ئوردن.. دوو تۆمەتباری دۆسیەی هەوڵی کودەتاکە یەکی بە ١٥ ساڵ زیندانیکردن سزادران
دوو تۆمەتباری دۆسیەی هەوڵی کودەتاکەی ئوردن کە جێنشینی پێشووی ئەو وڵاتە، شازادە حەمزە بن حوسێن-یشی تیادا تێوەگلاوە، یەکی بە ١٥ ساڵ زیندانیکردن سزادران.
ئەو دۆسیەیەی لای رای گشتیی بە ''دۆسیەی ئاشوب'' ناسراوە و تیایدا سەرۆکی پێشووتری دیوانی شاهانەی ئوردن، باسم عەوەزەڵڵا و شەریف حەسەن بن زەید لە خێزانی شاهانە بە دەستبەسەرکراوی دادگاییکران، ئەمڕۆ بڕیاری لەبارەوە درا.
لەو دۆسیەدا کە لە دادگای ئاسایشی دەوڵەت بەڕێوەچوو، دادوەری سەربازیی، موەفەق ئەلمەساعید رووداوەکانی وەک 'پرۆژەیەکی تاوانکاری کە رژێمی ئێستای وڵاتی کردووەتە ئامانج' ناوبرد.
دادگا هەریەک لە تۆمەتباران باسم عەوەزەڵڵا و شەریف حەسەن بن زەید-ی بە تاوانەکانی ''ئەنجامدانی ژمارەیەک کردە کە ئاسایشی کۆمەڵگا دەخەنە مەترسییەوە و دەبنە هۆی یاخیبوون'' و ''هاندان دژبە رژێمی سیاسیی وڵات'' یەکی سزای ١٥ ساڵ زیندانیکردن بەسەریاندا سەپاند.
بەپێی یاساکانی ئوردن، دەتوانرێت بڕیارەکەی دادگا لە ماوەی ٣٠ رۆژدا، تەمییز بکرێتەوە.
دانیشتنەکانی دادگا کە ئەمڕۆ دانیشتنی ژمارە حەوتی بەڕێوەچوو، ٢١ی حوزەیران دەستی پێ کردبوو.
لەو هەواڵانەی کە لە میدیای ئەمریکادا بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکرێت، سعوودیە ژمارەیەک بەرپرسی رەوانەی عەممانی پایتەختی ئوردن کردووە و گوشاری لێکردوون بۆ ئازادکردنی باسم عەوەزەڵڵا.
باسم عەوەزەڵڵا، خاوەنی رەگەزنامەی ئوردن، سعوودیە و ئەمریکایە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق