کوردستان دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی ئۆتۆنۆمی

ليست هناك تعليقات


سالار محمود


هەوڵ هەیە سیستەمی سیاسی عیراق، لە پەرلەمانیەوە بگۆڕدرێت بۆ سەرۆکایەتی. ئەمەش پێشهاتی نوێ و تەڵەزگەی تر لە نێوان کوردو، حکومەتی بەغدا دروست دەکات و ئاماژەیەکی مەترسیدارە.

بەشێک لە شیعەکان پێیان وایە، زۆرینەی پەرلەمانیی کاریگەری لەسەر پێگەی شیعە لە عیراق بەرجەستە نەکردوەو ناکات. بۆیە گۆڕینی سیستەم بۆ کۆماریی و، دەرکردنی پۆستی سەرۆک کۆمار لەبندەستی کورد پێگەیان زیاتر دەچەسپێنێ.

گەڕانەوەی مەرکەزیەت ئاماژەی مەترسیداری گەڕانەوەن بۆ تاکڕەویی، گەرەکە کورد لەم پرسەدا هەم بەئاگا بێت و هەم داکۆکی بکات لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار بەیەکگرتوویی.

بەغدا هێشتا قوڵایی گرنگی هەیە، گەر فراوانتر بڕوانرێت دەزانین کوردستان هێشتا مەترسی دەرەکی و ناوەکی لەسەرە.

هیوادارم بە کاردانەوە سەیری ئەم بابەتە نەکرێت. واقعی بین و لەلاوازی هەرێم و نەبونی یەکگرتووییەوە سەیری دیمەنە سیاسیەکە بکرێت. ئەگەر ئەم پێگەیە لەدەست بدرێت بەزیانی گەورەتر بۆ پێگەی کوردو کوردستان لەعیراق دەگەڕێتەوە.

هەرچەندە بونی پۆست ئەگەر بۆ خزمەت و، بەتایبەتیش وەک خەڵکی کورد بۆ ساڕێژی برینەکان و قەرەبووی زیانەکان و قوربانیەکان نەبێ، گرنگیەکی ئەوتۆی نیە.

لەهەموو حاڵەتێکدا شەڕی ئێمە لەبەغدایەو، شەڕی دەستوری کورد بەرامبەر بە سنور بەزاندنی وڵاتانیش لەبەغداوەیە. رووداوەکانی ئەم قۆناغەش دەریخست بەغدا گرنگە بۆ ململانێی دەستوریی و، پارێزگاری لەو دەستکەوتانەی بەدەستەوە ماون.

بەشێک لە بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنە عەرەبی و تورکمانەکان بەیەکگرتوویی دژی کوردە، با کورد بانگەشە بۆ یەکگروتوویی خۆی بکات و، دژی خۆی نەبێت. ئەو کاتە زامنی پاراستنی بەشێک لە دەستکەوتەکان دەکات.

سەرۆک کۆمار پارێزەری دەستورە، کوردستان ئەوەی هەیەتی بیپارێزێ دەقە دەستوریەکانە کە بە رەعیلی یەکەمی سیاسیەکانی کورد چەسپێنرا.

ئەگینا کوردستان دەگەڕێننەوە بۆ حوکمی زاتی!.

تێگەیشتنی تەواوم بۆ توڕەیی خەڵکی خۆمان هەیە، لەبێ هیوا کردنیاندا دەڵێن چی دەبێ با ببێ. بەڵام ئەو توڕەییەی ئەوان لەو خوێنساردی و نابەرپرسیارێتیەی زۆرینەی لایەن و دەسەڵاتدارانی کوردستان کاردانەوەی پەرۆشانەترە. بەڵام نیشتمان و خەڵکەکەی لەهەموو کەس و لایەک گرنگترەو ئێمە دەبێ بۆ پارێزگاریکردن ئەوە لەبەرچاوبگرین و هۆشداریەکە لەو سۆنگەوەیە.

بە کوردی و بەکورتی گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە عیراق بە گۆڕینی دەستور بێ یان بەبێ هەمواری دەستور، لەسەر حسابی خاک و خەڵکی کوردستان دەبێت.

تکایە ئاگادار بن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif