د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 21ی ئەیلولی 2021 لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە و سەبارەت بە دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیھان گفتوگۆکرا.
لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و رێکارەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەبوارە جیاجیاکاندا لەچوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و پشتیوانی لە رێکخستنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە شێوەیەکی دادپەروەری دوور لە ساختەکاری، ھەروەھا جەختکرایەوە لەگرنگی ریشەکێشکردنی تیرۆر و توندڕەوی لە سەرتاسەری ناوچەکەدا.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بەرھەم دووپاتیکردەوە کە عێراق بە گرنگییەوە دەروانێتە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بەتایبەتی لە رووی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و ژینگەیی و فەرهەنگی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و لەچوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بەرهەم جەختی لەوە کردەوە کە عێراق کاردەکات بەئاڕاستەی پەیوەندییە دیپلۆماسییە ھاوسەنگەکانی بۆ پشتیوانیکردن لەچارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکان و کەمکردنەوەی بارگرژییەکان، ھاوکات باسی لە رۆڵی گرنگی عێراق کرد بۆ ھێنانەئاراوەی ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا، ھەروەھا بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەکانی گۆڕانی کەشوھەوا و پاراستنی ژینگە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک جۆ بایدن پێشکەوتنەکانی عێراقی بەرزنرخاند رووەو پاراستنی سەقامگیری و هەوڵەکانی بۆ هێورکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە، ھەروەھا پشتیوانی ئەمریکای دووپاتکردەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەری عێراق و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەهێزکردنی ئابووری، ھاوکات جەختیکردەوە لە پێویستی کار و ھەماھەنگی ھاوبەش لە چوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژی لە سەرجەم بوارە جیاجیاکاندا، لە پێناو بەرژەوەندی ھەردوو وڵات و گەلی دۆستدا.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق