عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ بەبەهای 27 مليار دۆلار گرێبەستێک واژۆ دەکەن

ليست هناك تعليقات

حکومەتی عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی فڕەنسی بەبەهای 27 مليار دۆلار گرێبەستێکیان لەبواری وەبەرهێنان لەکەرتی غاز، نەوت و بەرهەمهێنانی کارەبا لەوزەی خۆر واژۆ کرد، رێککەوتنەکە هاوکاری عێراق دەکات لەچارەسەری کێشەی وزە و کەمکردنەوەی پشت بەستن بەوزەیەی کەدۆستی ژینگە نیە.

شەوی رابردو بەئامادەبونی ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق و پاتریک بۆیانیە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تۆتاڵی فڕەنسی رێککەوتنەکە واژۆکرا بەبەهای 27 مليار دۆلار، وەزیری نەوت لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا وتی، "رێککەوتنەکە گەورەترین وەبەرهێنانی کۆمپانیایەکی بیانیە لەعێراق و ئاستەنگی سەرەکیمان لەئێستادا جێبەجێکردنی پڕۆژەکانە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "یەک لەسەر سێی بودجەی پرۆژەکە لەماوەی 7 ساڵدا خەرج دەکرێت، یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانیش بونیاتنانی ژێرخان و چارەسەرکردنی گازی بەرهەمهاتوە لەگەڵ نەوت کە بە دو قۆناغ دەبێت و توانای بەرهەمهێنانی رۆژانە 600 ملیۆن پێ سێجا گازی هاوتای نەوتی هەیە".

بەگوێرەی گرێبەستەکە دو لە پرۆژەکان پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی "ئەرتاوی" و گواستنەوەی ئاوی شەتولعەرەبە بۆ بیرە نەوتییەکانی کێڵگەکە.

پڕۆژەیەکی دیکە کە هەر لە چوارچێوەی گرێبەستەکەیە و تۆتاڵ جێبەجێیدەکات، دامەزراندنی پڕۆژەیەکی وزەی کارەبایە کە لە رێگەی وزەی خۆر بەرهەمدێت و توانای بەرهەمهێنانی هەزار مێگاوات کارەبای هەیە.

هەروەها بەگوێرەی راگەیەنراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق ، پڕۆژەی کۆکردنەوە و پاڵاوتنی گاز لە کێڵگە گازییەکانی بەسرە لەنێویاندا کێڵگەی ئەرتاوی، قورنەی رۆژئاوا-2، مەجنون، ئەلتوبا و لاهیس دەگرێتەوە.

ئیحسان عەبدولجەبار باسی لەوەشکردوە، لەگەڵ تۆتاڵ گەیشتونەتە رێککەوتن لەو کێڵگانەدا ئامێری پێویستی جیاکردنەوەی گاز دابنێن و لە کێڵگەی "ئەرتاوی"یش ژێرخانی پرۆژەی پاڵاوتنی گازی جیاکراوە دابمەزرێنن، بە تەواوبونی وەبەرهێنانەکەش، عێراق یەک لە پڕۆژە هەرە گرنگەکانی بواری وزە بەخۆوە دەبینێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif