عارف قوربانی
له مێژووی كۆن و هاوچه‌رخی گه‌لی كورددا هیچ هێزێك به ئه‌ندازه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌نێوان ساڵانی 1976 تاوەکو 1991 داستانی پڕ له قاره‌مانێتی و گیانفیدایی تۆمارنه‌كردووه. داهێنانه‌كانی شێوازی خه‌باتی پارتیزانی و شه‌ڕی دهستەویهخهی ناودێهات، بۆسه‌نانه‌وه بۆ له‌شكری داگیركه‌ر له‌سه‌ر زه‌وی و شه‌ڕی فڕۆكه و كۆپته‌ر له ئاسمان، چالاكی ناو شار و لووتكه‌ی چیاكان، به ده‌ست و بازووی فیداكارانی رێی خه‌بات له ریزه‌كانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تۆماركراون.
به ئه‌ندازه‌ی هه‌موو ئه‌و داستانه نمونه‌ییانه‌ی له خه‌باتی چه‌كداریی و له شاخ خوڵقێندراون، له‌نێو دیواره ته‌نگ و ژووره داخراوه‌كانی زینداندا، كوڕ و كچه جه‌ربه‌زه‌كانی سه‌ر به رێكخستنه‌كانی یه‌كێتی ئه‌فسانه‌ی گه‌وره‌تریان تۆماركردووه. له یه‌كه‌م ده‌سته‌ی خاڵه شیهاب و هاوڕێكانییهوە تاوەکو وه‌ستا ئه‌نوه‌ری هه‌ڵه‌بجه و تا شه‌هید مه‌لا عه‌لی و ملازم جوامێر و سه‌تان نموونه‌ی دیکە، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان له به‌رامبه‌ر جه‌ور و سته‌م، به‌گژداچوونه‌وه‌ی جه‌لاد و قامچی و لێكۆڵه‌ر و دادوه‌ره سته‌مكاره‌كاندا له هۆڵی دادگە مێژووییه‌كه مه‌گه‌ر هه‌ر مرۆڤه یاخییه‌كانی یەکێتی به خوێن و به هه‌ڵوێسته‌كانیان تۆماریان كردبێت. سروودی كه‌م ژیان و كه‌ڵ ژیان، دوایین درووشمی سه‌تان گه‌نجی په‌روه‌رده‌ی ئه‌و رێبازه بووه كه به‌ره‌و مردن ده‌چوون. شیعره وه‌ك خۆی نه‌مره‌كه‌ی مه‌لا عه‌لی كه له‌ژووری سێداره‌دا نووسیویەتی:
مه‌رگی ئاوا ناگۆڕمه‌وه به سه‌ت ژین
ژینێك سه‌رم بۆ دووژمن ببێ به په‌رژین
سه‌ربه‌رزییه كه پێڵاوم ئه‌بینن
به‌سه‌ر سه‌ری دووژمنه‌وه له به‌رزین
له نموونه‌ی كام گه‌ل و نه‌ته‌وه‌دا جوامێری وا هه‌ڵكه‌وتوون كه مردنی په‌تی سێداره به سه‌ربه‌رزی ببینێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێڵاوه‌كه‌ی له ئاستی سه‌ری دووژمنه‌كه‌ی به‌رزتره. ئه‌م قۆناخه‌ی خه‌باتی یه‌كێتی له‌نێو زیندانه‌كاندا هی ئه‌وه‌یه نه‌ته‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر بینا بكرێت. ئه‌گه‌ر خه‌باتی شاخ و پێشمه‌رگایه‌تی به‌هۆی شه‌ڕی براكوژی و ره‌فتاری نابه‌رپرسیارانه‌ی هه‌ندێك له به‌رپرسه‌كانی شۆڕشه‌وه كه‌وتبێته ژێر پرسیاره‌وه، به‌ڵام هیچ كه‌س ناتوانێ له گه‌وره‌یی هه‌ڵوێست و پته‌وی بیروباوه‌ڕی ئه‌و نه‌مرانه‌ی به‌ر په‌تی سێداره كه‌مبكاته‌وه.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌گه‌ر له رۆژگاری شكست و شه‌وه‌زه‌نگی مه‌ینه‌تی گه‌له‌كه‌شماندا نه‌بووایه‌ته مه‌شخه‌ڵی شۆڕش و هیوای هه‌ستانه‌وه، ئه‌گه‌ر به ته‌نیا به ته‌قاندنی یه‌ك فیشه‌كیش به‌شداریی شۆڕشی نهكردایا، هه‌ر داستانه‌كانی ناو زیندانی به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی بۆ هه‌تاهه‌تایه شانازی به‌خۆیه‌وه بكات كه بۆ رزگاری میللـه‌ته‌كه‌ی موعجیزه‌ی خوڵقاندووه.
بۆیه كاتێك خه‌باتی چه‌كداری به ئاكام ده‌گات و یه‌كێتی ده‌بێته حیزبی فه‌رمانڕه‌وا، به‌هۆی ئه‌و سه‌روه‌رییه‌ی له مێژوودا به‌هۆی قاره‌مانه‌كانی نێو زیندانه‌وه بۆی تۆماركراوه، به‌رپرسیارێتیی یه‌كێتی زۆر زیاتر ده‌بێت له هه‌ر هێز و ده‌سه‌ڵاتێكی دیکە، تا رێگه له‌وه بگرێت سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵات و ململانێی نه‌یاره‌كانی و ته‌نانه‌ت ره‌فتاری به‌رامبه‌ر به دووژمنهكانیشی له قوربانییه‌وه نه‌یكات به جه‌لاد. حیزبێك كه خاوه‌ن سه‌تان نموونه‌ی داستانی نێو زیندان بێت، نابێت هیچ كات له حوكمڕانیدا ئه‌و مێژووه ره‌شه‌ی دووژمنانی تۆمار بكاته‌وه.
ئێستا زۆرێك له‌و قاره‌مانانه‌ی رۆژگارێك له زیندانه‌كانی به‌عسدا زیندان بوون و له ژیاندا ماون، یاده‌وه‌ریی خۆیان و هه‌ڵوێستی هاوڕێ شه‌هیده‌كانیان بۆ مێژوو ده‌نووسنه‌وه. هه‌رچه‌نده ئه‌م یاداشت و یاده‌وه‌رییانه رۆژژمێر و سه‌رگوزشته‌ی كه‌سه‌كانن، به‌ڵام ده‌بنه به‌شێك له مێژووی پڕ سه‌روه‌ری بۆ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش، هه‌روه‌ك ده‌بنه مێژوویه‌كی ره‌ش و قێزه‌ونیش بۆ ده‌سه‌ڵاتدارێتیی به‌عس و سه‌دام و ته‌نانه‌ت بۆ ده‌وڵه‌تی عێراقیش.
له دادگەی باڵای تاوانه‌كانی عێراقیشدا بینیمان كاتێك ئه‌م كه‌یسانه رووبه‌ڕووی سه‌دام و داروده‌سته‌كه‌ی ده‌كرانه‌وه كه له زیندانه‌كانی ئه‌من و ئیستیخبارات و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان به‌چی شێوازێكی دڕندانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ زیندانییه‌كان كراون، بووتڵ و دار تێبڕین و ده‌ستدرێژیی سێكسی بۆ سه‌ر ژنان و پیاوان بۆ ناچاركردنیان و ئیعتراف پێكردنیان، سه‌دام واخۆی نیشاندا تووشی شۆك بوو به بیستنی ئه‌و ره‌فتارانه، به‌ڵام هیچ كام له پاكانهكانی به‌وه‌ی (ئه‌و ئاگاداری ئه‌و ره‌فتارانه نه‌بووه و ده‌شێت ره‌فتاری كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارێك یان به‌رپرسێكی ئه‌و ده‌زگایانه بووبێت) رووی ره‌شی ده‌سه‌ڵاته سته‌مكاره‌كه‌ی سپی نه‌كرده‌وه، له مێژوویشدا له‌سه‌ر خۆی و ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌كه‌ی و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی تۆماركران.
ئێستا به‌هۆی ئه‌و كێشه و گیروگرفتانه‌ی له‌نێو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان سه‌ریان هه‌ڵداوه، قسه‌وباسێكی زۆر له‌نێو خه‌ڵك و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌ستاوده‌ستیان پێده‌كرێت، باس له تاوانی جۆراوجۆری زیندانیكردن و رفاندن و سه‌رانه‌وه‌رگرتن له ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رمایه‌داران ده‌كه‌ن كه له‌لایه‌ن ده‌زگا جیاجیاكانی یه‌كێتی و به‌رپرسه‌كانیانه‌وه ئه‌نجام دراون. له‌وانه‌ش زیاتر ده‌گوترێت له دهستبرن بۆ ناموس و شكاندنی كه‌رامه‌تی خه‌ڵك به‌هۆی ململانێ و ناكۆكیی سیاسی یاخود وه‌ك كارتی گوشار و ناچاركردنیان بۆ هه‌ر بڕیار و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك كه ئه‌نجامده‌ری تاوان مه‌به‌ستی بووه.
ئه‌وه‌ی له‌نێو خه‌ڵكدا ده‌گوترێت له‌و تاوانانه زیاترن كه ملازم موحسین به‌هۆیانه‌وه بووه‌ته ره‌مزی سته‌مكاری له یاده‌وه‌ریی خه‌ڵكی سلێمانیدا. ئه‌م قسه‌وباسانه ئه‌گه‌ر راستبن یان درۆ، ئه‌گه‌ر ئێستا ساخ نه‌كرێنه‌وه ده‌بنه لاپه‌ڕه‌ی زۆر قێزه‌ون به مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە. هه‌ر كه‌سێك له هه‌ر رۆژگارێکدا یه‌كێتی بووبێت ئه‌گه‌ر ئێستا یه‌كێتیش نه‌بێت به بیستنی ئه‌و قسه‌وباسانه ویژدانی ئازار ده‌چێژێت كه به‌و جۆره باس له یه‌كێتی بكرێت.
له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌شێك له‌م قسانه له كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كاندا كراون، به‌دڵنیاییه‌وه رۆژگارێك دێت له یاداشت و بیره‌وه‌ریی به‌شداربووانی ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌دا ده‌نووسرێنه‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر راستبن قوربانییه‌كان رۆژگارێك دێت ئه‌م ره‌فتارانه بۆ مێژوو له‌سه‌ر یه‌كێتی تۆمار ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر ناڕاستیش بن و به‌شێك بێت له ئامرازی ململانێی ئه‌م قۆناخه‌ی نێو یه‌كێتی، له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرێك له‌و هەژمار و و په‌یج و ماڵپه‌ڕانه‌ی ئه‌و شتانه بڵاوده‌كه‌نه‌وه له تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، خه‌ڵك ده‌زانن له نزیك جه‌مسه‌ره‌كانی ململانێی ناو یه‌كێتییه‌وه‌ن و میدیای سێبه‌ری یه‌كێتین، بۆیه به‌دڵنیاییه‌وه هه‌ر ده‌نووسرێنه‌وه و خه‌ڵكانێك سبه‌ی ده‌یكه‌نه كتێب و وه‌ك مێژوویه‌كی ره‌ش ده‌چێته نێو لاپه‌ڕه‌كانی مێژووه‌وه.
له‌نێو هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی باس ده‌كرێت، له هه‌موویان قێزه‌ونتر ئه‌وه‌یه كه ده‌گوترێت ده‌ست بۆ ناموسی خه‌ڵك براوه وه‌ك كارتی گوشار، یان ده‌ستدرێژیكراوه‌ته سه‌ر كه‌سانێك و تۆماركراوه وه‌ك رێگەیه‌ك بۆ ناچاركردنیان بۆ ئه‌نجامدانی كارێك. هه‌ر كه‌سێك یه‌كێتیی خۆش بووێت نابێت قبووڵی بكات ئه‌م قسانه ببنه به‌شێك له مێژووی پڕ شكۆی یه‌كێتی.
بۆیه پێویسته یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وه‌ك حیزب ئه‌مه ساخ بكه‌نه‌وه، ئایا ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی باس ده‌كرێن راستن یان نا؟ ئه‌گه‌ر راسته ده‌بێته له هه‌ر ئاستێك ئاگاداری ئه‌و ره‌فتارانه بوون و به‌رپرس بوونه له ئه‌نجامدانی، رووبه‌ڕووی یاسا بكرێنه‌وه. ئه‌گه‌ر ناڕاستیشن ده‌بێت ناڕاستییان بسه‌لمێندرێت بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی دیکە له دژی یه‌كێتی نه‌یباته مێژووه‌وه.
تازه یه‌كێتی ناتوانێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ پێش هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئەو لاپه‌ڕانه، ئه‌و قسه و باسانه بوونه‌ته بنێشته خۆشه‌ی سه‌ر زاری هاووڵاتیان، بۆیه پێویسته یه‌كێتی دهرگەیەک بۆ سه‌لماندنی راستییه‌كان بكاته‌وه، له ئاستی باڵای حیزبه‌كه لیژنه‌یه‌ك پێكبهێنێت و داوا له خه‌ڵك بكات له هه‌ر قۆناخێكدا ئۆرگان و به‌رپرسی یه‌كێتی هه‌ر جۆره سته‌م و زووڵمێكی له‌و جۆره‌یان له هه‌ركه‌سێك كردووه بتوانێت به نهێنی سكاڵا لای ئه‌و لیژنه‌یه تۆمار بكات. ئه‌گه‌ر هه‌ر ره‌فتارێك و بڕیارێكی كه‌سی له ئۆرگان و ده‌زگاكانی یه‌كێتی سه‌رچاوه‌ی سته‌م بووبێت، بۆ كه‌سانێك كه بوونه قوربانیی تاوانێكی له‌و جۆره، ده‌بێت یه‌كێتی سڵ نه‌كاته‌وه له‌وه‌ی ره‌وانه‌ی دادگەی بكات و په‌رێزی خۆی پاكبكاته‌وه له‌و تاوانانه‌ی ئه‌نجام دراون. ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌رچییه‌ك بن له‌و سزایه‌ی مێژوو كه‌متره كه بۆ یه‌كێتی تۆماری ده‌كات.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق