆکەی ئێف-35ی ئەمریکیدا بەسەریاندا سەپێنراوە".
بوونی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبابەتێکی لاوەکیی لەسیاسەتی دەرەکیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وایکردووە، چینییەکان ئاستی چالاکییە دیبلۆماسییەکانیان چڕبکەنەوە، لەوبارەیەشەوە سیاسەتمەدارانو شرۆڤەکاران وایدەبینن گەشتی مانگی ئازاری ڕابردوی وانگ وای وەزیری دەرەوەی چین بۆ ناوچەکە (سعودییە، تورکیا، ئێران، ئیمارات، بەحرەینو سوڵتان نشینی عوممان) خواستی پەککین پیشاندەدات بۆئەوەی دەرفەتی ئەوە بەیاریکەرە هەرێمییەکان بدات کەناڵە دیبلۆماسییەکانیان هەمەچەشن بکەن، لەوبارەشدا ئیماراتییەکان لەگەڵ لایەنی چینی ڕێککەوتن بەوەی بەیەکەوە دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرهەمبهێنن.
ئەو دۆخە پرسیاری ئەوەی لای ئەمریکییەکان دروستكردوە، ئایا دەبێت چۆن وەڵامی ئەو پێشهاتانە بدەنەوە، چەند ڕۆژێک پێش ئێستاش ژەنەراڵ کینیس ماکینزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتیی ناوچەی ململانێی هێزە گەورەکانە، هەروەک بەڵێنیشیدا کە وڵاتەکەی لەوبارەیەوە بەزیرەکییەوە مامەڵە بکات.
و: ئاکۆ ئاڵی
شارپرێس
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق