چاوپێککەوتن، سێ وەزارەت بەناوی ژینگەوە باج وەردەگرن‌و هیچی نایەتەوە بۆ سندووقی ژینگە

ليست هناك تعليقات


سازدانی: شاناز حەسەن

عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆكی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هاوڵاتى جەختی لەوە كردووە سیاسەتێكی ژینگەیی سەركەوتوو پێویستی بەژینگەی سیاسی سەركەوتوو هەیە.

پرسیار: بەگشتی خوێندنەوەت بۆ ژینگەی هەرێمی كوردستان چییە؟

عەبدولڕەحمان سدیق: ژینگەی هەرێمی كوردستان لەئاستێكی مامناوەندیدایە، لەبەرئەوەی لەدوای ساڵی 2006 و دەرچوونی یاسای وەبەرهێنان، دەتوانین بڵێین تاڕادەیەكی زۆر، پڕۆژە بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵییەكان لەهەرێمدا دەستبەكاربوون و ئەم پەرەسەندنە ئابوریە لەهەر وڵاتێكدا واتە پەرەسەندنی ئابوری و بازرگانی خۆی لەخۆیدا، هەم وەك ئەوەی سەركەوتنێكی ئابوریە، لەلایەكی تریشەوە دەبێتە مایەی پیسبوونی ژینگە، بۆیە ئێمە دەتوانن بڵێین هەرێم ژینگەكەی لەو حاڵەتە ناوەندییەدایە، جا لەپێناوی ئەوەی پێشكەوتنەكان هەر بەردەوام دەبن تا چارەنووسمان وەك چارەنووسی ئەو وڵاتانە نەبێت كەئێستاكە بەدەستی گۆڕانكاری كەشوهەواوە دەناڵێنن، بۆیە لەدوای ئەو یاسایە، یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە دەرچوو لەساڵی 2008دا، بۆیە ئێستا هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە وەك دەستەیەكی چاودێری و بەدواداچوون، لەگەڵ وەزارەتەكان رۆژانە لەهەوڵی ئەوەداین هەموو هەنگاوەكانی بزانرێت چەندی گرفتی ژینگەیی دروستدەكات و چەندی پێویستی بەچارەسەرە، واتە ئێمە بەردەوام بیریان دەخەینەوە گرفت هەیە لەناو چارەسەریەكاندا و وەك چاودێر بەردەوام بەدوای چارەسەریداین.

پرسیار : بەتایبەت لەپارێزگای سلێمانی ژمارەیەك كارگە هەیە، تاچەند توانیوتانە كۆنتڕۆڵی ئەوانە بكەن كاریگەرییان نەبێت لەسەر پیسبوونی ژینگە؟

عەبدولڕەحمان سدیق: ئێمە دوو جۆرمان هەیە هەندێك كارگە كە بەرواری دامەزراندنەكەی و دروستكردنەكەیان كەوتۆتە پێش یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە، بۆیە بۆ ئەوانە بە جۆرێك لەجۆرەكان ئێمە لە رێگەی رێنماییە سەپێنراوەكانەوە داوای قەرەبووی رووبەری سەوزاییمان كردۆتەوە، بۆیە داوای لەسەدا 25 رووبەری سەوزایی دەكەین، لەكاتێكدا دەڵێت تەواوی رووبەرەكەم بەكارهێناوە و شوێنێك نەماوە بۆ سەوزایی شتێكی دیكەمان كردووە بەناوی «لەبری سەوز» لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و شارەوانی و پەروەردە رێككەوتوین و بۆ نموونە وەزارەتی شارەوانی چەند باخچەی هەیە لەسنوری سلێمانی و نزیك ناوچەی كارگەكە، كە سەوزایی بۆ نەكراوە، پێویستە ئەو كارگەیە ئەركی سەوزكردنی بگرێتەئەستۆ بەقەد ئەو رووبەرەی كە لە كارگەكەی خۆیدا دەبێت بیكاتە سەوزایی لەباخچەكاندا یان لە ناو قوتابخانەكاندا یان لەناو نەخۆشخانەكاندا.

هەروەها دانانی فلتەر بۆ كارگەكان كە لەكاتی دامەزراندنیدا دانەنراوە، یەكێك لەكارەكانی دەستەی ژینگە رۆژانە رێگەپێدانە بەكارگە و پڕۆژەكان یان رێپێنەدان، بۆیە لەئەنجامدا كە رێپێدانی وەرگرت ئێمە بەردەوام چاودێری دەكەین و لەكاتی سەرپێچیدا غرامە دەكرێن.

هاوكات كاری هۆشیاركردنەوەی ژینگەیی و كاراكردنی یاساكانی خۆی و خاڵێكی زۆر گرنگ هێنانی تەكنەلۆژیای نوێ كە هاوردەكردنی ئەو ئامێرانەمان لەسەر ئیجباری كردوون كە دەبنە هۆی كەمكردنەوەی پیسبوونی ژینگە.

پرسیار : رێژەی سەوزایی پێویستە چەند بێت؟

عەبدولڕەحمان سدیق: بەشێوەیەكی گشتی ئەوەی كە ستاندارتی جیهانییە، بۆ پڕۆژەكان دەبێت لەسەدا 25ی سەوزایی بێت، بۆ پڕۆژە بچوكەكان پێویستە لەسەدا 10 سەوزایی بێت، بەگشتی بۆ رووبەری سەوزایی، دوو رووبەر هەیە لەشارەوانیەكاندا دەڵێت رووبەری سەوزایم لەسەدا 15یە، بەڵام كە لەوەزارەتی كشتوكاڵ بپرسی دەوترێت لەسەدا 12و نیوە، چونكە رووبەری سەوزایی بەپێوەری وازرەتی كشتوكاڵ بریتیە لە بوونی درەخت، واتە چاندنی نەمام ئەوە هەژمار دەكرێت، بەڵام شارەوانیەكان چیمەنەكان دەپێون، روپێوی سەوزایی كارێكی زەحمەتە چونكە پێویستمان بەهاوكاری رێكخراوە جیهانییەكانە، بەگشتی بەپێی ئەو روپێوەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان لە 2015 ئەنجامیداوە لە رێگەی رێكخراوێكی جیهانی باوەڕپێكراو، ئەوكات رێژەی سەوزایی 12.4٪ بووە، مانای ئەوەی ئەوەندەی دیكەمان پێویستە.

بەداخەوە بەهۆی دراوسێیەتی خراپ و ناهۆشیاری خۆشمان ئامارەكان پێمان دەڵێن لەساڵی 2010 تا سەرەتای 2020، یەك ملیۆن و 30 هەزار دۆنم دارستانمان سووتاوە، ئەمەش بێگومان جارێكی دیكە پڕكردنەوەی دەوێت، بۆیە ئەوەی ئێمە ئێستا ئومێدی پێدەكەین و هەوڵی بۆدەدەین لەسەدا 25 سەوزایی بەرجەستە بكرێت.

پرسیار : لەكاتێكدا كە ساڵانە ئوتۆمبێل نۆی دەكرێتەوە پارەیەك وەردەگیرێت بەناوی ژینگەوە تاچەند ئەم پارانە بۆ دەستەی ژینگە دەگەڕێنەوە؟

عەبدولڕەحمان سدیق: بەردەوام لەهەوڵی ئەوەداین ئەوانەی كەناوی سزای ژینگەیی لێنراوە، پێمان خۆشە ژینگە نەبێتە لایەنێك بۆ سزادان، بەڵكو ببێتە لایەنێك بۆ هۆشیاركردنەوە، لە هەریەك لەوەزارەتی سامانە سروشتیەكان و شارەوانی و ناوخۆ بڕە پارەیەك وەك باج بەناوی ژینگەوە وەردەگیرێت، بۆیە ئێمە داوامان كردووە، ئەو ناوە بگۆڕن، چونكە مەبەستمانە خەڵك و ژینگە پەیوەندیەكەیان دۆستانەبێت، بۆیە هەوڵمان بۆ ئەوەیە ئەو باجانە ناویان بگۆڕێت بەتایبەت ئەو ژمارە زۆرە ئوتۆمبێلەی ئێستا هاوردە دەكرێت كە بەشێكیان بە شەحن كاردەكەن، بۆیە ناكرێت پارەی بەناوی ژینگەوە لێوەربگیرێت، ئەو وەك باجانە هیچیان ناگەڕێنەوە بۆ دەستەی ژینگە، بەڵكو هەندێكی بۆ وەزارەتەكە و بەشەكەی تری بۆ وەزارەتی دارایی دەگەڕێتەوە، لەكاتێكدا ئێمە سندوقی ژینگەمان هەیەو دەبێت بگەڕێتەوە ناوی، بەپێی یاساكەش، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناگەڕێنرێتەوە بۆ ژینگە، وەڵامەكەیان تەنیا ئەوەیە بەهۆی بارودۆخی دارایی و دابینكردنی موچەوە ناگەڕێنرێتەوە بۆ خزمەتی ژینگە.

پرسیار : تائێستا هیچ پڕۆژەیەكتان داوەتە پەرلەمان بۆ گۆڕانكاری جەوهەری لەژینگەدا؟

عەبدولڕەحمان سدیق: بەدڵنیاییەوە، یەكەم شت داوامان كردووە یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2008 و یاساكانی دیكە هەمواربكرێنەوە بەو ئاراستەیەی كە سودی بۆ پاراستنی ژینگە هەبێت و ئەنجومەنی پاراستن و چاككردنی ژینگە دابمەزرێنین، كە چوار بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتەكانی تێدایەو وە وەفدی رێكخراوە جیهانیەكان و ئێستا چوار رێنماییمان هەیە و دەمانەوێت لە رۆژنامەی وەقائقی كوردستاندا بڵاویبكەینەوە و هەمووی خزمەت بەژینگە دەكات.

پرسیار : دەستەی ژینگە داهاتەكەی چەندە و چۆن خەرجدەكرێت؟

عەبدولڕەحمان سدیق: دەستەی ژینگە بەشی زۆری داهاتی نەبووە، چونكە لەكاتی تەقدیمكردنی پڕۆژەیەكدا ئێمە رێنمایی دەكەین و رووبەری سەوزایی زیاد دەكەین، ئێمە دەمانەوێت خزمەت بەژینگە بكەین، بۆیە زیاتر بۆ ئەوە هەوڵمانداوە، هیچ كات خاوەن داهات نەبووە بۆمان، بەڵام بەگشتی سێ سەرچاوەی داهاتی هەیە، یەكێكیان بودجەیە كە لەساڵی 2013وە نیە، بۆیە هیچی بۆ تەرخان نەكراوە، دووەم هاوكاری رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانە، كە بەهیچ شێوەیەك ئێمە بەدەستمان نەگەیشتووە و یارمەتی نەدراوین، سێیەمیش باج و رسوماتە كە ئێمە هیچ وەریناگرین و لەبەر قەیرانی دارایی دەچێتەوە وەزارەتی دارایی.

پرسیار : كابینەی نۆیەم تاچەند هاوكاری ئێوە بووە وەك دەستەی ژینگە؟

عەبدولڕەحمان سدیق: زۆر هاوكارمان بووە، كە تیگەیشتنێك بۆ خودی ژینگە و چاككردن و پاراستنی هەبووە، لەخاڵی دەیەمی پرۆژەی چاكسازیدا بەدروشمێك باس لەوەكراوە پاراستنی ژینگەی هەرێمی كوردستان بۆیە لەوێوە دەستی پێكردووە، بەڵام بەهۆی كۆرۆناو قەیرانە داراییەكەوە كارەكان دواكەوتن، چونكە هەمیشە وتوومانە سیاسەتی ژینگەیی سەركەوتوو پێویستی بە ژینگەیەكی سیاسی سەركەوتووە، ژینگەی سیاسی و بارودۆخی هەرێم و بەغدا باش بێت و ژینگەی هەرێم و نێوان لایەنە سیاسییەكان باش بێت و بەدروستبونی ژینگەی سیاسیەكە، سیاسەتە ژینگەییەكانی ئێمەش دروست دەبێت، چونكە بەشێوەی سێگۆشەیەك كە خەڵك لەڕووی ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتیەوە بارودۆخی باش بوو، بۆیە دەتوانین لەناو ئەم سێگۆشەیەدا ژینگەیەكی تەندروست دروست ببێت.

پرسیار : لەڕووی ژینگەییەوە لەگەڵ عێراق، هەرێم چ هاوبەشییەكی هەیە؟

عەبدولڕەحمان سدیق: ئێمە و عێراق لەخاڵێكدا زۆر هاوبەشین، كە پیسبوونی هەوامان زۆر هەیە و بەدەر لەپیسبوونی ئاوو خاك، چونكە هۆكارەكانی گواستنەوە گرنگترین هۆكاری پیسبوونی ژینگەیە و چڕبوونەوەی دانیشتوان لەناو سەنتەری شارەكان، ئەوەش وادەكات هەوا زۆر پیس ببێت، چونكە لەسەدا 80%ی دانیشتوان لەناو شارەو لەسەدا 20ی لەگوندەكانەو تێكەڵبوونی كارگە و ناوچە نیشتەجێبوونەكان بوونی هەیە، بۆیە هەموو رۆژێك شەڕێكی ئاشتیانەمان هەیە كە نامانەوێت ئەو كارگانە لەنزیك دانیشتوان بن.

بەپلەی یەكەم پیسبوونی هەوامان هەیە كەگرنگترینیشیانە، چونكە ناتوانی بۆ چەند دەقەیەك بێ هەوا بژیت، لەكاتێكدا چەندین رۆژ دەتوانی بەبێ ئاوو خۆراك ژیان بكەیت ناتوانی واز لەهەوا بهێنرێت

وەرگیراوە لە هاوڵاتیەوە

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif