پەیكار عوسمان
- دیموکراسی بە مانای حوکمی گەل، لەباشترین نمونەکانیشیدا، کەلێنی تێدایەو جێگای پرسیارە، چجای فۆڕمە ڕووکەشی و خراپەکانی!
مەسەلەن ئایا حوکمی گەل چیە؟ دەسەڵات و ململانێ ی ئینسانەکانی کۆمەڵگایە، یان دەسەڵات و ململانێ ی مێگەلەکانی کۆمەڵگا؟ ئایا دیموکراسی، بواری باڵابوونی مرۆڤەکانە، یان شوێنی هەژمونی حەشامەتەکان؟
- بەینی خۆمانبێ دیموکراسیەتیش کەمی نەکردوەو بەقەت نادیموکراسیەت، مێگەلسازەو ئەمیش کارگەیەکی تری تواندنەوەی مرۆڤە لەناو حەشامەتداو لێرەدا دیموکراسییش هاوشانی نادیموکراسی، درێغی نەکردوە لە تۆپەڵکردنی ئینسانەکان و لێدان لە تاكێتی ئەوان. بەڵام بە شیوازی خۆی، کە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ و فریودەرە!
- نادیموکراسی لە سادەترین پێناسەیدا بریتییە لە شکاندنی تاکەکان و دروستکردی مێگەلێکی گەورە لە پارچەکانی. کاتێکیش ئەم مێگەلە گەورەیە، وردئەبێتەوە بۆ چەن مێگەلێك،، درۆ ئەوەیە ئەم فرەمێگەلییە، وەکو فرەیی دیموکراسی و وەکو فەزیلەتێکی سیاسی وێنابکرێ!
- "دیموکراسی" بڕوابوون بە فرەییەو "مێگەل" سەپاندنی یەکڕەنگییە. لە فرەمێگەلییشدا، مێگەلەکان لە پەیوەندییەکی ناچارانەدان و هەر یەکەیان خەو بە سڕینەوەی ئەوانیترو یەکڕەنگکردنی دنیاکەوە ئەبینێ بەڵام ناتوانێ. فرەییەکەش لە هاوکێشەی هێزو لەم نەتوانینەوە دروستبووە، نەك لە ئارگۆمێنتی عەقڵی و ئیلتیزامی ئەخلاقیی و پەیمانی مەدەنییانەوە.
- هەڵبژاردنیش حەلەبەی ئەم یارییە ناشرینەی مێگەلەکانەو هیوا هەڵچنینیش لەسەر هەڵبژاردن، بێ ئاگایی یان خۆ گێلکردنە لەو یارییەیە. پرسیارە جدییەکەش بەشداری و بایکۆت نیە، چونکە ئەمە سەرەوەی شتەکەیەو کێشەکە لەژێرەوەیدایە. مەسەلەکە ئەوەنیە دەنگ بدەین یان نەیدەین، بەکێ ی بدەین و بە کێ ی نەدەین.. مەسەلەکە ئەوەیە، چۆن ژێرەوەی یارییەکە بگۆڕین، بۆئەوەی سەرەوەی، مانایەك پەیدابکاو لەم پووچێتییەی سیاسەت نەجاتمان ببێ!
- کاتێ خوێکە، هەر ڕق و دەمارگیری و سەنگەرگرتن و دابەشکاری ڕەش و سپیانەی دنیابێت، ئیتر چێشتەکە هەرچی بێت، هەمان تامی هەیە. ئا لێرەشەوەیە کە دژە تەقلیدییەکانی دنیای ئێمە، فەرقییان نیەو هەمان بێتامن! چەپ و ڕاست، ئیسلامی و علمانی، قەومچی و دژەقەومی، پارتی و دژەپارتی، دەسەڵات و موعارەزە.. کاتێ ئەمانە، جگە لە شەیتاندن هیچی تریان پێ نەبێ بۆ یەکترو ئاشی هەموویان هەر ڕق بیگێڕێ، ئیتر هەمووی، هەمان تاس و حەمامەو تەنیا ڕەنگی خاولی و پەشتەماڵەکان جیان!
- مەسەلەکە ئەوەنیە کە بەشداری یان بایکۆت چی لە دنیاکە ئەگۆڕێ، مەسەلەکە ئەوەیە چی لە تۆدا گۆڕاوە؟ ئەگەر نەگۆڕەکەی تۆ، هەر ڕق و دەمارگیری و بەرژەوەندی بێت، ئیتر بەشداری و بایکۆت فەرقێکی نیەو تۆ بە هەردوکیان هەر جەبهەیەکی تری ڕقهەڵڕشتن ئەکەیتەوە.
- لەنێوان دووڕیانەکاندا، حەلی ئێمە ڕێگای سێیەم نیە، لە غیابی عەقڵ و لە وجودی ڕقدا، ڕێگای چوارو پێنج و هەزاریش هەر ئەگاتەوە هەمان چاڵی تاریك. چارەسەر ئەوەیە هەموو ڕێگاکان، لە ڕقەوەناو لە عەقڵەوە پیای بڕۆینەوە.
- سەیرکە پاڵەوانەکانی ئێمە لە هەموو ئاڕاستەکان، ئەوانەن کە وەتەری ڕق ئەژەنن. چونکە لە ئەساسەوە عودەکەی ئێمە، هەر ئەو تەلەی پێوەیە بۆیە هەر ئەو ئاوازەی ئەگات. ئێمە پێویستە تەلی هۆشیاریی ببەستین بۆئەوەی دنیاکە بڕێك ئارامبێتەوەو خۆت ببیتە کاراو پاڵەوانی بیرکردنەوەی خۆت، چیتر بەرکاری چەلەحانێ ی پاڵەوانەکانی ڕق نەبیت!
- ئەوە باشە کە هەڵبژاردن جیاکاریی ناکاو لە دەنگا هەمووان یەکسان ئەکاتەوە. بەڵام ئەوە خراپە کە عادەتەن "زۆرینە" جسمێکی مێگەلیی و ئیحساسییە، نەك جسمێکی مرۆیی و عەقڵیی. لێرەشدا ئەبێ بنەمای دیموکراسی تاكبێ و یاساکانی یارییەکە بە جۆرێك دابڕێژرێن، کە تاك بپارێزن لە هەژموونی مێگەلەکان. بەڵام کە دیموکراسی کورتکرێتەوە لە هەڵبژاردنداو هەڵبژرادنیش جەولەیەکی تری مێگەلسازی و سەرکەوتنی کۆمەڵگاو ئایدۆلۆژیاو حیزب و خێڵ بێت بەسەر تاكدا، ئیتر پرسیارە گەورەکە ئەکەوێتە سەر خودی هەڵبژاردن و دیموکراسی، نەك ئەو پرسیارە بچوکەی کە بەشداری بکەم یان بایکۆت!
- هەڵبژاردن بایکۆت دەنگدان دەنگنەدان دەنگ سوتان.. ئەمانە سەرەوەی مەوزوعەکەن، ژێرەوەی دیموکراسی ئێمە، ئەوەنیە کە پێویستە ئەوە بێت. کێشەکەش لەو ژێرخانەدایە نەك لەو چەلەحانێیەی لە سەرخانەکە ئەگوزەرێ. ژێرخانی دیموکراسی، تاکێکی ئازادو ئاگای تێدایە کە ئەگەر لە هەڵبژاردنێکیشدا بڕیاری هەڵە بدات، لە هەڵبژاردنی دواتردا ڕاستی ئەکاتەوەو کۆی یارییەکە لە بەرژەوەندی ئەم تاکە ئازادەیەو تاکو دووبارەش بکرێتەوە تاکێتی ئەو ئامادەتر ئەبێت.
- بەڵام لە کۆمەڵگا تەقلیدییەکاندا، حەڵقەی یەکەم ئەو تاکە ئازادە نیەو یارییەکە هەر لەسەرەتاوە بە مێگەل دەستپێئەکاو هەر بە مێگەلیش کۆتایی دێت. دووبارەکردنەوەشی لە بەرژەوەندی مێگەلەکاندایە نەك ئینسانەکان. پرسیارەکەش ئەوەنیە کە هەڵبژاردن باشە یان خراپ، پرسیارەکە ئەوەیە تۆ خۆت چیت و لەکوێوە ئەچیتە ناو یارییەکە؟
- کاتێ لە عوقدەو ڕق و دەمارگیرییەوە بۆی ئەچیت، ئیتر بەشداری و بایکۆت فەرقی نیە، چونکە پەرچەکرداری سوزداری و ڕقاوی، کوێرو نائازادترگایە. بەڵام کاتێ لە ڕێگای عەقڵ و هۆشیارییەوە خۆت ئازاد ئەکەیت لە فەوزاکەو وێنەکە لە ئارامییدا ئەبینیت، ئیتر ئەوەی کە ئەیکەیت خۆتیت، دیموکراسیش لەو خۆتەوە دەستپێئەکاو بەبێ ئەو خۆتە باسکردن لە دیموکراسی فریودانە!
- فەوزا پێوەرێکی باشە بۆ پێوانی شتەکە. جەماعەتی ڕقبازی و هاشوهوش و حەماسەت و یاریکردن بە عاتیفە.. "لە هەموو لاکانەوە" ئەگەرچی لەبەرچاوی تۆدا نمایشی ململانێیەکی توند ئەکەن، بەڵام لەڕاستیدا ئەمانە هەموویان پێکەوە، بەرەی نادیموکراسی و مێگەلسازی و لێدانی عەقڵ و ئاگایی ئینسانی ئێمەن و بە هەموویان نایەڵن ساتێکی ئارام دروستببێ کە ئینسانی ئێمە بیری تێدا بکاتەوەو بەر وجودی تاکانەی خۆی بکەوێ و بچێتە ناو دیموکراسییەوە!
- ئەوەش لەناو هەموو ئاڕاستەکاندایەو شەپۆلێکە لە هەموو لایەکەوە هێرشمان بۆ دێنێ نەك تەنیا لە لایەکەوە. کاری ئێمەش ناسینەوەی ئەو شەپۆلەو خۆپاراستنمانە لەوەی کە ژەهراوی و ئاڕاستەمان بکات. کە ئەوەمان کرد ئیتر لە بەشداری و بایکۆت و هەموو ئاڕاستەکاندا، مرۆڤی ئێمە ئامادە ئەبێ و ئەوەی کە هەیە هەمووی بنیاتنەرو قازانجە. کە ئەوەشمان نەکرد، ئیتر شەپۆلی ڕق ڕامان ئەماڵێ و لە هەموو ئاڕاستەکاندا شتەکە هەر مێگەلی و ناعەقڵانییەو هەر زەرەرە.
- مەسەلەکە ئەوەنیە کە بەشداری باشە یان بایکۆت، مەسەلەکە ئەوەیە کە تۆ لەکوێوە بەشداری و بایکۆتەکە ئەکەیت. لە کارایی و هۆشیارییەوە، یان لە گیرفان و پەرچەکرداری ڕقاوی و مێگەلییەوە. بایکۆت و بەشداری، هیچیان خۆی لە خۆیدا نە عەیبەیە نە هەڵوێستی باڵا. ئەوە ئاستی هۆشیاریی تۆیە قیمەتی بەشداری و بایکۆت دیاری ئەکات.
- سەیرێکی چواردەورت بکە، کەسانی وا بانگەشەی بایکۆت ئەکەن، لەگەڵ کۆیلەیەکی حیزبا بیگۆڕیتەوە زەرەرتەو هەردوکی هەمان عەقڵیەتە. ئەوەشی کە گرنگە، ئەوەیە ئێمە چۆن بگەینە عەقڵیەتێك کە گشتییانەبێت نەك مێگەلییانە. ئاخر ئەوەی کە مێگەلییانەیە لەسەر ختوکەی ئیحساس وەستاوەو ئەوەی کە گشتییانەیە لەسەر ئارگۆمێنتی عەقڵ وەستاوە. هەروەها چۆن بگەینە بڕیارێك کە خودییانەبێت بە مانای ئیرادەو ئاگایی، نەك بە مانای بەرژەوەندی و خۆپەرستیی.
- یەعنی هۆشیاری ئینسان سەنگی مەحەکەو هۆشیاریش ئەکەوێتە ئارامییەوەو هاشوهوش بە هیچ بارێکا ڕەبتی بە هۆشیاری تاك و چاکەی گشتییەوە نیە. مەسەلەن ئێمە پێشئەوەی بایکۆتی هەڵبژاردن بکەین، ئەبێ بایکۆتی هاشوهوش بکەین و خودی حەملەی بایکۆت نەکەین بە جەبهەیەکی تری چەلەحانێ و ڕقبازی و بردنی هۆشی ئینسانەکان.
- ئێمە بۆ ئەم هەڵبژاردنەو بۆ ژیان بە گشتی، پێویستمان بە بڕێك ئارامییە. حیزب و ڕاگەیاندن و پەیج و سیاسەت و ئایدۆلۆژیاش، هەمووی بە خەستی لەناو پیشەسازی فەوزادایەو ژاوەژاو بەرهەمئەهێنێ. ئێمە تەنیا پێویستمان بە بایکۆتی فەوزایە. کە بایکۆتی فەوزامان کرد، ئیتر دەنگدان و دەنگنەدان کێشەیەك نیەو نابێتە بەشێك لە فەوزاکە. بەڵام کە بایکۆتی فەوزامان نەکردبێ، ئیتر ئەوەی کە ئەیکەین و نایکەین، ئەچێتەوە خزمەتی فەوزاو خراپترکردن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق