عێراق و سووریا لەسەر ئاو رێككەوتنێكیان واژوو كرد
كۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق و سووریا، نزیكەی سێ رۆژ بوو دەستی پێ كردبوو، دواجار هەردوولا لەسەر هەندێك پرسی پێوەندیدار بە ئاو بە رێككەوتن گەیشتوون.
مەهدی رەشید حەمدانی وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق، تەمام رەعد وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی سووریا، رێككەوتنێكی لێكتێگەیشتنیان لەسەر پرسی ئاو واژوو كردووە.
هەرچەندە ئاوی رووبارەكانی دیجلە و فورات هەر لە توركیاوە سەرچاوە دەگرن، دیجلە راستەخۆ لە توركیاوە دێتە عێراق، بەڵام فورات بە خاكی سووریادا تێدەپەڕێ و دێتە عێراق. عێراق و سووریا لە پرسی تاوتوێكردنی تەنگژەی ئاو و ئاڵوگۆڕی زانیاری بڕیاریان داوە هاوكاری یەكتر بكەن.
بەپێی رێككەوتنەكەیان هەردوولا هەڵوێستی هاوبەشیان بۆ پرسی ئاو دەبێت، لە بڕی ئەو ئاوەی لە سنوورەكانی دێتە ژوورەوە، زانیاری بە یەكتر دەدەن.
بەگوێرەی شەفەقنا، ئەوان بڕیاریان داوە لە داهاتوودا زیاتر لەگەڵ یەكتر دابنیشن و لە زیانەكان و كاریگەرییەكانی كەمبوونەوەی ئاو زیاتر بكۆڵنەوە.
حكوومەتی توركیا لەسەر رووبارەكانی دیجلە و فورات كۆمەڵێك بەنداوی دروست كردووە، لە رێی ئەو بەنداوانەوە گوشاریان خستووەتە سەر هەردوو حكوومەتی عێراق و سووریا.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق