ڕه‌ئوف محه‌مه‌د ئالانی
ئه‌گه‌ر بێین، پێناسه‌ی سیاسه‌ت بكه‌ین، هزرمان ده‌مانباته سه‌ر چه‌ند ده‌ربڕین و بۆچوونێكی جیاواز بۆئه‌م پرسه، چونكه به‌پێی شوێن و سه‌رده‌م و هه‌لومه‌رج و شێوازی كاركردن تێیدا، زۆر بۆچوونی له‌سه‌ر هه‌یه، پێناسه‌كان جیاوازن و ده‌گۆڕێن، له‌كۆندا لای ئه‌مریكیه‌كان بریتی بووه، له درۆ، لای فه‌ڕه‌نسییه‌كان هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه بووه، بهلاَم به‌هۆی بوونی دژبه‌یه‌كی ئه‌و دوو بۆچوونه و خستنه‌ڕووی ڕاستی ئاراسته‌كان له‌سه‌ر سیاسه‌ت ئه‌وانی تر هه‌ڵده‌گرین بۆ بابه‌تێكی تر، سیاسه‌ت له‌ئێستادا بۆته زانستێكی فراوان، له زۆربه‌ی زانكۆكانی جیهاندا سالاَنه سه‌دان توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت و ده‌یان كتێبی له‌سه‌ر ده‌نوسرێت.
گرنگه بزانین، بواری سیاسه‌تكردن، ڕۆڵ و كاریگه‌ریه‌كانی چین و ئه‌م چه‌ند پرسیاره وهلاَم بده‌ینه‌وه:
* سیاسه‌تكردن لای خۆمان چۆن ئه‌كرێت و سیاسیه‌كان كێن ؟
*به‌راورد به وولاَتان تاچه‌ند میكانیزمی زانستی له سیاسه‌تكردندا په‌یڕه‌و ئه‌كرێت؟
*تاچه‌ند سیاسه‌ت وایكردوه هه‌موو سێكته‌رو دامه‌زراوه‌كان كاری خۆیان وه‌ك پێویست بكه‌ن؟
* ئه‌و فاكته‌رانه چین بوونه‌ته له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م دروستكردنی سیاسه‌تێكی هاوچه‌رخ؟
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌م نوسینه‌دا وهلاَمی ئه‌م پرسیارانه‌مان ده‌ست ده‌كه‌وێت، دوورله لایه‌نگیری و ده‌مارگیری، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شێوازی سیاسه‌تكردن له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه و ده‌بینرێت.
كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك بۆ ڕزگاربوون و ڕێگریكردن له سڕینه‌وه‌ی به درێژایی مێژوو، به شێوازی تایبه‌تمه‌ندی پێكهاته‌ی كۆمهلاَیهتی خۆی حیزبی درستكردووه و به‌رگری له‌خۆی كردووه، پێش ڕێكخستنی حیزب له‌ناو كوردا، به‌شێوازی هۆزو تیره و خێڵ، خۆیان ڕێكخستووه‌و به‌رگریان كردووه، كه‌ئه‌مانه‌ش كاركردن بووه، له‌سیاسه‌تدا.
له شه‌ڕی چاڵدێران له23ی ئابی 1514 له‌نێوان ده‌وڵه‌تی توركه عوسمانیه‌كان، به‌سه‌ركردایه‌تی سوڵتان سه‌لیم یاوزی یه‌كه‌م و ده‌وڵه‌تی فارسی سه‌فه‌وی به‌سه‌ركردایه‌تی شا ئیسماعیلی یه‌كه‌می سه‌فه‌وی، له‌و شه‌ڕه‌دا شاری ته‌ورێز كه پایته‌ختی سه‌فه‌وی بوو له‌لایه‌ن عوسمانیه‌كان داگیركرا.
ئه‌مه به‌یه‌كه‌م هه‌نگاوی دابه‌شكردنی كوردستان داده‌نرێت، له‌نێوان ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی له‌ناوچه‌كه‌دا زاڵ بوون، به‌تایبه‌ت توركه‌كان و فارسه‌كان.
له‌وكاته‌وه، بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد به‌رگری كردووه، به‌هۆی سه‌ختی و باری دیمۆگرافی كوردستان، ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه توانیوێتی بمێنێته‌وه، چه‌ندین شۆڕش و هێزی چه‌كداری به‌رگری له‌كوردستاندا، هه‌ستاون به شۆڕش و خه‌باتكردن دژی داگیركاران.
هه‌موو ئه‌و شۆڕشانه چه‌كداری بوون، هه‌ندێكجار به‌هۆی هه‌لومه‌رجی ناوچه‌یی و ململانێی هێزهگهورهكانی جیهان، فرسه‌ت بۆكورد هاتۆته پێش و توانیوێتی ناوچه‌كانی بخاته ژێر ڕكێفی خۆی و ماوه‌یه‌ك حوكمی خۆی بكات، نمونه دامه‌زراندنی یه‌كه‌م حكومه‌تی كوردستان له‌سلێمانی ساڵی 1918كه شێخ مه‌حمود وه‌ك مه‌لیكی كوردستان دیاریكرا، یان دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان له مه‌هاباد ساڵی 1946 كه قازی محه‌مه‌د وه‌ك سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێردراو دوای یانزه مانگ،به‌هۆی پیلانگێڕی ڕووسه‌كان و ئێرانیه‌كان، دهسهلاَتهكهی كۆتایی پێهێنراو قازی و ههڤالاَنی له مه‌یدانی چوارچرا له‌ساڵی 1947 له‌سێداره‌دران.
ئه‌وه‌ی گرنگه ئاماژه‌ی پێبكه‌ین، چۆنێتی سیاسه‌تكردنه له ئه‌مڕۆی دنیا جه‌نجاڵ و بچووككراوه‌كه‌ی سه‌رشاشه‌ی مۆبایل، وه‌رگرتنی هه‌واڵ و زانیاری به‌خێرایی و به ئاسانی، ئێمه‌ی كورد تاچه‌ند توانیومانه له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌دا خۆمان بگونجێنین؟.
له‌وكاته‌ی ته‌كنه‌لۆژیا، ڕۆڵی گرنگ ئه‌گێڕێ، له‌گشت كایه‌كاندا، بهسیاسهتیشهوه، ئه‌م هۆكارانه وایانكردووه، تاك خۆی ببێت به ڕۆژنامه‌وان و سیاسی، ئه‌وه‌ی گرنگه بیزانین، ئه‌وه‌یه بۆچی تاكی كورد و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ش نه‌یتوانیوه، وه‌ك گه‌لانی تر فاكته‌ره‌كان به‌كاربێنێت بۆ خزمه‌تی خۆی؟
به‌بۆچوونی من حیزبه سیاسیه‌كان وه‌ك پێویست نه‌یانتوانیوه، به‌كاری خۆیان هه‌ستن، واته نه‌یانزانیوه، یان مه‌به‌ستیان نه‌بووه، سیاسه‌ت به‌لایه‌نه باشه‌كه بخه‌نه خزمه‌تی نیشتمان و نه‌ته‌وه، ئه‌وان خستویانه‌ته به‌رژه‌وه‌ندی تاك و حیزب و بنه‌ماڵه‌كانیان، له‌و كاته‌شدا سیاسه‌ت بۆته فاكته‌رێكی لاوازی هه‌ست و سۆزی نیشتمانی، كزكردووه، چونكه كۆمه‌ڵگه به‌گشتی له‌پلان و به‌رنامه‌كانی لێی سودمه‌ند نابێت .
سیاسه‌ت بۆته هه‌موو شتێك و ژیانی داگیركردووه، بۆیه (جۆرج ئۆرێل 1903-1959) وتوێتی (له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌دا، هیچ شتێك نیه دوور بێت له‌سیاسه‌ت، به‌ڵكو ههمووكێشهكان، كێشه‌ی سیاسین)، له‌مه‌وه ڕوون ئه‌بێته‌وه، كه سیاسه‌تكردن ئه‌گه‌ر به‌باشی و بۆخزمه‌تی كۆمه‌ڵگه به‌كاربێت، ئه‌بێته په‌یامێكی جوان و ڕاست بۆ هه‌مووان،باڵ ئه‌كێشێ به‌سه‌ر هه‌موو به‌ش و كێشه‌كان و ئه‌بێته چاره‌سه‌ر بۆیان، بهلاَم ئایا له‌كوردستان و به‌تایبه‌تیش ئه‌م هه‌رێمه دانپێدانراوه ده‌ستوریه‌دا، به‌وجۆره سیاسه‌ت كراوه؟ بێگومان نه‌خێر، پێچه‌وانه كراوه‌ته‌وه، بۆخزمه‌تی كه‌س و خێزان، ڕاسته له دنیای ده‌ره‌وه‌شدا حیزبه سیاسیه‌كان، ئه‌بنه داینه‌مۆی دروستكردنی دامه‌زراوه‌كانی په‌رله‌مان و حكومه‌ت، بهلاَم كاتێ كه‌سه كان خۆیان ته‌رخان ئه‌كه‌ن بۆ كاروباری كارگێڕی، واز له سیاسه‌ت دێنن، بۆئه‌وه‌ی ته‌رخان بن، بۆخزمه‌تی كۆمه‌ڵگه، بهلاَم له‌م هه‌رێمه‌دا هه‌موو سێكته‌رو كایه‌كان تێكئالاَون به ته‌نی شێوه جاڵجاڵۆكه‌یی حیزبه‌كان و ته‌واوی به‌شه‌كان وپه‌رله‌مان و حكومه‌تیش بارگاوی ته‌مومژی ده‌ست وهردانن له‌لایه‌ن حیزبه‌كانه‌وه، هه‌ربۆیه ناتوانین بڵێین خاوه‌نی په‌رله‌مان و حكومه‌تێكین، جێگه‌ی ئومێدی هه‌مووان بێت، كاتێ شتێكیش جێی دڵخۆشی نه‌بوو به‌موڵكی خۆتی نازانی، له‌و كاته‌شدا هیچ ئینتیما و خۆشه‌ویستیه‌ك بۆ ئه‌و دامه‌زراوه حیزبیه نامێنێ، له‌دنیادا بۆئه‌وه‌ی حیزب نه‌توانێ ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیاندا بگرێت، له‌هێزی چهكدارو میدیای سه‌ربه‌حیزب، دائه‌ماڵرێت، بهلاَم له‌م هه‌رێمه حكومه‌ت نه‌هێزی هه‌یه نه‌میدیای هه‌یه، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی سهربهحیزبهكان و سیاسیه بالاَدهستهكانه، ئیتر چۆن وولاَت ئه‌بێته شوێنی به‌دیهێنانی خه‌ونی تاكه‌كان؟.
له سه‌رو به‌ندی خوێندنه‌وه بۆ دۆخی سیاسه‌تكردن، له‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ی سیاسیه‌كان بوونه‌ته، مۆته‌كه‌ی به‌رده‌م خه‌ونی ئاینده، ئاشتی كۆمهلاَیهتی ئه‌كه‌وێته مه‌ترسیه‌وه، هه‌رئه‌مه‌ش وایكردووه، لاوان و گه‌نجانی ئه‌م هه‌رێمه، شوێنێكی تر بۆ ژیان ههلّبژێرن و سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرن، سه‌دان میل ڕێ ده‌بڕن، به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ئارامی ده‌روون و ژیانێكی باشتر، خۆیان ئه‌خه‌نه مه‌ترسی مه‌رگ و خنكان له ده‌ریاكانی ڕێگه‌ی هات و نه‌هات، سیاسیه دهسهلاَتدارهكانی ئه‌م هه‌رێمه، كه‌ی بیر له‌و هه‌موو نه‌هامه‌تیانه ده‌كه‌نه‌وه، كه تووشی ئه‌و لاوانه دێت؟ ،ئه‌وان له‌به‌ر خه‌می پاوانخوازی كورسی دهسهلاَت و هه‌ڵلوشینی سامانی ئه‌م نیشتمانه، بیریان لای هیچی ترنیه. هه‌ربۆیه، شه‌كیب ئه‌رسه‌لان، ده‌ڵێ : ( نیشتمانپه‌روه‌ران بیر له‌داهاتوی نه‌وه‌كان ده‌كه‌نه‌وه، بهلاَم سیاسیه‌كان دڵ و بیریان لای هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوویانه).
ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه، كۆمه‌ڵگه له‌و دۆخه خراپه‌ی پێیه‌وه ئالودهكراوه، دووربخرێته‌وه، به دابڕینی سیاسه‌ت له هه‌موو چه‌مك و ڕه‌هه‌نده‌كانی ژیان، به‌وه‌ی به‌دامه‌زراوه‌كردنی سێكته‌ره‌كان و ده‌ست به‌رداربوونی حیزبه سیاسیه‌كان له ژیان و خه‌ونی خه‌ڵك، به‌وه‌ی كه‌سی گونجاو له‌شوێنی گونجاو دابنرێت، نه‌ك ئیش بۆ خه‌ڵك بدۆزرێته‌وه، كه سێ ده‌یه‌یه حیزبه‌كان كاریان له‌سه‌ر كردووه، پیره‌مێردی نه‌مر زیاتر له‌نیو سه‌ده له‌مه‌وبه‌ر، ده‌ڵێ:
خۆزگه ده‌ستورێك، ده‌خرایه ناو،
پیاوبۆئیش ده‌بوو، نه‌وه‌ك ئیش بۆپیاو
ئێمه گوێمان به یاساكانی سیاسه‌تكردن نه‌داوه‌و پهندیشمان له ئامۆژگاریه‌كانی ، دڵسۆزانی خۆمان وه‌رنه‌گرتووه.
سیاسه‌ت بۆ ده‌سته‌بژێرێكی نه‌خشه‌داڕێژ و پسپۆڕ جێبێڵین، نه‌ك سیاسه‌ت بخزێنرێته هه‌موو داموده‌زگاكان ، له‌باخچه‌ی ساوایان تا ده‌گاته زانكۆكان، چونكه وته‌یه‌كی باوی عه‌ره‌بی هه‌یه، له‌سه‌ر به‌سیاسی كردنی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده، كه بنچینه‌و بنه‌مای به‌رنامه‌ی گه‌شه‌كردنی ئایندهی كۆمه‌ڵگه‌یه، ده‌ڵێ: ( ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت له‌ده‌رگاوه، چووه ژوور، زانست له‌په‌نجه‌ره‌وه، ئهڕواتهدهر) .
تا سیاسه‌ت له و شوێنانه دانهماڵین، كه بۆی ده‌بێته هۆكاری وێرانی و دواخستن، ئه‌بێ له‌ناو بازنه‌یه‌كی داخراودا بسوڕێینه‌وه.
نامه‌وێ سیاسه‌ت له هه‌موو شوێنێك بسڕمه‌وه، چونكه ژیان واته سیاسه‌ت، بهلاَم ئایا ئه‌كرێ هه‌موو كۆمه‌ڵگه سه‌رقاڵی كارێك بكرێت، كه ئیشی ئه‌و نیه؟
به‌ڕای من حیزبه‌كان كاریان سنورداربكرێت، حكومه‌ت، كه دامه‌زرا، وه‌ك وولاَتانی تر، ئه‌وانه‌ی سیاسی و حیزبین، ده‌ست به‌رداری حیزبه‌كانیان ببن و خۆیان ته‌رخان بكه‌ن بۆ خزمه‌تی پیشه و پسپۆڕیه‌كانیان، تا به پلان و به‌رنامه‌ی دوورمه‌ودا سیاسه‌ت كاری له‌سه‌ر بكرێت، له‌مه‌وه وولاَت گه‌شه‌ده‌كات و ده‌بوژێته‌وه، نه‌ك ئه‌وه‌ی لای خۆمان به‌ناوی حیزب و سیاسه‌تكردنه‌وه ئه‌گوزه‌رێ..
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق