تەنیا کوردی
یەکێتی وەک رۆمانێکی تەواونەکراو وایە کە نەیتوانیوە لە تەمەنی شاخ بۆ شار خۆی بەچاپ بگەیەنێت، ھەرجارێ یەکێتی بیەوێ خۆی بنووسێتەوە دەیەوێ پارتی دوا ختم بخاتەوە سەر پەڕاوەکانی، چونکە یەکێتی وای دەبینێ کە ئەو ھێزەی شەرعیەت بە گەورەبوونی دەدات تەنیا پارتییە، بۆیە ھەمیشە وەک رکابەرێکی تەقلیدی بەرامبەری دەوەستێ، بەبێ ئەوەی بیەوێ لە حوکمڕانیی دا لێیشی جوودا ببێتەوە.
یەکێتی خاوەنی ھەر چیرۆکێکی سەرکەوتن بووبێ لە دژی پارتی بووبێ یان لەگەڵ پارتی ھاوڕا، ھەر ویستویەتی پارتی گەورەبوونی بخوێنێتەوە، ئەگەرچی چیرۆکەکان لە دوای راپەڕینەوە تا ئێستا لە ھەڵکشان و داکشان بوونە، بەڵام ئەوەی نەگۆڕە خەت و باڵەکانی یەکێتی بەو ھێڵە دەڕۆن کە پارتی رێگاکەیان لەگەڵدا بەش دەکات، ئەم چیرۆکانە تایتلی نێو رۆمانە چاپنەکراوەکەی یەکێتیین، کام سەرکردە و ھێز! کامە خەت و باڵ؛ زووتر لە فەزای پارتیدا شەرعیەتی بڕیار وەردەگرێ، ئەو لەو رۆمانە نێوخۆیی و ئیقلیمی و دەولییەدا حاکمی یەکیتییە، ھەروەک چۆن لە ئێستادا حاکمە نوێیەکەی یەکێتی شەرعیەتی لە پارتی پێشوەختە وەرگرتووە.
یەکێتی تا ئێستا لە حساباتی سیاسی، جیوگرافی، کات و شوێندا، بۆ ناوبژیوانی نێوخۆیی لە سێبەردا ھەر بۆ پارتی دەگەڕێتەوە، نەبووەتە دادوەری بڕیاری سیاسی خۆی، بەڵکوو ئەوەی ویستوویەتی لە رێگەی ھەندێ فشاری باڵ و خەت کێشان، وێنەیەکی لە نێو بازنەیەکی شەقامدا دروستکردووە بۆ ئەوەی لە ئاوێنەی شەقامدا پارتی بیبینێ و داواکارییەکانی یەکێتی جێبەجێ بکات، بەڵام لە ئێستادا خەت و باڵەکان بەدەوری یەکتردا باڵێکیان قڕتاند و دەڵێن فڕینی سیاسی بەرەو ھەولێر بە باڵێکەوە کیفایەتە.
لە قۆناغی شاردا، چیرۆکی شەڕ تا ئاشتەوایی لەگەڵ پارتی ھێنا، ھەر لە شاردا بە پێکەوەبوون و شەڕ و دواتر ئاشتەوایی لە پەرلەمانەوە تا بەغدا قۆناغەکەی راکێشا، بەڵام خەتێکی کێشا نە پێوەی دیارە ئۆپۆزسیۆن بێ نە حوکمدار، بۆیە لە ئێستادا یەکێتی کە ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ یەکێتی نوێ، دووبارە بەدەم رێگادا لەگەڵ پاڕتی دەکەوێتەوە ڕێ و رێککەوتنی ستراتیژی کۆن ئەبدەیت دەکاتەوە.
لە ریفراندۆمدا، یەکێتی گەڕایەوە لای پارتی و شەرعیەتی بە ریفراندۆم دا، بەڵام لە ھەناوی یەکێتیدا چیرۆکێک لەدایکبوو لە قۆناغی شازدەی ئۆکتۆبەر کە پارتی ناوی بردن بە گروپی شازدەی ئۆکتۆبەر و لەو رۆمانەی باسمان کرد کە بۆ یەکێتی بێ ناونیشانە، پارتی رووداوەکانی لەسەر یەکیتی تاپۆ کرد و، ئیدی تا ئێستایشی لەگەڵ دابێ، یەکێتی بەبێدەنگی دەیخوێنێتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەم رۆمانە نوێیەی یەکێتی، نووسینێکە بە میرات لە وشەکانی ماڵی تاڵەبانی بە سپۆنسەری ماڵباتی ئیبراھیم ئەحمەد خۆی لەگەڵ پارتی دەخوێنێتەوە و جارێکی تر بارکۆدی یەکێتی لە ھەولێر خوێنرایەوە و لە رۆژانی داھاتوویش یەکێتی نوێ و پارتی دەچنەوە سەر رێککەوتنە کۆنەکەی جارانی سەردەمی مام.
تا ئێستا یەکێتی بەدوای خۆی نەگەڕاوە، بەڵکوو ھەر خۆی لە نێو پارتی دەدۆزێتەوە، زۆر جار یەکیتی لە دەرەوەی خۆیدا گەڕاوە لەگەڵ گۆڕان و ئیسلامییەکان، لە بەغدا لە تاران و ئانکارا و دیمەشق و لەندەن و واشنتن، بەڵام نەیتوانیوە لەو رۆمانەدا خۆی و حزبەکانی نزیک لە خۆی بخاتە دەر و تا ئستایشی لەگەڵ بێ ھەر خۆی لەم رۆمانەدا دەگێڕێتەوە و لە گەڕانەوە بەرەو پارتی (ئالتەرناتیڤ) بریتی دیکەی نەبووە.
یەکێتی چیرۆکێکە لە نێو رۆمانی پارتی، ھێندە رۆچووەتە نێو پارتی بوونەوە کە ھەندێ جار ئەو ئەکتەرانەی کە لەنێو یەکێتیدا لە فکردا نزیکی پارتی نین و خاوەنی بڕیاری سیاسین، زووتر لەوانەی کە نزیک لە پارتی بیردەکەنەوە پێوەندی لەگەڵ پارتی دەگرن و، لەسەر ھێڵ دەبن.
ئەگەرچی یەکێتی لە شانۆی شەقامدا ئۆپۆزسیۆنە، لە حوکمڕانیدا شەریک، بەڵام لە ھەردوو باردا ھەر لەنێو پارتی دا گەورە دەبێت و لەمساڵدا دەیەوێ وەک یەکێتی نوێ رۆمانەکە لەگەڵ پارتی لە ھەولێر بنووسێتەوە و رێککەوتنێک وەک ھاوپەیمانی پارتی واژۆ بکاتەوە و پارتیش شەرعیەت بە یەکێتی نوێ دەدات.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق