سازدانی: زانا عەلی
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، بەم نزیكانە لەقەزای پێنجوێن بەڕێوەبەرایەتییەكی دیكەی پاسپۆرت دەكرێتەوەو دەشڵێت:» لەپارێزگای سلێمانی یەك ملیۆن و 574 هەزار كەس خاوەنی پاسپۆرتن».
عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كە زۆرترین خواست لەسەر دەرهێنانی پاسپۆرت لەلایەن هاووڵاتیانەوە لەپشووەكانی وەرزی هاویندایە.
لەسەر داوای عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی و بەپێی نووسراوێك كە ئیمزای ئازاد محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەژمارەی (624)ی بەرواری (2/8/2021) لەسەرەو ئاڕاستەی وەزیری ناوخۆی حكومەتی عێراقی كردووە، تێدا داوای كردنەوەی بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرتی پێنجوێن دەكات.
هەروەها لەوەڵامی ئەو نووسراوەدا فەریق سمكۆ نازم ئەمین یاریدەدەری وەكیلی وەزیری ناخۆی عێراق بۆ كاروباری ئاسایشی فیدڕاڵی بەژمارەی (6/353)ی بەرواری (3/8/2021)ی رەزامەندی داوە بەكردنەوەی بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرتی پێنجوێن لەپارێزگای سلێمانی .
لەمبارەیەوە، عەمیدی مافپەروەر سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی لەم چاوپێكەوتنەیدا بەهاوڵاتىوت:» بەم نزیكانە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پێنجوێن دەكرێتەوە، بەمەش پارێزگای سلێمانی دەبێت بەیەكەم پارێزگا لەسەر ئاستی عێراق كە جگە لەبەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی خاوەنی (5) پەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتە، لە (هەڵەبجە، گەرمیان (كەلار)، رانیە، چەمچەماڵ، پێنجوێن».
بەپێی دوایین ئاماری دەزگای ناوەندی ئاماری سەر بەوەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتۆتە (40,150,200) كەس كە دابەشبوون بەسەر (18) پارێزگادا، ئەمە لەكاتكێدایە پارێزگای بەسرە یەكێكە لەگەورەترین پارێزگا عەرەب نشینەكانی عێراق، كە ژمارەی دانیشتوانەكەی (3,640,284) كەسە تەنها سێ بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت هەیەو پارێزگای هەولێریش كە ژمارەی دانیشتوانەكەی (1,754,268) كەسە تەنها سێ بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت هەیە.
هەروەها پارێزگای كەركوك كە ژمارەی دانیشتوانەكەی (1,683,043) كەسەو یەك بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت هەیە، بەڵام پارێزگای سلێمانی كە ژمارەی دانیشتوانەكەی (2,278,380) كەسە شەش بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەیە، بەمەش دەبێتە یەكەم پاریزگا لەسەر ئاستی عێراق كە زۆرترین بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت هەیە و زۆرترین خزمەتی هاووڵاتیانی كردووە لەپێدانی پاسپۆرت .
سالار محەمەد، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی وتیشی:» تامانگی ئەیلولی ئەمساڵ (2021) لەكۆی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی (1,574,000) خەڵكی سلێمانی بوون بەخاوەنی پاسپۆرتی عێراقی، ئەمەش بەراورد بەڕێژەی دانیشتوانی دەردەكەوێت چالاكترین بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەیە لەعێراقدا».
سالار محەمەد، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی
هاوكات، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی هێمای بۆ ئەوەشكرد كە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان كە زیاتر لە (10) هەزار كەس دەبێت تائێستا پاسپۆرتەكانیان وەرنەگرتووەتەوە كە زیاتر لەشەش هەزار لەو پاسپۆرتە وەرنەگیراوانە لەناو بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانیدایە، جگە لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی دیكەی پاسپۆرتی سنووری پارێزگای سلێمانی .
بەشێكی زۆر لەگەنجانی هەرێمی كوردستان كۆچ دەكەن بۆ وڵاتانی ئەوروپا و بۆ ئەو مەبەستەش پاسپۆرت دەردەكەن و خۆیان دەگەیەننە توركیاو لەوێوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
«زۆرترین خواست لەسەر دەرهێنانی پاسپۆرت لەلایەن هاووڵاتیانەوە لەپشووەكانی وەرزی هاویندایە یان پشووەكانی نیوەی ساڵی خوێندن و جگە لەو دوو كاتەش لەپێش جەژنەكانی رەمەزان و قوربانی پیرۆز هاووڵاتیان مامەڵەی دەركردنی پاسپۆرت ئەنجامدەدەن»، عەمید سالار وای وت.
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی داواشی لەهاووڵاتیان كرد، بەزووترین كات و لەكاتی تەواوبوونی پاسپۆرتەكانیان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەكانی پاسپۆرت بكەن بۆ وەرگرتنەوەیان.
هاوڵاتی
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق