عیراق ئامادەكاری بۆ بەستنی گۆنگرەیەكی ئیقلیمی دەكات

ليست هناك تعليقات

بورهان شێخ ڕەوف




مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق سەرقاڵی رێكخستنی كۆنگرەیەكی ئیقلیمی گرنگە بۆ وڵاتانی دەر و دراوسێی عیراق و وڵاتانی تریش، بۆ باسكردنی دۆسییەكانی تایبەت بە عیراق بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندیدارن بە ئاسایش و سیاسەت و ئابوورییەوە، هەواڵەكان باس لەوە دەكەن كە لیژنەیەكی بچووككراوە لە نووسینگەی كازمی بۆ ئەو مەبەستە پێكهێنراوە.

ئەم هەنگاوەی كازمی دوای سەردانەكەی بۆ واشنتۆن دێت، كە هەر لەوێ‌ و لەبەردەم رۆژنامەنووساندا ئاماژەیەكی بەوەدا كە وڵاتەكەی لە هەوڵی ئەوەدایە دید و بۆچوونەكانی وڵاتانی ركابەر و ناكۆكی ناوچەكە لە یەكدی نزیك بكاتەوە، ئەگەرچی پێشتریش لە بەغدا هەمان لێدوانی دابوو.

لیژنە بچووككراوەكەی كازمی كە لە بەرپرسە باڵاكانی وەزارەتی دەرەوە و راوێژكارەكانی بە سەرۆكایەتی بریكاری لە پێشینەی وەزارەتی دەرەوە پێكهێنراوە، بە مەبەستی ئامادەكاریی و سازدانی كۆنگرەی وڵاتانی دراوسێی عیراق، كە هەریەك لە (ئێران و توركیا و سعودیە و ئوردن و كوێت) لەخۆدەگرێت، ئەمە چ جای نوێنەری سوریا و هەندێك لە وڵاتانی عەرەبی كاریگەر و نوێنەرانی یەكێتیی ئەوروپاش.

هەرچەندە تائێستا هیچ بانگهێشتنامەیەک ئاڕاستەی كەس نەكراوە، بەڵام پێدەچێت لە كۆتایی ئەم مانگی ئابەدا یان سەرەتای مانگی ئەیلول كۆنگرەكە ببەسترێت، بە ئامانجی نزیكکردنەوەی دیدوبۆچوونی وڵاتانی درواوسێی عیراق و شكاندنی بەستەڵەكی ناكۆكی و ململانێكانی رابردوو، بەتایبەتی لە بواری سیاسی و ئابووری و ئاسایش و زۆرشتی تری گرنگ، كە پەیوەندیدارن بە دۆخی نالەبار و ئاڵۆزی ناوچەكەوە، دەكرێت لە ئاوا كۆنگرە و كۆبوونەیەكدا تێگەیشتن و میكانیزمی گونجاو و هاوبەشیان بۆ بدۆزرێتەوە.

ئەگەرچی كازمی لە سەرەتای دەستبەكاربوونیدا سەردانی زۆرێك لە وڵاتانی دراوسێ و ئەمریكا و ئەوروپاشی كرد، هەوڵی نزیكکردنەوەی ئێران و سعودیەشی دا، دواتر كۆبوونەوەی لوتكەی سێ‌ قۆڵی (میسر و ئوردن و عیراق) یان شامی نوێ‌ لە هەرسێ‌ وڵات بەڕێوەچوو، کە دواهەمینیان لە مانگی حوزەیرانی رابردوو لە بەغدا بەڕێوەچوو.

ئاسایش و ئارامی و سەقامگیریی عیراق بەشێكی گرنگە لە ئاسایشی ناوچەكە و جیهانیش، بۆیە گرنگە بۆ عیراق هەوڵی ئەوە بدات دید و بۆچوونە جیاوازەكانی وڵاتانی ناوچەكە لەیەك نزیك بكاتەوە، ئەمەش عیراق دووردەخاتەوە لەو ململانێ‌ و ئاڵۆزییە ئیتنیكییانەی لە ناوچەكەدا بە بەردەوامی هەیە و نابێت عیراق ببێتە بەشێك لەو ناكۆكییانە و بچێتە هیچ جەمسەرێك لەو جەمسەرانەوە، كە لە هەوڵی ئەوەدان عیراق بەلای خۆیاندا رابكێشن و ببێتە قوربانیی بەرژەوەندییەكانی ئەوان، بەڵام حیكمەتی كاربەدەستانی عیراق لەوەدایە كە بتوانن عیراق دووربخەنەوە لەو جەمسەربەندییە و بەرژەوندییە باڵاكانی عیراق لەبەرچاو بگرن .

تائێستاش عیراق زۆر دۆسێی بە هەڵواسراوی ماوەتەوە لەگەڵ دراوسێكانی و هەندێك دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی 2003 و هەندێكیشی نوێن، گرنگترینیان قەیرانی ئاوە لەگەڵ ئێران و توركیا كە بەنداوی زۆریان دروستكردووە و رێڕەوەی زۆرێك لە رووبارەكانیان گۆڕیووە، ئەمە چ جای مەسەلەی ئاسایشی سنوورەكان لەگەڵ سوریا و كێشەی نەخشەكێشانەوەی سنوورەكان و بازرگانی و داگیركردنی كوێت لەلایەن رژێمی پێشووەوە و قەرەبووەكانی عیراق بۆ ئەو وڵاتە كە تائێستاش بەردەوامە و رێكەوتنامەی فرۆشتنی نەوت بە ئوردن و زۆر كێشەی تر.

لە كۆتاییدا پێگەی جوگرافی عیراق و سامانی سروشتی و پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە یارمەتیدەرە بۆ سەركەوتنی كۆنگرەكە، ئەگەر ئەجێنداو تەوەرەكانی بە هاوبەشی هەموو پێكهاتەكانی عیراق دابنرێت بە هەرێمی كوردستانیشەوە، بە تایبەتی تر هەرێمی كوردستان كە هەرێمێكی فیدراڵی دەستوورییە لە عیراقدا و كارەكتەرێكی ئەكتیڤ بووە لە ماوەی رابردوودا چ لە شەڕی داعش و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی و داڵدەدانی زۆرێك لە ئاوارەكانی شەڕی داعش لە عیراق و سوریا بە بێ‌ جیاوازی ئیتنیكی و تایفی، بۆیە دەكرێت لەم كۆنگرەیەشدا ئەوە بە وڵاتانی درواسێ‌ بووترێت كە رێز لە سەروەریی عیراق و هەرێمی كوردستان بگرن، هەرێمی كوردستانیش لە بەرزترین ئاستدا بەشداریی هەموو كار و چالاكییەكانی كۆنگرەی ناوبراو بێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif