مەتەڵی دووبارەی هەڵبژاردن و گەمەی سیاسییەكان

ليست هناك تعليقات


سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی

هەرچەندە بڕوابەخۆكردن، یان خۆگێلكردن لە بەڵێن و كردار و گوفتاری سیاسییەكان لە پێش هەڵبژاردن دەمێكە لەلایەن عاقڵمەندانەوە تاقیكراوەتەوە و گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی چیتر بەڵێنی بێ بنەما و گەورە و بێ كرداری حزب و سیاسییەكان سواوە و بڕوا پێكراو نییە، چونكە دوای چەندین هەڵبژادنی پەڕلەمانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش بەڵێنەكان بەشێوەیەك دەدرێن كە هەندێكیان زۆر لە هەندێك حزب گەورەترن، ئەوانەشی كەبەڵێنەكانیان هێندەی قەبارەی خۆیانە هیچی جێبەجێ ناكەن، بەڵكو دەتوانین بڵێین، بەڵێن و گوفتاری سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بریتییە لە كۆپی پەیستی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو، بەشێوەیەك حزب و كاندید دەبنە خزمەتگوزارێكی بێ بەرانبەری هاووڵاتیان ئەویش تەنها بە گوفتار نەك بە كردار، چونكە پێویستە لەو كاتەی كە بە كردار بەڵێنەكانیان بەرنەسەر هەم حزبەكان، هەم ئەو كەسانەشی كە بە دەنگی خەڵكی خۆڵەمێشی دەردەچێنرێن، نەك بەڵێنەكانیان نابەنەسەر، بەڵكو وەڵامی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی دەنگدەرەكانیشان نادەنەوە.

لە دوای پڕۆسەی داگیركاری عێراق، ئەو بەرپرسانەی ڕۆیشتوونە بەغدا، یان لە هەرێمن، هێندەی خەمی گیرفانی خۆیان و حزبەكانیانە، هێندە خەمی هاووڵاتیانیان نییە، لەوانەیە هەندێك لە خوێنەران، نووسینەكەم بە بێ ویژدانانە لە قەڵەم بدەن و بڵێن ئەوە نییە هەندێك پەڕلەمانتار هەمیشە لەگەڵ هاووڵاتیاندان، بەڵام بەندە ڕاگەیەنراو، تەپەتەپ و دەنگ بەرزكردنەوە و بایكۆتی هۆڵی پەڕلەمان و ئۆپۆزسیۆن بوون ناخەمە ئەو قاڵبەی ئەوكەسانە خزمەتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بكەن، چونكە پێشتر ئەو جۆرە هۆكارانەش تاقیكرانەوە و تەنها دەنگ بەرزكردنەوەیەكە و لە ژێرەوە ڕێكەوتن لەسەر تەپەتەپەكەی پەڕلەمانیش كراوە، چونكە زۆرجار ئەو كەسانەی كە دەنگی خۆیان بەرز كردووەتەوە لە پەڕلەمان لەكاتی بڕیاری چارەنووسسازی وەك ڕیفراندۆم، مووچەی فەرمانبەران و پاشەكەوتەكانیان، داواكاری خۆپیشاندەران، ئاو و كارەبا و زۆر شتیتر، هەڵوێستیان نەبووە و بەهۆی حزبەكانیانەوە بوو بێت یان لە ترس و بیمی دەسەڵات یان كڕینی دەنگەكانیان، دەنگیان هاوشێوەی حزبە دەسەڵاتدارەكانی لێهاتووە و ئەوەی خەڵك چاوەڕێی لێدەكردن بەو شێوەیە نەبوون.

ئەوەی پێویستە لێرەدا بوترێت، ئەو دەنگە خۆڵەمێشییەیە كە حزبەكان یاری بەچارەنووسیان دەكەن، نازانم بۆچی و تاكەی هێندە خۆش باوەڕن بڕوا بە بەڵێنی حزبەكان دەكەن و دەچنەسەر سندوقەكانی دەنگدان؟ مەگەر ئەوە نازانن بۆ ڕۆیشتنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدانەكەتان بڕێك بودجەی دەوێت؟ پێموایە هێندەی خەرجكردنی پارەكانتان سوود لە دەنگدانەكە وەرناگرن، خۆ ئەو گیرفاندڕاو و بندیوارانەی كە شەڕ و هەڵپەركێ و پاڵپاڵین دەكەن بۆ حزبەكانیان و مووچەی تایبەت لەسەر بودجەی گشتی وەردەگرن حەقی خۆیانە ملی خۆیانی بۆ بشكێنن، بەڵام نازانم تۆیەكی دەنگدەری خاوەن هەڵوێست لەبەرچی و لەسەرچی دەنگ بە حزبگەلێك دەدەیت كە نە لە ڕابردوو، نە لە ئێستاو نە لە داهاتووش بەڵێنەكانی ناباتەسەر.

دەنگدەری ئازیز، مەگەر بیرتچووە حزبەكان دوای هەڵبژاردنەكانی پێشوو، لەبری چارەسەركردنی دۆخی ئابووری و سیاسی هەرێم، شەڕی پۆست و كورسییەكانیان بوو، مەگەر بیرتچووە لەبری چارەسەركردنی گرفتەكان و دانەوەی پاشەكەوت، دەستیان بە لێبڕینی مووچەی هەژاران و فەرمانبەران كرد، مەگەر بیرتچوو لەبری دەستەبەركردنی هەلی كار، گەنجانیان بەرەو هەندەران ڕاونا تاكو لە ئیجە بخنكێن، مەگەر ئەوەت بیرچوو بەناو ئۆپۆزسیۆنەكان لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو نەیانتوانی هەڵوێستێكی جەماوەری گەورە دروست بكەن و ببنە سەرمەشقی هاووڵاتیان بۆ وەرگرتنەوەی مافەكانیان"بیلموناسەبە مووچە خانەنشینیشیان ڕەتنەكردەوە"، زۆر شتیتر، خۆتان لەنێو مەیدانی گرفتەكانی هەرێمدان، كەوایە بە بیركردنەوە بڕیار بدە بەشداری دەنگدان دەكەیت یان نا، یان دەنگ بە كێ دەدەیت و دەنگەكەت چی لێدەكەیت، هەوڵ بدە دەنگەكەت بەشێوەیەك بێت نەچێتە گیرفانی هیچ حزب و كەسێكەوە.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif