ئەمەریكا: لەوانەیە بە هاوكاری تاڵیبان لە دژی تیرۆر بجەنگین
ئەمەریكا بەتەمایە لە ئەفغانستان بە هاوكاریی تاڵیبان لە جەنگی دژی تیرۆر بەردەوام بێت. پێشتر تاڵیبان بەشێك بوو لە تیرۆر و ئەمەریكا لە دژی دەجەنگا، كەچی ئێستە بەتەمایە لەگەڵیدا ببێتە هاوپەیمان.
جەنەراڵ مارك میلی سەرۆكی ئەركانی ناوەندی هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا دەڵێت، تاڵیبان گرووپێكی بێ بەزەییە و دیار نییە دوای ئەوەی بە دەسەڵات گەیشتووە، دەگۆڕێت یان نا، بەڵام ئەو ئەگەرە هەیە ئەمەریكا لە پرسی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە داهاتوودا هاوكاریی تاڵیبان بكات.
رۆژی سێشەم 31ی ئاب، كۆتایی بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان هات و دوای دوو دەیە لە هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر ئەفغانستان، سەربازەكانی ئەمەریكا بە یەكجاری ماڵئاواییان لەو وڵاتە كرد.
بەگوێرەی بی بی سی، جەنەراڵ میلی لەگەڵ جەنەراڵ ئاستین وەزیری بەرگریی ئەمەریكا، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا كشانەوەی رێكوپێكی هێزەكانی ئەمەریكا لە كاتی دیاریكراویان بەرز نرخاند، ددانی بەوەش نا كە لە پرسی كشانەوەی هێزەكانیان لە هەندێك بواردا هاوكارییان لەگەڵ تاڵیبان هەبووە.
ئەو باسی لەوەش كرد كە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە ئەمەریكا لە داهاتوودا هاوكاریی هێزەكانی تاڵیبان بكات بۆ ئەوەی تیرۆر بنبڕ بكەن. یەكێك لە مەترسیدارترین ئەو گرووپە تیرۆریستییانە داعشی خوراسانە كە هەفتەی رابردوو دوو هێرشی خۆكوژی لە نزیك فڕۆكەخانە ئەنجام دا، بە هۆیەوە 170 كەس كوژران كە 13 لەوانە سەربازی ئەمەریكی بوون.
ئەمەریكا لە ماوەی دوو هەفتەدا توانی 123 هەزار كەس لە ئەفغانستان بەرێتە دەرەوە و ئەمەریكا دەڵێت، هێشتا 100 تا 200 هاووڵاتی ئەمەریكی لە ئەفغانستانن پێویستیان بەوە هەیە هاوكاری بكرێن و ببرێنە دەرەوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق