ته‌كنه‌لۆجیا..شێرپه‌نجه‌ی له‌ناوبردنی مێشكی مرۆڤ و له‌ده‌ستدانی زیره‌كی و ژیریییه‌

ليست هناك تعليقات

ئه‌گه‌ر مۆبایله‌كه‌ت به‌كار نه‌خه‌یت، ده‌توانی ژماره‌ی مۆبایلی هاوڕێ و هاوسه‌ر و كه‌سوكاره‌ نزیكه‌كانت خۆكارانه‌ بڵێی؟ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ كارێكی قورسه‌، چونكه‌ تۆ پشت به‌ مۆبایله‌كه‌ت ده‌به‌ستیت، كاتێك كه‌ پێویستت به‌ ژماره‌ی یه‌كێكیان بێت، ئه‌ی ئه‌گه‌ر له‌ شوێنێك بوویت و مۆبایله‌كه‌ت ون كرد و پێویستت به‌ هاوكاری و كۆمه‌كی كه‌سوكارت هه‌بوو، ئه‌وكات پێوه‌ندی به‌ كێ ده‌كه‌یت؟ ئه‌گه‌ر كه‌سێك مۆبایلێكت پێ بدات؟ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ كه‌ هیچ ژماره‌یه‌كت له‌به‌ر نه‌بێت، ناتوانێ پێوه‌ندی به‌ كه‌سه‌كانته‌وه‌ بكه‌یت، ئه‌مه‌ ئه‌و كاره‌ساته‌یه‌ كه‌ ته‌كنه‌لۆجیا به‌سه‌ر مرۆڤ و مێشكی مرۆڤی هێناوه‌، كه‌ ئیتر بۆ هه‌موو شتێك پشت به‌ ئینته‌رنێت و مۆبایل و كۆمپیوته‌ر ده‌به‌ستن، تا وه‌ڵامی پرسیاره‌كانمان ده‌ست بكه‌وێ، تا ژماره‌ی كه‌سوكارمان ده‌ربخه‌ین، به‌ گوێره‌ی توێژینه‌وه‌كانیش ئه‌مه‌ توانای مێشك ڕۆژ دوای ڕۆژ كه‌متر ده‌كات و به‌ره‌و له‌ناوچوونی ده‌بات.

لایه‌نێكی تری ته‌كنه‌لۆجیا بریتییه‌ له‌ په‌راوێزخستنی تواناكانی مێشكمان و هه‌میشه‌ پشتبه‌ستن به‌ داتا و ژماره‌كان كه‌ له‌ نێو كۆمپیوته‌ر و مۆبایله‌كان هه‌ڵمانگرتوون، واته‌ هیچ ڕاهێنانێكی یادگه‌ و ئه‌زبه‌ركردن به‌ مێشكمان ناكه‌ین، كاتێك بیر له‌ ڕابردوو ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ له‌ قوتابخانه‌ بووین، زۆربه‌ی وانه‌كان له‌لایه‌ن خوێندكارانه‌وه‌ ئه‌زبه‌ر ده‌كران و ده‌گوترانه‌وه‌، به‌ڵام ئێسته‌ قورسترین كار لای مرۆڤ بریتییه‌ له‌ له‌به‌ركردن و بیرهێنانه‌وه‌، ئه‌مه‌یش كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه‌ به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تی دا هاتووه‌ و ڕۆژ دوای ڕۆژیش سنووره‌كانی فره‌وانتر ده‌بن.

ماریا ڤێبه‌ر توێژه‌ر له‌ زانكۆی بێرمینگهامی به‌ریتانی له‌باره‌ی ئه‌و خووه‌ زۆرانه‌ی كه‌ مرۆڤ پێوه‌ی گرتووه‌ و گه‌وره‌ترین زیان به‌ توانای هزر و مێشكی مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت گوتی، له‌ ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كان بۆمان ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار كه‌س له‌ به‌ریتانیا و فڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا و به‌لجیكا و لۆكسمبۆرگ خراونه‌ته‌ ژێر تاقیكردنه‌وه‌، زیاتر له‌ سێ به‌شی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تاقیكردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر كرا به‌ به‌رده‌وامی بۆ بیرهێنانه‌وه‌ی كات و كار و یادگه‌ و ژماره‌ و پێویستییه‌كانیان پشت به‌ مۆبایله‌ زیره‌ك و كۆمپیوته‌ره‌كانیان ده‌به‌ستن، هه‌رچی كێشه‌ و پرسیارێكیشیان ڕووبه‌ڕوو ببێته‌وه‌، به‌ر له‌وه‌ی پشت به‌خۆیان و ئه‌و خوێندن و زانیارییانه‌ ببه‌ستن كه‌ له‌ نێو مێشكیان هه‌یه‌ و له‌میانه‌ی چه‌ندان ساڵی خوێندن له‌ قوتابخانه‌ و زانكۆ و كتێبه‌كان وه‌ریان گرتووه‌، ڕاسته‌وخۆ په‌نا بۆ ئینته‌رنێت و گووگڵ ده‌به‌ن و پرسیاره‌كه‌ی لێ ده‌نووسن و وه‌ڵامه‌كه‌ی وه‌رده‌گرن، ئیتر مێشك وه‌ك ئاوێكی مه‌نگ ده‌مێنێته‌وه‌ و هیچ كارێكی پێ ناكرێت.

به‌هۆی ئه‌و ڕێژه‌ زۆره‌ی پشتبه‌ستن به‌ ئامێره‌ زیره‌كه‌كان ئه‌و داتایانه‌ی كه‌ له‌ هزریان هه‌بووه‌، به‌ ته‌واوی له‌ناوچوون، بۆ نموونه‌ نیوه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ به‌ریتانیا به‌شداری ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یان كردووه‌، ژماره‌ی ته‌له‌فۆنی ماڵه‌وه‌ی خۆیان له‌بیر نه‌ماوه‌، 29%یشیان ته‌نانه‌ت ته‌له‌فۆنی هاوسه‌ر و منداڵه‌كانیشیان نازانن، ئه‌گه‌ر بۆ نموونه‌ مۆبایله‌كه‌یان ون ببێت، ئه‌وا هیچ ژماره‌یه‌كی كه‌سه‌ نزیكه‌كانیان نییه‌ تا پێوه‌ندی پێوه‌ بكه‌ن و دڵنیاییان پێ بده‌ن كه‌ سه‌لامه‌تن و مۆبایله‌كه‌یان ون كردووه‌.

مێشك و یادگه‌ی مرۆڤ هاوشێوه‌ی هه‌ر پرۆگرامێكی تری كۆمپیوته‌ره‌، هه‌رچه‌ند كاری له‌سه‌ر بكرێ و زانیارییه‌كانی ئه‌پده‌یت بكرێته‌وه‌ و به‌ نێو یادگه‌ماندا بگه‌ڕێینه‌وه‌، ئه‌وا چالاكتر و به‌هێزتر و زیره‌كتر و وردتر ده‌بێت، هه‌رچه‌ندیش یادگاری و زانیارییه‌كانی ناو یادگه‌ی مرۆڤ په‌راوێز بخرێت، ئه‌وا بێ هێز و ناچالاكتر ده‌بێ و دواجار په‌كی ده‌كه‌وێت و ته‌نیا ئه‌و چركه‌ساته‌ی له‌بیر ده‌بێت، كه‌ ئێسته‌ تێیدایه‌، یان ڕۆژێك پێشتر، كه‌ ئێسته‌ زۆرن ئه‌وانه‌ی نازانن ڕۆژێك پێشتریش چییان كردووه‌ و نیوه‌ڕۆ یان ئێواره‌ چییان خواردووه‌.

له‌ ئه‌زموون و تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی تر كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری شوفێری تاكسی له‌ له‌نده‌ن وه‌رگیراون، پرسیاری ئه‌وه‌یان لێ كراوه‌، كه‌ بێ به‌كاربردنی جی پی ئێس و نه‌خشه‌ی ئۆنلاین، بمانگه‌یه‌ننه‌ ئه‌و شه‌قامانه‌ی له‌ له‌نده‌ن داوای ده‌كه‌ین، له‌نده‌ن زیاتر له‌ 25 هه‌زار شه‌قامی تێدایه‌، تاقیكردنه‌وه‌كه‌ له‌ 2006 كرا و چه‌ند ساڵێكیش پێش ئێسته‌ هه‌مان كه‌سه‌كان هه‌مان تاقیكردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر كرا، له‌ ئه‌نجامه‌كانیش ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ ئه‌و توانایه‌ی شوفێرانی تاكسی له‌ 2006 هه‌یانبوو، بۆ ناسینه‌وه‌ و دۆزینه‌وه‌ی شه‌قامه‌كان، به‌ به‌راورد به‌ ئێسته‌ زۆر خراپتره‌ و به‌ ته‌واوی یادگه‌یان لاواز و بێسوود بووه‌ و به‌ بێ سیسته‌می جی پی ئێس و نه‌خشه‌ی ئۆنلاین، ده‌توانن كه‌مترین شه‌قامه‌كان بدۆزنه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌یش كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر مێشكی مرۆڤ.

كاتێك له‌ نه‌وه‌ی پێشوو پرسیاری بیركاری و كۆكردن و لێ ده‌ركردن و جاران ده‌كه‌یت، زۆر به‌ خێرایی ده‌رئه‌نجامی لێكدانه‌كان پێ ده‌ڵێن، به‌ڵام نه‌وه‌ی ئێسته‌ كه‌ هه‌موو شتێكیان پێوه‌سته‌ به‌ تابڵێت و ئایپاده‌وه‌، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كانت ده‌چن ئایپاد و ژمێره‌ره‌كه‌یان ده‌هێنن و وه‌ڵامه‌كه‌یت بۆ ده‌رده‌خه‌ن، ئه‌مه‌ ئه‌و ڕاستیانه‌ن كه‌ پێویسته‌ مرۆڤایه‌تی ئاگه‌داری بن، بۆ ئه‌وه‌ی هزر و توانا و زیره‌كی مرۆڤ له‌ناو نه‌چێت، پێویسته‌ ڕێوشوێنی گونجاو دابنرێت و منداڵه‌كانمان به‌ شێوازێكی تر په‌روه‌رده‌ بكه‌ین، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ مێشك كه‌ له‌ هه‌موو كۆمپیوته‌ر و ئامێره‌ زیره‌كه‌كانی جیهانی ته‌كنه‌لۆجیا پێشكه‌وتووتر و زیره‌كتره‌، له‌ ده‌ستی ده‌ده‌ین. له‌ كاتێكدا ئه‌و ئامێرانه‌ی كه‌ ئێسته‌ به‌رهه‌می پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیان به‌ به‌راورد به‌ تواناكانی مێشك زۆر له‌ دواوه‌ن و هێشتا هاوشێوه‌ی مێشكی مرۆڤ نه‌گه‌یشتوون به‌ پله‌ی زیره‌كی باڵا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif