ساڵی داهاتوو گەشەی ئابووریی عێراق دەگاتە 8.4٪

ليست هناك تعليقات



بانکی جیهانی چوارچێوەی نوێی هاوبەشی لەگەڵ عێراق کە بە CPF ناسراوە پەسندکرد. ئەم چوارچێوەیە بۆ ساڵانی 2022 تاوەکو 2026 کاری پێدەکرێت و ئامانج لێی دانانی پلاتفۆرێکە کە لەو رێگەیەوە بانکی جیهانی یارمەتیی عێراق دەدات بۆ تێپەراندنی ئەو قەیرانەی کە بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تێیکەوتووە. هەروەها پێشبینیدەکات ساڵی داهاتوو گەشەی ئابووریی عێراق بگاتە 8.4٪.

یارمەتیدانی هەژارترین چینی عێراقییەکان لە رێگەی بەهێزکردنی دامەزراوەکانی وڵاتەکەوە لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پەرەپێدانی شەفافییەت. هەروەها یارمەتیدانی عێراق بۆ ئەوەی کەرتی گشتی بتوانێت پاڵپشتییەکی باشی ژینگەی بازرگانی بکات.

رەمزی عەفیف نوعمان، بەڕێوەبەری بانکی جیهانی لە عێراق دەڵێت، "یەکێک لە ئامانجە هەرە لە پێشینەکانی بانکی جیهانی لە عێراق بەشداریپێکردنی زیاتری هاووڵاتیان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتە. هەروەها بانکی جیهانی بەپێی CPF یارمەتیی عێراق دەدات لە رووی ئەو قەیرانە ژینگەییەی کە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و وشکەساڵی لە عێراق دروستیکردووە."

بانکی جیهانی هەموو رێککەوتنەکەی بڵاوکردووەتەوە و جگە لە نەخشەڕێگەی هاوکارییەکان، نوێترین پێشبینییەکانی خۆی بۆ ئابووریی عێراق لە نێوانیشیاندا، گەشەی ئابووری، قەبارەی بەرهەمی نەوت و داهاتی نەوتی و نانەوتی و قەبارەی بودجە و کورتهێنانی بودجە و رێژەی هەڵاوسانی بۆ ساڵەکانی 2018 تاوەکو 2023 بڵاوکردووەتەوە.

پێشبینییەکانی بانکی جیهانی بۆ گەشەی ئابووریی عێراق جێگەی بایەخن. بانکەکە پێشبینیدەکات گەشەی ئابووریی عێراق ساڵی داهاتوو بگاتە 8.4٪، ئەمە رێژەیەکی زۆر بەرزە. بۆ ئەمساڵ بانکی جیهانی پێشبینیکردووە عێراق بە رێژەی 1.9٪ گەشەبکات. ئەو ژمارە ئەرێنییانە لە کاتێکدان کە ساڵی 2020 بەهۆی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت ئابووریی عێراق بە رێژەی 10.4٪ پاشەکشەی کردبوو.

بانکی جیهانی هەروەها پێشبینیکردووە، عێراق لە ساڵانی 2022 و 2023 بتوانێت نەوت بە 60 دۆلار بفرۆشێت. ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی داهاتی نەوتی عێراق لە دوو ساڵی داهاتوودا بەرزبێتەوە بۆ 42 ملیار دۆلار.

هەروەها بانکی جیهانی پێشبینیدەکات قەبارەی قەرزەکانی حکومەتی عێراق لە 2022 و 2023دا دابەزێت بۆ 57-54 ملیار دۆلار. ئەوە لە کاتێکدایە قەبارەی قەرزەکانی عێراق ئەمساڵ 63 ملیار دۆلارە و 2020 بڕی 71 ملیار دۆلار بووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif