ئاسایشی هەڵبژاردنەکان چەند بڕیارێکی نوێ بۆ رۆژی دەنگدان دەدات

ليست هناك تعليقات


 
لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردنەکان رێنوێنی و بڕیاری نوێ لەبارەی رۆژی دەنگدان دەردەکات و ئەوانیش تایبەتن بە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان و ماتۆڕسکیلەکان.

عەمید غالب عەتیە، گوتەبێژی لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردن بە میدیای فەرمی عێراقی رایگەیاند، لیژنەی ئاسایشی هەڵبژاردن، بڕیار و رێنوێنی بۆ لیژنە لاوەکییەکانی سەرجەم پارێزگاکان ناردووە، لەوانەش سنووردارکردنی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان و داخستنی سەرجەم فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان لە 9ی تشرینی یەکەم تاوەکو بەیانی رۆژی 11ی مانگ.

گوتەبێژی لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردن ئاماژەی بەوەکرد، ئەو رێکارانە بۆ پاراستنی ئاسایشی تەواوەتی پرۆسەی هەڵبژاردنە و گوتیشی، هاتووچۆی ماتۆرسکیلیش لە نێو شارەکان قەدەخە دەبێت و رێگەش بە هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکانی دیکە دەدرێت تەنیا بەمەبەستی ئاسانکاریی بۆ گواستنەوەی دەنگدەران لە ماڵەوە بۆ ناوەندەکانی دەنگدان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەمید غالب دەڵێت، رێکاری دیکە دەگرنەبەر بۆ ئاسانکاریکردن بۆ هاتووچۆی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و هاوکاریکردنیان بۆئەوەی بگەنە ناوەندەکانی دەنگدان.

لەم هەڵبژاردنەدا 3249 بەربژێر بەشداربوون، تاوەکو ئێستا شەش بەربژێر دوورخراونەتەوە و بەربژێرێکیش گیانی لەدەستداوە؛ ئێستا 3242 بەربژێر ماون. بەشێکیان سەربەخۆ و ئەوانی دیکەشیان بەربژێری 21 هاوپەیمانی و 109 پارت و لایەنی سیاسین؛ ئەو بەربژێرانەش رکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسیی پەرلەمان.

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێ، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق لە مانگی ئۆکتۆبەری 2021 دا مافی دەنگدانیان هەیە 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 کەسە، کە لە 8 هەزار و 273 ناوەندی دەنگدان لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەنگدەدەن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif