سلێمانی وناسەقامگیری بەردەوام !

ليست هناك تعليقات


عوسمان گوڵپی
-
سەقامگیری وەك بەهێزترین هۆکاری گەشەکردنی هەر ناوچەیەك دێتە ئەژمار، کاتێک باسی ناسەقامگیری دەکەین بە مانای بوونی جەنگ نایەت، بەڵکو هەر سێکتەرە و وابەستەیە بە سەقامگیری و لێکەوتەکانیەوە

سلێمانی وەك یەکێك لە شارە گرنگەکانی هەرێم و عێراق، گەر بەوردی سەرنجی دوو دەیەی ڕابردوو بدەیت ئەوا بەڕوونی بۆت دەردەکەوێت کە سلێمانی یەکێك بوە لە شارە ناسەقامگیرەکان و ئەمەش کاریگەری نەرێنی لە چەندین ڕووەوە لەسەر ئەم شارە داناوە، بەبێ ئەوەی هەستمان پێ کردبێ ڕوو بەڕووی لێکەوتەکانی بووینەتەوە
سلێمانی لە ڕووی سیاسیەوە بە ناسەقامگیریەکی جدیدا تێپەڕیوە کە ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کەرتی ئابووری و تەواوی کەرتەکان هەبووە بە ڕێژەی جیاواز

لە ڕابردوودا ئەو ململانێ سیاسیەی لە شاری سلێمانی دەوروبەریدا هەبووە لە هیچ شارێکیتردا نەبووە، ئەمەش وادەکات گەشەی شارەکە ببێتە قوربانی ململانێکان
بیست ساڵی ڕابردوو بۆ سلێمانی لێوان لێوبوە لە ململانێ و ناکۆکی و بەریەك کەوتن، نەك تەنها لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بەڵکو سروشتی ململانێکان بە جۆرێك بوە وەك بڵێی سلێمانی بەردەوام لە بانگەشە هەڵبژاردندابێت.

لە هەرێمی کوردستاندا هیچ هێزێك لە دایك نەبووە یان هیچ لەتبونێك ڕووینەداوە کە چەقی ململانێکەی لە سلێمانی نەبووبێ، هەرلە ڕاگەیاندنی کۆمەڵ و لەتبوونی بزووتنەوە لە ساڵی ٢٠٠١ تا دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان لە ٢٠٠٩ و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و نەوەی نوێ و نەخێر بۆ ڕیفراندۆم و هەر جوڵانەوە و هاوپەیمانێتیەك یەکیتر کە مۆرکی سیاسی وەرگرتبێت لە سلێمانیەوە سەرکردایەتی کراوە و چەقی ململانێکەش هەر سێمانی بووە، ئەگەرچی ئەمە خاڵێکی ئیجابی تێدایە کە دەکرێ وا بخوێنرێتەوە سلێمانی پانتایی ئازادی و کاری سیاسی و میدیایی فراوانترە، بەڵام لێکەوتەی ئیجابی ئەمە وا بەستەیە بەرێژەی گەشەی دیموکراسیەوە، گەر وا نەبێ ئەوا بە سلبی دەشکێتەوە بۆ ناوچەکە وەك ئێستا کە کاریگەریە خراپەکانی دەبینین.

لە کاتێکدا ئاستی گەشەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان نەگەشتۆتە ئەو ئاستەی ئەنجامی دیموکراسیانە قبوڵکراوی ململانێکان بێت، بەڵکو ململانێکان تا ئەوکات قبوڵکراوبوون کە نەبووبنە مەترسی لەسەر بەرامبەر، کاتێك کە ئەم مەترسیە دروست دەبێت ئیدی زمانێکیتر دەدوێت کە دوورە لە دیموکراسی و مەدەنیەتەوە، هەر بۆیە فرە حیزبی و فرەیی ململانێکان بە سودی گەشەی دیموکراسی و مەدەنی نەشکاونەتەوە بۆ ناوچەکە بەڵکو بوونەتە هۆکاری دواکەوتنی گەشەی پارێزگاکە و لە ڕووی ئابووریشەوە گەورەترین زیانی بەر کەوتوە، ئەوە وێڕای دواکەوتن لە ڕووی خزمەتگوزاریەکانی سەرجەم کەرتەکانەوە

ئەوەی وایکردوە کە ململانێکان بە زیان بشکێنەوە بۆ ناوچەکە و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کەرتە حکومیەکان هەبێت و لەوێشەوە بۆ سەر ژیانی تاك بەتاکی هاوڵاتیان، تێکەڵبوونی حیزب و حکومەتە، بە جۆرێك کە حیزب باڵاترە لە حکومەت و دامەزراوەکانی، کاتێك حیزب باڵادەستر دەبێت، ئەوکات هەموو ناکۆکیە حیزبیەکان کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر بڕیارەکانی حکومەت و دامەزراوەکانی هەیە، بەمەش حکومەت دەبێتە بەشێك لە ململانێکە و وابەستەی کاریگەریەکانی دەبێت،

کاتێك هەڵبژاردن وەك کایەیەیەکی یەکلاکەرەوەی ململانێکان پشتگوێ دەخرێت و بە چەندین ڕێگای تەزویر یان حساب نەکردن بۆ ئەنجام و دەستاودەستنەکردنی دەسەڵات وەك ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بوە براوەی پارێزگای سلێمانی، بەڵام دەسەڵاتی سلێمانی نەك نەکەوتە دەست بەڵکو لاوازتری کرد، چونکە دیموکراسی و هەڵبژاردن هێشتا قۆناغی دروشم و نوسینی سەرکاغەزیان تێنەپەڕاندوە بۆ نێو ئەو عەقڵانەی کە هەڵگری دروشمەکانن، هەر بۆیە دواجار ئەوەی بڕیار دەدات چەك و سەرچاوەی داراییە نەك هەڵبژاردن و ململانێی مەدەنیان

ئەوەی ئێستا لەم شارە دەگوزەرێ ناسەقامگیریە و کاریگەری خراپی لەسەر ناوچەکە هەیە، وا دەکات هاوڵاتیان بەتایبەت ئەوانەی دۆخی ئابووریان باشە بیرلەوە بکەنەوە شاریتر بۆ نیشتەجێبوون هەڵبژێرن و سەرمایەدارانیش سەرمایەکانیان لەو شوێنانە بەگەر ناخەن کە هەمیشە لەبەردەم ناسەقامگیریدایە، هاوڵاتیان لە دڵە ڕاوکێدان و متمانەیان لەدەست داوە و بەترسەوە لەوە دەڕوانن کە ناکۆکیەکان بگەنە ئەوەی هاوڵاتیان و کاسبکاران باجەکەی بدەن، ئیدی ئەو ململانێیە، لە نێوان حیزبەکاندا بێت یان یان ئامۆزاکان یان باڵەکان، بۆ هاوڵاتیان گرنگ نین، چونکە یەك دەرئەنجامیان هەیە و نائارامی دروست دەکەن، لە هەرجێگەیەکیش نائارامی دروست بوو، ئیدی لەو جێگایە نە بازار و نە هیچ کەرتێکیتر ناتوانێ ڕێڕەوی ئاسایی خۆی وەرگرێ، ئەوە جگە لەوەی لە ناسەقامگیریدا گەندەڵی دەگاتە لوتکە و لێپرسینەوە لە خاڵی سفردا دەمێنێتەوە

لە کاتێكدا گرنگترین شتێك کە کاریگەری ڕاستەوخۆی بۆ سەر ژیانی تاکو کۆمەڵگە هەیە، سەقامگیریە، بە جۆرێك کە هاوڵاتیان هەست بکەن ناوچەکە بە ئارامیەکی ماوە درێژدا تێپەڕ دەبێت، بەداخەوە کە لە ڕابردوودا سلێمانی لەم هەستە بێ بەش بووە و هەمیشە لە بەردەم ترسی بەریەککەوتنی ناکۆکەکاندا بووە، بچوکترین لێکەوتەی ئەمەش قەلەقی و بێ متمانەییە و بازاڕێکی شێواوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif