سایلۆی مۆدێرن
-
کورد پلات – راپۆرت
-
زیاتر لە 300 ملیار دینار، پارەی گەنمی جوتیاران لەلای حکومەتی فیدراڵی عیراقە، گەنمەکان و داهاتەکەیان بەری رەنجی چەند ساڵێکی جوتیارانی کوردستانن، ئێستا حکومەتی هەرێم بەهاوکاری کەرتی تایبەت دەیەوێت چیتر گەنمی جوتیاران نەفرۆشرێن بە حکومەتی فیدراڵی، بەڵکوو لەناوخۆدا بەکاریبهێنێت و خۆژیێنی پێ بهێنێتەئاراوە.
رۆژی 23ی ئایار، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیارانی لە سلێمانی دانا و بڕیاریشە لە جەند مانگی داهاتوودا دەست بە کارکردنی کردەیی بۆ دامەزراندنی سایلۆی مۆدێرن بکرێت.
پرۆژەی بەبازاڕکردنی گەنم، بریتییە لە وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران و گۆڕینی بۆ ساوەر، گەنمەکوتراو، ئارد و هەموو ئەو بەرهەمانەی گەنم پێکهاتەی سەرەکیانە، بەوەش هەم گەنمی جوتیاران ساخ دەبێتەوە و هەم خۆژیێنی دێتەئاراوە.
پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان حکومەت و کەرتی تایبەتە، گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان پڕۆژەکەی گرتۆتە ئەستۆ، فاخیر شێخ تەیب حەسەن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان لە مەراسیمەکەدا رایگەیاند "پرۆژەی نیشتمانی سایلۆی مۆدێرن و بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە پارێزگای سلێمانی، پرۆژەیەکی گشتگیر و ستراتیجی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەنگاوێکی بوێرانەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشە بە ئاراستەی پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان".
لەمیانی مەراسیمەکەدا هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی قسەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم پرۆژانە وڵاتەکەمان لە ئابووری زەڕنەقووتە و هاوردەکارەوە بۆ خۆژیێن و هەناردەکار دەگۆڕن و هاووڵاتیانیش لە بەکاربەرەوە دەگۆڕن بۆ بەرهەمهێن."
کەرتی کشتوکاڵ یەکێکە لە کەرتە هەرە گرنگەکانی هەر سیستمێک و دەتوانرێت لە ڕێگەیەوە ژمارەیەکی زۆری هەلی کار بۆ دانیشتوانی هەر وڵاتێک برەخسێنرێت و بەهۆیەوە ژێرخانی ئابووری وڵات ببوژێنرێتەوە و ببێتە هاوکار بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازیی و وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی دابینکردنی خۆراکی بۆ دانیشتوان کاری لەسەربکرێت.
ئەمە بێجگە لەوەی کە دەتوانرێت بە هەناردەکردنی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵیانەی کە زیاترن لە پێداویستییە ناوخۆییەکان داهاتێکی زۆری ئابووری بهێنرێتە ناو وڵاتەوە و ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەشەسەندنی ئابووری.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵی ٢٠٠٨ پلانێکی دانا کە بەگوێرەی پلانەکە لە ماوەی پێنج ساڵدا کەرتی ئابووری بەشێوەی بەرچاو گەشەی دەکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕی پێویستی خەرجییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی دابیننەکرد، پلانەکە شکستی هێنا و هیچ گەشەسەندنێک لە کەرتی کشتوکاڵدا رووی نەدا.
دواتر وەزارەتی کشتوکاڵ پلانێکی تری داڕشت کە ئامانجی بوو لە ماوەی پێنج ساڵدا و تا ساڵی ٢٠١٩ کەرتی کشتوکاڵ بەشیێوەیەک پێش بخات کە بگاتە ئاستی خۆژیێنیی و هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ وڵاتانی تر.
بەڵام بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کرد نەتوانرا پلانەکە وەکو خۆی جێبەجێبکرێت، ئەوەش وایکرد کەرتی کشتوکاڵ وەک خۆی بمێنێتەوە و هیچ پێشکەوتنێک بەخۆیەوە نەبینێت کە ئەمە لە سەرئەنجامدا بووە هۆی پاشەکشێ لە کەرتەکەدا و بێزاربوونی کشتکارانی لێ هاتە ئاراوە.
شارەزایان پێیان وایە بنیادنانی پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران و پڕۆژە هاوشێوەکانی کاریگەری گەورەیان دەبێت لەسەر بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان و ئەوەش دەبێتە هۆی بەهێزبوونی بنەما ئابوورییەکان.
لەوبارەیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند " بە پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی زۆر کاری دیکەش دێنە ئاراوە و کەرتی پیشەسازی و بازرگانی پەرە دەسێنێت، بەم شێوە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەزاران هەلی کار بۆ خەڵکی کوردستان فەراهەم دەکرێت".
بۆ گەشەپێدان و زیادكردنی بەرهەمی کشتوکاڵیی، زۆربەی وڵاتانی جیهان زیاتر لە 10%ی بودجەكەیان بۆ كەرتی كشتوكاڵ تەرخان دەكەن، بەڵام لە كوردستان ئەو بودجەیەی بۆ ئەو كەرتە تەرخان دەكرێت تا ئێستا لە 1.8%ی بودجەی گشتی تێنەپەڕیوە.
لە هەرێمی کوردستان بەو بودجە کەمەی کە بۆ کەرتی کشتوکاڵ تەرخانکراوە، کشتوکاڵ توانیویەتی بە ڕێژەی %١٠ بەشداری لە داهاتی نیشتمانیی بکات، ئەمەش بەو واتایە دێت کە ئەگەر بوجەی تەرخانکراو بۆ کەرتی کشتوکاڵ بگەیەنرێتە %١٠ ئەوا ئەو کەرتە دەتوانێت بە ڕێژەی %٤٠ بەشداربێت لە داهاتیی نیشتمانیی.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق