شكستی ئیسلامی سیاسی لە عیراق

ليست هناك تعليقات



روخاندنی رژێمی سەدام حسێن لە عیراق لە 9ی نیسانی 2003 هەلێكی زێڕینی بۆ حزبە ئیسلامییەكانی عیراق فەراهەم كرد و لە دەروازەیەكی بەرفراوانەوە هاتنە نێو مەیدانی پڕۆسەی سیاسییەوە. ئیدی لێرە بەدواوە ئیسلامی سیاسی تەواوی دیمەنی سیاسی گرت لە رێگەی دەركەوتنی رۆڵی سیاسیی مەرجەعە دینییەكان و بەشداریی سیاسیی حزبە ئیسلامییەكان لە فەرمانڕەوایی و پێكەوەنانی سامان و داهاتێكی زۆر لەلایەن سەركردەكانیانەوە.

ئەم دۆخەی لە سەرەوە باسمان كرد وایكرد جەماوەری تامەزرۆی گۆڕانكاری و پلیشاوەی بن دەرد و ناخۆشییەكانی ئەو شەڕانەی، یەك لەدوای یەك، رژێم بەرپای دەكردن، بەرەوپیری حزبە دینییە سیاسییەكان بچن و لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا دەنگیان پێبدەن و خۆیان لە بەردەم دیمەنێكی سیاسیی نوێدا ببیننەوە، بەو ئومێدەی ئەم حزبانە ببنەمایەی ئەوەی تۆڵەی بێبەشیی رابردوویان بۆ بكەنەوە و ئەو ستەمەی لێیاندەكرا لەسەریان لاببەن، دادگەریی بێننەدی و لەڕووی ئابوورییەوە دۆخێكی بوژاوە و خۆشگوزەران بۆ خەڵك فەراهەم بكەن و دوای چەندین ساڵ پشێوی و ناڕەحەتی، دۆخێكی پڕ لە ئارامی و سەقامگیری بۆ خەڵك دابین بكەن!

ئەگەرچی عیراق، بە بەراورد لەگەڵ كۆمەڵگەكانی تر، لە دۆخێكی جۆراوجۆری تایفیی و مەزهەبی و دینی و نەتەوەیی ئاڵۆزدا دەژی، بەڵام پڕۆسەی سیاسی لەدوای 2003وە وایكردبوو گونجانی زۆر لەم رووەوە لەگەڵ فەلسەفەی سیاسیی فەرمانڕەواییدا دروست ببێت و هەر تایفەو مەزهەب و نەتەوەیەك، بەپشكی جیا و تاڕادەیەك گونجاو لەگەڵ بوونی واقیعی خۆیان، لە فەرمانڕەواییدا بەشداربن!

فەرمانڕەوایی نوێ لەعیراق، دوای شەڕێكی وێرانكەر، دروستبوو و سەرتاپای دامەزراوەكانی دەوڵەت ‌هەڵوەشێنرابۆوە، هەموو ئەو دامەزراوانەی دەچنە خانەی دیسپلینی كۆمەڵایەتییەوە، وەك سوپا و پۆلیس و ئاسایش و هەواڵگری، نەمان و هەڵتەكێنران، هەستی نیشتمانی، بەبەرنامە، نەهێڵرا و لەجێگەیدا هەستی تایەفی جێگیركرا، ئەمە و دۆخی خراپی ئابووری و بڵاوبوونەوەی هەژاری و ئەو هەڵمەتی ئیماندارییەی پێشتر سەدام بەرپای كردبوو، وایان كرد شەپۆلێكی توندڕەویی ئیسلامی بێتە پێشەوە و عیراق بكا بە جێگەی یەكلاكردنەوەی دوژمنایەتیی خۆی لەگەڵ رۆژئاوا.

حزبە دینییە سیاسییەكان، كە بوون بە فەرمانڕەوای وڵات، نەیانتوانی دیدێكی سیاسیی واقیعی لەبارەی شێوەی دەوڵەت و فەرمانڕەوایی نوێ لە عیراق پێشكەش بكەن، هەروەها بەشێوە لەگەڵ پێڕەوكردنی سیستمی دیموكراسیدا بوون، بەڵام لەناوەڕۆكدا پێچەوانەی بنەماكانی دیموكراسیبوون، ئەوەندەی لەخەمی پاكتاوكردنی مەزهەبیدابوون، نیو ئەوەندە لەخەمی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بەكۆمەڵانی خەڵكی عیراق نەبوون. لەڕووی پڕۆسەی سیاسییەوە نەیانتوانی ئەو جۆراوجۆرییەی لەڕووی تایفی و مەزهەبی و نەتەوەیی هەبوو، بەپێی پێویست رێزی لێبگرن و هەموان و هەر لایەك بەپێی بەركەوتەی شایستەی خۆی، لە جومگەكانی فەرمانڕەواییدا بەشداری پێبكەن، بەڵكو كەوتنە پەراوێزخستنی سوننە لەڕووی بەشداریی سیاسییەوە و ناوچەكانی سوننەنشینیان پشتگوێخست تا بوو بە هەواری تەراتێنی ئەندامانی رێكخراوی قاعیدە و پاشان داعش.

لەگەڵ كورد مامەڵەیەكی باشیان نەكرد و هەر زوو كەوتنە بودجەبڕین و تا ئێستاش نەك هەر نەچۆتەوە باری جاران، بەڵكو دۆخەكە وایلێهاتووە كێشەی هەرێمی كوردستان و بەغدا، سەرەڕای هەوڵی ئەرێنیی زۆر و چەندین جار رێككەوتن، بە یەكێك لە كێشە سیاسییە ئاڵۆزەكانی ئێستای عیراق دادەنرێت! ئیسلامی سیاسی لە دوای 2003وە لەعیراق فەرمانڕەوایە، ئەگەرچی سەرۆك وەزیرانی ئێستا ئیسلامی نییە و سەر بە هیچ حزبێكی ئیسلامیش نییە، بەڵام سەرجەم وەزارەتەكان بەدەست حزبە ئیسلامییەكانەوەیە، كە بەداخەوە، لەماوەی 18 ساڵی فەرمانڕەواییاندا سادەترین خزمەتگوزارییان پێشكەش بە كۆمەڵانی خەڵكی عیراق نەكردووە و سامانێكی زۆری وڵاتیان بەهەدەر داوە.

وا بەرەو هەڵبژاردن دەچین، بەڵام ئایا خەڵك لەڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە دەتوانن فەرمانڕەوایی بگۆڕن و شكست بە شكستخواردووەكان بهێنن؟ وەڵامەكەیمان دوای هەڵبژاردن، كە لە 10ی 10ی داهاتوو دەكرێ، دەستدەكەوێ.

نووسینی حەسەن یاسین- لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ وەرگیراوە

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif