ئەمەریکا و رووسیا رێکدەکەون
رۆژی 28ی تەمموزی 2021، لە ژنێڤی پایتەختی سویسرا، سرگێی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیای فێدراڵ لەگەڵ وێندی شێرمان، جێگری وەزیری دەرەوری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆبوونەوە. دیدارەکە ماوەی 7 کاتژمێری خایاند و تیایدا باس لە کۆنترۆڵکردنی وەبەرهێنانی چەکی ئەتۆم کراوە.
لە مۆسکۆ کەنستەنتین کەسەچۆڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی فیدراڵی رووسیا، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: هەواڵی خۆش لە ژنێڤەوەن، لەو شوێنەی بۆ یەکەمجار و دوای چاوەڕوانییەکی زۆر دیداری نێوان رووسیا و ئەمەریکا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی سەقامگیری ستراتیژی و کۆنتڕۆڵکردنی چەک ئەنجامدرا.
کەسەچۆڤ دەشڵێت: هێشتا وردەکارییەکان لەبەر هەندێ هۆکار بەتەواوی ئاشکرا نەکراون، چونکە ئەمە سەرەتایەکە، بەڵام لێدوانی سرگێی ریابکۆڤ و وێندی شێرمان، جێگرانی وەزیرانی دەرەوە لە رۆحەوە زۆر نزیک و گەشبینن.
لەبارەی کۆبوونەوەکە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دیدارەکەی بە پڕۆفێشناڵ و بابەتیانە وەسفکردووە، ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمەریکا بەتەنگ کەمکردنەوەی مەترسی هەڵگیرسانی جەنگی چەکی ناوەکییەوەیە.
لەم کۆبوونەوەیەدا، مۆسکۆ و واشنتن رێککەوتوون لەسەر ئەوەی 16 سێپتەمبەر درێژە بەم زنجیرە گفتوگۆیانە بدەن، شیاوی گوتنە ئەم دیدار و گفتوگۆیە، ئاکامی کۆبوونەوەی لوتکەی ڤلادیمێر پوتین و جۆبایدنە کە لە 16ی حوزەیرانی رابردوو لە ژنێڤ بەڕێوەچوو، تیایدا هەردوو سەرۆک پابەندبوونی وڵاتەکانیان بە کۆنتڕۆڵکردنی چەک و مەترسییەکانی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی راگەیاند.
لە کۆبوونەوەی جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئەمەریکا، جگە لە گفتوگۆکردن لەبارەی چەکی ئەتۆمی، چەندین مژاری ئاڵۆزی نێوان هەردوولا گەنگەشەی تێر و تەسەلیان لەبارەوە کرا، بەتایبەت پرسی ئاسایشی ئینتەرنێت، کێشەی ئۆکراینا و نیمچە دوورگەی کریمیا، هەرسێ دۆسیەی ئێران، سووریا و ئەفغانستان و چەند بابەتێکی تریش سەرنجیان خراوەتەسەر.
لە نیسانی 2010 لە پراگی پایتەختی چیک، باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و دمتری مێدڤێدیڤ، سەرۆکی ئەوسای رووسیا، پەیماننامەی (نیو ستارت - دەستپێکی نوێ)یان واژۆکرد، کە تایبەت بوو بە کەمکردنەوەی چەکە ستراتیژییەکانیان.
بەپێی رێککەوتنی ساڵی 2010 ی نێوان ئۆباما و مێدڤێدیڤ، ئەمەریکا و رووسیا ناتوانن زیاتر لە 700 کڵاوەی ئەتۆمی لە ناو بنکە زەمینییەکان و 1550 مووشەکی ئەتۆمی لەژێر دەریاکان، لەگەڵ 800 سەکۆی گەرۆک و جێگیر، تایبەت بە هاویشتنی موشەکی بالیستی و بۆمبە ئەتۆمییەکان دروست بکەن. هەر بەپێی رێکەوتنەکە، هەر دوو وڵات مافی ئەوەیان هەیە لە ساڵێکدا 18 پشکنین بۆ بنکە ئەتۆمییەکانی یەکتری بکەن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق