ئەمریكا زیاتر لە هەزار سزای سەر ئێران هەڵدەوەشێنێتەوە

ليست هناك تعليقات

كۆماری ئیسلامی ئێران ڕایدەگەیەنێت، كە ئەمریكا بڕیاری داوە زیاتر لە هەزار سزای سەر وڵاتەكەی هەڵوەشێنێتەوە، كە یەكێك لە سزاكان پەیوەستن بوو بە فرۆشتنی نەوتەوە و شارەزایەكی كاروباری دراوەكان-یش دەڵێت: “كاریگەری لەسەر بەهای تمەن دەبێت و نرخەكەی بەرزدەبێتەوە”.

میدیاكانی ئێران لە زاری مەحمود واعزی، سەرۆكی نووسینگەی ڕۆحانی بڵاویانكردەوە، كە ڕێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا كراوە بۆ لابردنی سزاكانی سەر دڵنیایی و نەوت و گواستنەوە، كە لەلایەن سەرۆكی پێشووی ئەمریكاوە دۆناڵد ترەمپ سەپێنرابوون.

ڕاشیگەیاندووە، كە بەهۆی ڕێككەوتنەكەوە زیاتر لە 1040 سزای سەپێنراوی ئەمریكا لەسەر ئێران هەڵدەوەشێنەوە.

ئاشكراشی كردووە، كە ڕێككەوتوون لەسەر لابردنی هەندێك لە سزاكانی سەر كەسایەتی و ئەندامانی فەرمانگەكانی نزیك لە ڕابەری ئێران، كە پێشتر خرابوونە لیستی ڕەشەوە.

بەپێ وتەی چاودێرانی ئابووری، لابردن یان سووك كردنی سزاكانی سەر ئێران دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووری ئەو وڵاتە و دابەزینی نرخی نەوت و بەرزبوونەوەی بەهای تمەن.

بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە (خەڵك) پەیوەندی كرد بە خاوەنی نووسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی و وتی، “لابردنی سزاكانی سەر ئێران بەدڵنیاییەوە كاریگەری دەبێت لەسەر نرخی تمەن، كە ئێستا 100 دۆلار بە 2 ملیۆن و 380 هەزار تمەنە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەبەر ئەوەی بڕیارەكە نوێیە و تازە لە میدیاكان بڵاوبۆتەوە، بۆیە ئەگەری ئەوەی هەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەتەواوی كاریگەرییەكەی دەربكەوێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif